ئێران بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت چاوەڕێی بایدنە

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران فەرمانی بە وەزارەتی نەوتی ئێران کردووە، خۆیان ئامادە بکەن تاوەکو ٣ مانگی دیکە رێژەى بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن.

بەپێی میدیاکانی ئێران، پێش ئەوەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوە لە رێککەوتنى ئەتۆمیی بدات، ئێران زیاتر لە ٢ میلۆن بەرمیل نەوتی نەهاردە دەکرد، بەڵام دوای ئەوەى ترامپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە رێژەیەکی بەرچاو و  بۆ نزیکەى ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کەمی کرد.

جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا سەرکەوتنی بە دەستهێنا و چاوەڕێ دەکرێت لە ٢٠ی کانوونی دووةمي ٢٠٢١دا بە فەرمی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکادا دەست بە کار ببێت. بایدن لەبارەى ئێرانەوە رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران بەپێی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بجوڵێتەوە ئەوە دەگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکەى ساڵی ٢٠١٥ و بەوەش گوشار و سزا ئابووریەکانی سەر ئێران کەم دەبنەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاویکردەوە، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکیدا فەرمانی بە وەزارەتی نەوت کردووە، کە خۆیان بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت ئامادە بکەن.

رۆحانی رایگەیاندووە، "دەبێت وەزارەتی نەوت خۆی ئامادە بکات بۆ دەرهێنانی نەوتی زیاتر و فرۆشتنی و بۆ ئەوەش پێویستە لە ماوەی ٣ مانگ دا هەموو رێوشوێنەکان بگرێتە بەر".

ژ.ت