ئیسرائیل مانگێکى دەستکردی چاودێریی رەوانەى ئاسمان کرد

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، مانگێکى دەستکردی چاودێرییان لە بنکەیەکەوە لە ناوەندی وڵاتەکەیانەوە رەوانەى بۆشایی ئاسمان کردووە. بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، ئامانجی ئەو مانگە دەستکردە بۆ چاودێریکردنی جموجوڵەکانى ئێرانە.

بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، مانگە دەستکردەکە، بەرەبەیانی ٦ی تەممووز لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ دا هەڵدراوە بۆ بۆشایی ئاسمان.

ئاماژە بەوەشکراوە، مانگە دەستکردەکە ناوی ئۆفێک ١٦ یە و سیستمی ئیلکترۆ – ئۆپتیکای پێشکەوتوی هەیە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بێنی گانتز وتی "رەوانەکردنی مانگی دەستکردی ئۆفێک ١٦ سەرکەوتو بوو، بۆ پیشەسازیی ئاسمانی و بۆشایگەریی ئاسمانی و بە تایبەت بۆ پیشەسازیی ئاسمانیی ئیسرائیل سەرکەوتنێکى نوێی ناوازەیە".

گانتز وتی "ناچارین بۆ ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل باڵادەستی تەکنەلۆژیا و هەواڵگریمان هەبێت. ئێمە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو بەرەیەکدا توانای ئیسرائیل بەهێزتر دەکەین".

لەبارەی کار و ئەرکی مانگە دەستکردەکەوە زانیاریی زۆر بڵاوکرانەتەوە، بەڵام بەپێی میدیاکانى ئیسرائیل کاری ئەو مانگە دەستکردە چاودێریکردنی کاروباری ئەتۆمی و جموجوڵەکانى ئێران دەبێت.

ژ.ت