ئێران و سوریا لەسەرهاوکاری سەربازیی ڕێککەوتن

عامر خاتەمی وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانێکی دوو ڕۆژەدا بۆ شام/دەمشق-ی پایتەختی سووریا ڕێکەوتننامەی هاوکاری سەربازیی نێوان هەردوو وڵاتی مۆر کرد.

دوێنێ یەکشەممە وەزیری بەرگری ئێران عامر خاتەمی سەردانی شامی پایتەختی سوریای کرد. عامر خاتەمی لەلایەن سەرۆکی دەوڵەتی سوریا بەشار ئەسەدەوە پێشوازی لێکرا.

بە گوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی هەواڵیی تەسنیم، لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا، ڕێککەوتننامەی هاوکاریی سەربازیی مۆر کرا. بەڵام لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکەوە زانیاریی ورد بڵاو نەکرایەوە.

ئەو سەردانە و مۆرکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە لەکاتێکدایە کە ئەمەریکا فشارەکانی خۆی لەسەر ئێران، بە تایبەتی لەبارەی دەستتێوەردانەکانی ئێران لە کاروبار و جەنگی سوریادا، زیاتر کردووە.

هەفتەی پێشوو ڕاوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی سەرۆکی ئەمەریکا جۆن بۆلتۆن داوای لە ئێران کردبوو کە هێزەکانی خۆی لە سووریا بکشێنێتەوە.

بەرپرسانی باڵای ئێران ڕایانگەیاندبوو کە هێزەکانیان لە سووریا ناکشێننەوە،‌ چونکە لەسەر داوای شام/دەمشق هێزیان بردووەتە ناو سووریاوە و بە نیازیش نین کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هێزەکانیان لە سووریابکشێننەوە.

بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە هەتا ئێستا زیاتر لە هەزار سەربازی ئێرانی لە شەڕی سووریادا کوژراون کە ئەفسەری پلەباڵای محافزەکانی شۆرشیشیان تێدابووە. بەڵام دەوترێت کە ئەو ڕێژەیە لەوەش زیاترە.

ک-ش