ئەرمینیا تورکیای تۆمەتبار کرد و ئازەربایجانیش داوای گفتوگۆ دەکات

سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا دەڵێت، تورکیا هۆکار بووە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەوان و ئازەربایجاندا لەسەر هەرێمی ئەرتساخ.

نیکۆڵ بایشنیان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، تورکیا پاڵپشتی سەربازیی ئازەربایجانی کردووە لە دژی ئەرمینیا و هەرێمی ئەرتساخ.

بایشنیان وتیشی، ئەگەر جموجوڵی قورسی تورکیا نەبووایە، ئەم شەڕە دەستی پێنەدەکرد، “ئەوە تەنها هەڵکشانێکی نوێ نییە لە ئەرتساخ، بەڵکو پرۆسەیەکە کە بە جموجۆڵێکی گەورەی گروپە تیرۆریستییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە ناوچەی ململانێدا دیاریکراوە و بووەتە ئۆپراسیۆنێکی دژە تیرۆر لەلایەن هێزەکانی ئەرمەنەوە”.

ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئەنقەرە بە پشتیوانی سوپای ئازەربایجان چەتە و بەکرێگیراوانی لە سوریاوە بڵاوکردەوە و سەرۆکی فەرەنساش بە “تیرۆریست” وەسفی کردن و جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا “هێڵی سووری بەزاندووە”.

ئەرمینیا هێزەکانی تورکیا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە ئەرتساخ شەڕی ڕاستەوخۆ دەکەن بەتایبەت بە فڕۆکەی ئێف١٦ و بە قورسی تێوەگلاون لەو شەڕەدا.

باشینیان لەبارەی کوژرانی نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ئەرمەنی لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا لە جەنگی جیهانی یەکەم وتی، تورکیا بۆ ئەوە گەڕایەوە قەوقاسی باشور تا کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان بەردەوام بکات.

هەروەها متمانەی خۆشی دەردەبڕیت کە ڕوسیا دەستی یارمەتی بۆ ئەرمەنستان درێژ دەکات ئەگەر ڕاستەوخۆ لەناو خاکەکەیدا هێرشی کرایەسەر، ئەوەش بەپێی هاوپەیمانێتییەکی سەربازی کە لەنێوان هەردوو ولاتدا هەیە.

وتیشی، ئەگەر ئاسایشی ئەرمینیا سازشی لەسەر بکرێت، پابەندبوونی ڕوسیا لە چوارچێوەی پەیمانەکەدا دەکەوێت، “دڵنیام لەوەی ڕوسیا پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات ئەگەر دۆخەکە پێویست بێت”.

ئازەربایجان داوای گفتوگۆ دەکات

سەرۆکی ئازەربایجان ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەرمینیا، سەرۆکی ڕوسیاش پابەندی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئەرمینیا دووپاتکردەوە، کرملنیش نیگەرانیی خۆی لەبارەی هێنانی چەتە سورییەکان بۆ ئازەربایجان دەربڕی و بە هەڕەشەیەکی گەورەی نابرد.

دواجار ئیلهام عەلیێف سەرۆکی ئازەربایجان، ئامادەیی نیشاندا بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ ئەرمینیا لەسەر هەرێمی کێشە لەسەری ئەرتساخ لە وای هێوربونەوەی دۆخەکە، دووپاتیشیکردەوە تورکیا و ڕوسیا دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنیی بگێڕن لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

ئەو لێدوانەی عەلیێف دوای زیادبوونی فشارەکانی ئەوروپا بۆسەر تورکیا و تەنیاکەوتنی ئازەربایجان دێت لەو شەڕەی کە لەگەڵ ئەرمینیا بە پاڵپشی تورکیا دەستیپێکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی دوو ڕۆژە سوپای ئەرمینیا گورزێکی کوشندەی لە سەربازانی ئازەربایجان داوە و لە چەندین لاوە پاشەکشەی پێکردوون.

لای خۆیەوە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا تەئکیدی لە ئامادەباشیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەجێهێنانی پابەندبوونەکانی ڕوسیا بۆ ئەرمەنستان وەک هاوپەیمانێتیەک لە چوارچێوەی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی گشتییدا، هەروەها ئەوەی خستەڕوو، کە ئێستا دوژمنایەتی لەسەر خاکەکەی ڕوودەدات.

سەرۆکی ڕوسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی یەکی ڕووسی باسی لەوە کرد، ئەرمینیا ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی گشتییە، ڕوسیاش ئێمە پابەندیەکی دیاریکراوی هەیە بەرامبەر بە ئەرمەنستان لەژێر ئەم پەیماننامەدا.

وتیشی، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە پەیوەندی بەردەوامدایە و تا ئێستا ئەرمینیا هیچ داواکارییەکی نەبووە لەبارەی پابەندبوونی ڕوسیا بە هاوپەیمانێتییەکەیان، هیواشی خواست کە بەزووترین کات ئەو ململانێیە کۆتایی پێبێت.

هاوکات، کۆشکی کرملن پاڵپشتی خۆی بۆ وتەکانی پوتن دەربڕی و ڕایگەیاند، پابەندییەکەی ڕوسیا پەیوەندیی بە ناوخۆی ئەرمینیاوە هەیە نەک هەرێمی ئەرتساخ، بەڵام ئەگەر بێتو مەترسیی ڕوبەڕووی بێتەوە، بە دڵنیاییەوە دەستوەردان دەکەن.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملن هۆشدارییدا کە چەتەکانی سوریا لە ناوچەی جێناکۆک هەڕەشەیەکی گەورەیان دروستکردووە، ئەوەش نیگەرانییەکی قووڵی لەلای مۆسکۆ دروستکردووە.