ئێران؛ لە ساڵێکدا لانیکەم ٨١٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە

لە ١٢ مانگی رابردوودا، بە هۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی لە سەر کار، ٨١٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە.دژ بەو دۆخە نالەبارەی کرێکاران، مانگرتن و چالاکیەکان تا دێت بەرفراوانتر دەبن.

لە میدیاکانی ئێراندا بە راپۆرتێک ئاماری ئەو کرێکارانە بڵآوکراوەتەوە کە بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی لەشوێنی کاردا، بوون بە قوربانیی. لەو ئامارەدا ئاشکراکراوە کە لە ماوەی ١٢ مانگی رابردوودا لانیکەم ٨١٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٤٨٦ کرێکاریش برینداربوون.

دەوترێت کە ژمارەی کرێکارانی قوربانیی لەو ژمارە زیاترە کە بلاوکراوەتەوە، بەڵام میدیاکانی ئەو وڵاتە بەشێکی زۆری رووداوی گیان لەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران بڵآوناکەنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هەوڵی جددی نادەن بۆئەوەی مەرجی سەلامەتی لەسەر شوێنی کار جێ بە جێ بکرێت.

جێگری بەرێوەبەری کۆمسیۆنی کار و تەندروستیی و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی داریوش پەناهیزادە ئاشکرایکردووە کە تەنها ساڵی پار زیاتر لە ٣٠ هەزار رووداو لەسەر شوێنی کار روویان داوە کە زۆربەیان بوونەتە هۆی برینداربوونی دەست و چاوی کرێکاران.

بە پێی ئاماری فەرمیی لە سەدا ٤٠ی رووداوەکانی سەر شوێنی کار تالوکە دەکرێن و رۆژانەش زیاتر لە ١٠٠ کرێکار بریندار دەبن.

هەر لەو راپۆرتەدا ئاشکرا کراوە کە ئێران لە ریزبەندیی ئەو وڵاتانەی کە گرنگی بە مەرجی سەلامەتیی دەدەن لە سەر شوێنی کار، زۆر لە دواوەیە و ژمارە ١٠٢ هەمینە.

کرێکارانی ئێران لە رەوشێکی نالەباردا ژیان بەسەردەبەن. ساڵی ٢٠١٧ دیاریکرا کە کرێکارێک لە ئێران مانگانە بڕی ١٨٣ یۆرۆ پەیدا دەکات، لە کاتێکدا کە هەر کرێکارێک مانگانە بڕی ٤٩٥ یۆرۆی پێویستە بۆئەوەی بە برسێتیی نەمێنێت.

 لەناو کرێکارانیشدا، ژنانی کرێکار دۆخێکی نالەبارتریان هەیە. بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە نیوەزیاتری کرێکارانی کارگەکان ژنانن و مانگانە هەقی کاریان بە تەواوەتیی پێ نادرێت.