ژنانی ئەفغانستان بۆ مافی خۆیان دەستان بە خۆپیشاندان کرد

ژنانی ئەفغانی بۆ شەرمەزارکردنی سنوردارکردنی مافەکانیان، رژانە نێو شەقامەکان. بەڵام تالیبان بە زوترین کات دەستوەردانی کرد.

لە کابۆلی پایتەختی ئەفغانستان، ٢٠ ژن بۆ شەرمەزارکردنی سنوردارکردنی مافەکانیان لەلایەن تالیبانەوە، بە دروشمی ' نان، کار و ئازادی' چالاکیان ئەنجامدا. ژنان لەبەردەم وەزارەتی پەروەردە کۆبونەوە و بە دروشمی ' پەروەردە مافی منە' داوایان کرد، مافی خوێندن لە ژنان زەوت نەکرێت.

ژنان بەر لەوەی لەلایەن هێزە مەدەنیەکانی تالیبانەوە بوەستێنرێن، چەن سەد مەترێک ڕێپێوانیان ئەنجامدا. دواتر بەشداربوویەکی ڕێپێوانەکە بۆ میدیاکان وتی، " ویستمان بەیاننامەیەک بخوێنینەوە، بەڵام رێگەیان نەدا. تەلەفۆنی هەندێک ژن دەستیبەسەرداگیراوە و رێگەیان بە تۆمارکردنی ڤیدیۆ و دیمەنی چالاکیەکە نەدرا.

تالیبان بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان، چەند بریارێکی بەپێی دەسەڵاتی رادیکالی ئیسلامی دەرکرد. بریاردرا کە ژنان لە زۆر کار دووربکەونەوە. مافی ژنان نییە کە گەشت بکەن و منداڵانی کچ مافیان نییە لە کۆلێژ و زانکۆ و خوێندنگای ئامادەیی بخوێنن.

بریارەکان لەلایەن حەبیبواللە ئاخوندزادە سەرۆکی ئایینی تالیبان و ئەفغانستانەوە پەسەند کراوە. ژنان پێویستە بە پەچە و عەباوە کارە گشتیەکانیان ئەنجام بدەن.

بەپێی بریارنامەکە، ئەگەر زۆر پێویستە نەبێت، باشترە ژنان لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.

ف.ق