ئیسرائیل ژمارەیەک دەڤەری سوریای بۆردومان کرد

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ژمارەیەک دەڤەری ڕۆژهەڵاتی دیمەشقی پایتەختی سوریایان بۆردومان کرد و باسی ئەوە دەکرێت ژمارەیەک زۆر کوژراو و بریندار هەیە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی سانای فەرمی ڕژێمی سوریا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە گۆلانەوە هەندێک دەڤەری دیمەشقیان مووشەکباران کردووە.

سەرچاوەیەکی سەربازی بۆ ئاژانسەکە ئاشکرای کرد کە سیستمی بەرگری ئاسمانی سوریا ژمارەیەک مووشەکی تێکشکاندووە و لە  ئەنجامدا ٧ سەرباز برینداربوون و زیانی زۆری مادیش دروست بووە.

سوپای ئیسرائیل تا ئێستا هیچ ڕاگەیەنراوێکی بڵاونەکردووەتەوە و بە پێی مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی سوری، نزیکەی ٦ مووشەک بە شوێنی نیشتەجێبوونی لایەنگرانی ڕژێمی و میلیشیاکانی ئێران کەوتووە.

مەرسەدی سوری وتی، سیستمی بەرگری سوریا ناتوانێت مووشەکەکانی ئیسرائیل تێکبشکێنێت و ئاشکرای کرد کە ٥ پاسداری ئێران کوژراون.

ئیسرائیل لە ئازاری ٢٠١١ەوە لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە بە سەدان جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی سەر بە ئێران و چەندین جاریش بەرپرسیاری هێرشەکانی لە ئەستۆ گرتووە.

ف.ق