ئیسرائیل فەرماندەی ڕێکخراوی ئیسلامی جیهادی فەڵەستینی کوشت

بە بیانووی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانیانیان، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی لەدژی ڕێکخراوی ئیسلامی جیهادی فەڵەستین ئەنجامدا و فەرماندەی ئەو ڕێکخستنەی کوشت.

ڕێکخراوی ئیسلامی جیهادی ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکەیان لە غەززە و پشتراستیکردەوە بەها ئەبو عەتا فەرماندەی سەربازی ڕێکخراوەکەیان کە تەمەنی ٤٢ ساڵە و هاوسەرەکەی کوژراون.

ڕاگەیەنرا، هێرشەکە لە شاروچکەی شەجائیەی ڕۆژهەڵاتی غەززە ئەنجامدراوە.

ڕێکخراوی ئیسلامی جیهادی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان دوای هێرشەکە ئامادەکاری تەوایان کردووە و شارەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری غەززە تۆپباران دەکەن.

ئیسرائیل خۆی بۆ شەڕێکی چەند ڕۆژە ئامادە دەکات

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەدژی ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر هێرشی مووشەکی ئەنجامدراون.

هەروەها وتی، "پەیامەکەمان بۆ حەماس و ئیسلامی جیهادی بەم شێوەیەیە: نامانەوێت ئاڵۆزیەکان فراوان ببن. بەڵام ئێمە بۆ پاراستن و هەرجورە هێرشێک ئامادەین و سوپا بۆ شەڕێکی چەند ڕۆژە ئامادەکاری کردووە."

ف.ق