ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز دەکات

ئیسماعیل کەوسەری، جێگری فەرماندەی بڕیارگەی سارەڵای ئێران، کە یەکێکە لە گەورەترین بڕیارگەکانی سوپای پاسداران-ی ئێرانە، دەڵێت، کە ئەگەر پێویست بێت تەنگەی هورمز بۆ گواستنەوەی نەوتی جیهانیی دادەخەن.

 

کەوسەری لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی دیکە، دوێنێ ڕایگەیاند، ئەگەر شتی وابکەن ئێمەش ڕێگانادەین، کە نەوت لە تەنگەی هورمزەوە بۆ هیچ شوێنێکی جیهان هەناردە بکرێت.

کەوسەری ڕاشیگەیاندووە: ٢٠٪ نەوتی جیهان لە کەنداوی فارسەوە بۆ شوێنە جیاوازەکانی جیهان هەناردە دەکرێت، ئەگەر ئەمریکا کردەوەیەکی دوژمنانە بکات، باجی قورسی لێدەکەوێتەوە.

کاردانەوەی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران بەرامبەر بە قسەکانی ترامپە، کە وتبووی ڕێگانادەن ئێران نەوت بۆ دەرەوە هەناردە بکات، وەزرەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو، کە تا ئێستا ٥٠ وڵات ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بگەیەننە نزمترین ئاست، بەم شێوەیە دەکرێت کارێک بکەین کە هەناردەی نەوتی ئێران بگاتە سفر.

چاودێرانی سیاسیش لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ئەگەر ئێران هەوڵی داخستنی گەروی هورمز بدات، ئەگەری دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا زیاتر دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی ناوگانی پێنجی ئەمریكا ئاشكرای كرد، هاوردە و هەناردە كردنی كاڵا لە رێگای تەنگەی هورموزەوە یارمەتی بە گەشەی ئابووری جیهان دەدات و هیچ وڵاتێك ناتوانێ‌ پێش بەو گەشەیە بگرێت.

لەلایەكی دیكەوە "جورج لیتل" وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بە ماڵپەڕی رادیۆ فەردای راگەیاندووە، هەر وڵاتێك بیهەوێ‌ هەڕەشەی هاتوچۆ لە كەشتییە نێودەوڵەتییەكان بكات، لەناو كۆمەڵگای جیهاندا جێگای نابێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا وتیشی، هێزەكانی ئەمریكا لە ئاوەكانی رۆژهەڵاتی ناڤیندا بەرپرسایەتی دابین كردنی ئاسایشیی  لە ئەستۆیە و هیچ لایەنێك ناتوانێ‌ ئەو ئاسایشە تێك بدات.

ک-ش