ئایا ئێران تووشبوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەشارێتەوە؟

لە ئێران ٣ نەخۆشخانەى تر بۆ بەرەنگاربوونەوى ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکران. بەکارهێنەرانى ئینتەرنێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران رایانگەیاند، لە ئێران ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو دواى پرۆسەى هەڵبژاردن راناگەیەنرێت.

بەپێى وەزارەتى تەندروستیى ئێران، لەو وڵاتەدا ٣ نەخۆشانەى تر بۆ بەرەنگاربوونەوى ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکراون. بەوەش ژمارەى ئەو نەخۆشخانانەى لە ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکراون، گەیشتە ٥ نەخۆشخانە. ٤ لەو نەخۆشخانانە لە شاری قوم و یەکێکی تریشیان لە شاری ئەراکە. ٢ لەو کەسانەى تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لە شاری قوم گیانیان لە دەستداوە.

بەپێی زانیاریی راگەیاندنە لۆکاڵییەکان، ئەو ٢ کەسەی لە شاری قوم گیانیان لەدەستداوە تەنها چەند کاتژمێر دوای ئەوەى زانراوە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، گیانیان لە دەستداوە.

عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتى ئیران لە رێگەى تویتەرەوە رایگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لیژنەیەک دروست دەکەن و فەرمانیش بۆ دروستکردنی ئەو کۆمیتەیە لەلایەن حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە دەرکراوە. رەبیعی راشیگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکە پێویستی بە هاوکاریی گشتی و هاووڵاتییان هەیە.

بەڵام هاوکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ژمارەیەکى زۆر لە بەکارهێنەرانى ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە، حکومەتى ئێران بەوە تاوانبار دەکەن، کە راستییەکان لەبارەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەشارێتەوە. شاردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ئەوەیە ئەو ڤایرۆسە کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دروست نەکات.  

ئەوەش لە کاتێکدایە چاوەڕێ دەکرێت هەڵبژاردنى پەرلەمان لەلایەن خەڵکەوە زۆر بە هێزی بایکۆت بکرێت.

یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران رایگەیاندووە، ئەو کەسانەى بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیان لە دەست دەدەن، تەنها چەند کاژمێر پێش گیان لەدەستدانیان ئەوە ئاشکرا دەکرێت، کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون. ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، کە پێشتر ڤایرۆسەکە لە کەسەکەدا دەستنیشانکراوە، بەڵام بەرپرسان بوونی ڤایرۆسەکە دەشارنەوە.

لە شاری تارانیش هەندێک رێوشوێن بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤأیرۆسی کۆرۆنا گیراونەتە بەر، کە بریتین لە تەعقیمکردن و زدەعفونیکردنی هەموو پاسەکانى هاتووچۆ و هەموو ڤاگۆنەکانى میترۆ لەو شارەدا بۆ ئەوە بەو کارانە بتوانن پێش لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە بگرن.

ژ.ت