ئێران ڕەتیدەکاتەوە فڕۆکە ئۆکرانیەکە بە مووشەک کەوتبێتە خوارەوە

سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران ڕەتیدەکاتەوە فڕۆکە ئۆکرانیەکە بە موشەک کەوتبێتە خوارەوەو ڕاشیدەگەیەنێت، فڕۆکەکە خۆی ئاگری گرتووە.

عەلی عابدزادە سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە تاران ڕایگەیاند: ئەوەی لێی دڵنیاین ئەوەیە کە فڕۆکەکە بە موشەک نەکەوتووەتە خوارەوە.

عابدزادە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە لێکۆڵینەوەکانیان لە "سندوقە ڕەشەکە" گرنگەو سندوقەکە زیانی بەرکەوتووە، داواشی لە کۆمپانیای بۆینگ کردووە کە یارمەتی ئێران بدات لە لێکۆڵینەوەکان.

ئەو بەرپرسە ئێرانیە ڕاشیدەگەیەنێت: ئێمە دڵنیایی دەدەین کە بۆ ماوەی ٦٠ تا ٧٠ چرکە فڕۆکەکە ئاگر دەگرێت، بەڵام لەلایەنی زانستیەوە ڕاست نییە کە بگوترێت شتێک بەر فرۆکەکە کەوتووە.

جێگای ئاماژەیە، فڕۆکەی بۆینگی ئۆکرانی کە ١٧٦ سەرنشینی هەڵگرتبوو، لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە لە تاران لە کاتی فڕینیدا کەوتە خوارەوە، تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.

کەسانەی لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەستدا جگە لە کورد، خەڵکی هەریەک لە وڵاتانی ئێران، ئۆکرانیا، کەنەدا، ئەفغانستان، بەریتانیا و سویدی لەخۆگرتبوو.

ڕووداوەکە لە کاتێکدابوو کە هاوکاتی هێرشی موشەکی ئێران بۆ سەر دوو بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق بوو، لەم بارەشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند دیمەنێک بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەو فڕۆکە ئۆکرانیە بە موشەکەکانی ئێران کەوتووەتە خوارەوە بەڵام تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ب.ش