ئێران خوێندکارەکانی لە چین گەڕاندەوە

ژمارەیەک ئێرانی لەوانە ئەو خوێندکارانەی لە شاری ووهانی چین بوون، بە گەشتێکی تایبەتی هێڵی ئاسمانی ئێران گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک هاوڵاتی ئێرانی و خوێندکارانی ئەو وڵاتە کە لە شاری ووهانی چین دەوامی خوێندن دەکەن، گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.

بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو کەسانە بە گەشتێکی تایبەتی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئێران کە دوێنێ چووەتە چین گەڕێندراونەتەوە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

د. کیانوش جیهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، بە ڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکەی وتووە: ئەم کەسانە دوای گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانە بۆ پشکنینی دەستپێک گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی ئامادەکراو و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆردان.

جیهانپور هەروەها وتوویەتی: ئەم کەسانە لەو شوێنە تایبەتەی لە پێشەوە بۆیان دابین کراوە، بۆ دڵنیابوون لە تەندروستییان بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ لەژێر چاودێری تایبەتی تەندروستی دەمێننەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای فەرمانی حکومەتی ئێران بۆ ڕاگرتنی گەشتەکان بۆ چین و قەدەغەی هاتنە ناوەوەی هاوڵاتیانی چینی بۆ ئەو وڵاتە، باس لەوە دەکرێت هێڵێکی ئاسمانی ئێران کە سەربە سوپای پاسدارانە گەشتیارانی چینی دەگوازێتەوە و هاوڵاتیانی چینی لە شوێنە گەشتیارییەکان دەبینرێن، هەروەها بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، لە ڕۆژانی ڕابردووش لە چەندین شاری ئێران تیمەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵی کۆرۆنا لە شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە.

ز.ش