ئۆپڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی رسوا کرا: لە دژی فاشیزم، خۆڕاگریی هاوبەش!

لە کوردستان و تورکیا ئۆپڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی رسوا و شەرمەزار کرا. لە چالاکیەکاندا بانگەوازی بۆ یەکێتی و خۆڕاگری هاوبەش کرا.

داواکاری گشتی ئەنقەرە بە بیانووی رووداوەکانی شاری کۆبانێ لە بەرواری ٦-٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە ٧ شاری تورکیا و باکوری کوردستان "لێپرسینەوەی کۆبانێ'ی دەستپێکرد. لە چوارچێوەی ئەو لێپرسینەوەیەدا بڕیاری دەستگیرکردنی ٨٢ سیاسەتمەداری هەدەپە درا. بۆ ئیدانەکردنی ئەم ئۆپڕاسیۆنە رێکخستنەکانی هەدەپە لە چەندین شار، ئەو هێز و لایەنانەی پشتیوانی هەدەپە دەکەن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، لە چەندین شاری کوردستان و تورکیا چالاکیان ئەنجامدا.

ئێلح

رێکخستنی هەدەپەی شاری ئێلح لە بەردەم ناوەندەکەیان لێدوانێکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە. ئایشە ئاجار باشاران وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە، نەجدەت ئۆپەکیوز و محمد روشتی پەرلەمانتارانی هەدەپە و چەندین ئەندام و بەرێوەبەری هەدەپە بەشداریان لەو چالاکیەدا کرد. محمد روشتو پەرلەمانتاری هەدەپە وتەیەکی پێشەکەش کرد و وتی، هەدەپە لە هەنگاوەکانی بۆ تێکۆشان دوا ناکەوێت.

پارتی مرۆڤ و ئازادی هەڵوێستی خۆی دەربڕی

ئەحمەد کایا جێگری سەرۆکی گشتی پارتی مرۆڤ و ئازادی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پارتەکەی لە ناوەندی پارتەکەیان لە شاری ئامەد لە بەرامبەر ئەو ئۆپڕاسیۆنە ناڕەزایەتی دەربڕی و رایگەیاند، هۆکاری هەموو کێشەکان، پرسی کوردە و جەختیشی کردەوە کە گەلی کورد واز لە تێکۆشانەکەی ناهێنێت.

نوێنەرایەتی پارتی مرۆڤ و ئازادی لە شاری وانیش بە هەمان شێوە ناڕەزایەتی دەربڕی و لێدوانێکیان بڵاو کردەوە. موراد بوزدەمیر نوێنەری پارتی مرۆڤ و ئازادی لە شاری وان لیدوانەکەی خوێندەوە و لە دژی ئۆپڕاسیۆنی دەستگیرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی، ئەم ئۆپڕاسیۆنە لە دژی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە.

مێردین

رێکخستنی هەدەپەی شاری مێردینیش لە بەردەم باڵەخانەی ناوەندی پارتەکەی لێدوانێکی بڵاو کردەوە و ئۆپڕاسیۆنەکەی ئیدانە کرد. مونەڤەر ئولکەر بەڕێوەبەری هەدەپەی شاری مێردین لە وتەیەکدا جەختی کردەوە کە سیاسەتەکانی دەسەڵات هیچ کات ناگەن بە ئەنجام.

شرنەخ

رێکخستنی هەدەپەی شاری شرنەخیش ویستی لە بەردەم ناوەندی پارتەکەی لێدوانێک بڵاو بکاتەوە، بەڵام هێزەکانی پۆلیس رێگەیان پێنەدا. بۆ ئیدانەکردنی ئەم کردەوەیەش، بەڕێوەبەرانی هەدەپە، چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا و دروشمیان بەرز کردەوە.

ئەنقەرە

رێکخستنی هەدەپە لە شاری ئەنقەرەش لەبەردەم ناوەندی هەدەپە لێدوانێکی بۆ راگەیاندنەکان بڵاو کردەوە. نوێنەری چەندین پارت و لایەنی جیاوازی پشتیوانی هەدەپە، بەشداریان لە بڵاوکردنەوەی لێدوانەکەدا کرد. دیلەک یڵماز بەڕێوەبەری هەدەپەی ئەنقەرە رایگەیاند بڕیاری دەستگیرکردن، لە کۆبونەوەی دوێنێ دەستەی ئەمنی نشتیمانی (مەگەکە) دا دراوە و لەسەر فەرمانی مەگەکە ئەم ئۆپڕاسیۆنە بەڕێوە چوو. یڵماز وتی، هەدەپە ترسی ناو دڵی دەسەڵاتە.

سەمسور

 رێکخستنی هەدەپەی شاری سەمسووریش بە هەمان شێوە لێدوانێکی بۆ رایگشتی بڵاو کردەوە. لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و چەندین بەڕێوەبەری هەدەپە بەشداریان لەو چالاکیەدا کرد.

لەیلا گوڤەن لە وتەیەکدا لە بەرامبەر ئۆپڕاسیۆنەکە ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی:"ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٠٩دا هاوسەرۆکی شارەوانیەکانی ئێمەیان کەلەپچە کرد، شکستیان هێنا. ئەو سەردەمە ئۆپڕاسیۆنی جەماعەت و ئەمڕۆش ئۆپڕاسیۆنی ئاکەپە و مەهەپە بەردەوامە. ئەوانەی دوێنێ دەیانوت، 'لە دەشت سیاسەت بکەن'، ئەمڕۆ رێگریان لە سیاسەتی دەشتیش کردووە. ئێوە ناتوانن رێگری لەم سیاسەتە بکەن. ئێمە وەکو هەدەپە هیوایەکمان دروست کرد. ئێوە ناتوانن چۆک بە هەدەپە دابنێن کە ١٠ هەزار ئەندام و بەڕێوەبەریتان خستووەتە زیندانەوە. کۆتایی بە ئاکەپە و مەدەپە دێت. ئەوەی لە ناوخۆ و لە دەرەوەش تووشی ئاڵۆزی بووە، تۆڵەی خۆی لە هەدەپە دەسەنێتەوە. ئەو بەربەستەی بۆ هەڵبژاردنەکان داتاننا، هەڵمان وەشاندەوە. ئێمە بووین بە هیوا، هەموو رۆژێک گەورەتر دەبین و دواجاریش سەردەکەوین. وتیان کۆبانێ کەوت، وا دەکەوێت. بەڵام کۆبانێ نەکەوت، ئەوەی راست و دروستە دیالۆگ و دانوستانە. ئێمە سواری قیتاری ئازادی بووین و دەگەین بە ئامانجمان."

روحا

رێکخستنی هەدەپەی شاری روحاش لە بەردەم ناوەندی حزب لێدانێکی بڵاو کردەوە. هەر یەک لە عومەر ئۆجالان و ئایشە سوروجو پەرلمانتارانی هەدەپە بەشداریان لەو چالاکیەدا کرد. عومەر عوجالان رایگەیاند، بەو ئۆپڕاسیۆنانە ناتوانن هەدەپە لەناو بەرن.

وان

رێکخستنی هەدەپەی شاری وانیش چالاکی ساز کرد و ئۆپڕاسیۆنی دەستگیرکردنی سیاسەتەمەدارە کوردەکانی، ئیدانە کرد. هەر یەک لە موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری شارەکە و بەڕێوەبەرانی هەدەپەیش بەشداریان لەو چالاکیەدا کرد. ئوزنور بارتن هاوسەرۆکی هەدەپەی شارەکە لێدوانەکەی بڵاو کردەوە.

ئەبەخ

رێکخستنی هەدەپەی ناوچەی ئەبەخی شاری وانیش لێدوانێکی بڵاو کردەوە و ئۆپڕاسیۆنەکەی ئیدانە کرد.

بەدلیس

رێکخستنی هەدەپەی شاری بەدلیسیش لە بەردەم ناوەندی حزب لێدوانێکی بڵاو کردەوە. رومەت دورسون هاوسەرۆکی هەدەپەی شارەکە وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، پارتەکەیان هیچ کات لە دژی زوڵم و زۆرداری سەر دانانوێنێت.

جۆلەمێرگ

رێکخستنی هەدەپەی شاری جۆلەمێرگ لە بەردەم ناوەندی رێکخستنەکە لێدوانێکی بڵاو کردەوە. سەعید دەدە پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری جۆلەمێرگ قسەی کرد و وتی:"کۆبانێ نەکەوت و ناشکەوێت. وەکو چۆن کۆبانێ نەکەوت، هەدەپەش ناکەوێت."

ئامەد

رێکخستنی هەدەپەی شاری ئامەدیش لە بەردەم ناوەندەکەی لێدوانێکی بڵاو کردەوە و دەستگیرکردنی سیاسەتەمەدارانی ئیدانە کرد. هەر یەک لە سەمرا گوزەل، رەمزیە توسون، مەحمود تورگول، دەرسیم داغ پەرلەمانتارانی هەدەپە و زەیات جەیلان هاوسەرۆکی هەدەپەی شارەکە و چەندین بەڕێوەبەری هەدەپە بەشداریان لە بڵاوکردنەوەی لێدوانەکەدا کرد.

سەرەتا جەیلان قسەی کرد و ئەو ئۆپڕاسیۆنەی ئیدانە کرد و دواتر پەرلەمانتار سەمرا گوزەل لێدوانەکەی خوێندەوە و رایگەیاند، دەیانەوێت تۆڵەی شکستەکەی کۆبانێیان، لە هەدەپە بسێننەوە.

پەرلەمانتار مەحمود تورگوتیش قسەی کرد و جەختی کردەوە کە ئەوان واز لە تێکۆشانیان ناهێنن.

ناوەندی یاساناسان: ئەم ئۆپڕاسیۆنە لە دژی یاسایە

ناوەندی گشتی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی، لێدوانێکی بڵاو کردەوە و ئۆپڕاسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی ئیدانە کرد و دژ بە یاسا لە قەلەمیدا.

دەرسیم

رێکسختنی هەدەپەی شاری دەرسیمیش وەکو رێکخستنەکانی تری هەدەپە لێدوانێکی بڵاو کردەوە. لە کۆڵانی هونەری شارەکە لێدوانەکە بڵاو کرایەوە و ئۆپڕاسیۆنەکە ئیدانە کرا. ئیبراهیم قاسم هاوسەرۆکی هەدەپەی شارەکە جەختی کردەوە کە لە دژی فاشیزم بێدەنگ نامێنن و تێکۆشانی دیمۆکراسی بەرفراوانتر دەکەن.

ز.ش