ئەمریکا سەرۆکی دەزگای دادی ئێرانی خستە ناو لیستی رەشی داراییەکان

دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا، بەدواخستنی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژ درێژکردەوە، هاوکات سەرۆکی دەزگای دادی ئێران و چەند کەسایەتییەکی دیکەشی خستە ناو لیستی بایکۆتەکانەوە، ئێرانیش دەڵێت وەڵامی ئەو بڕیارەی ترامپ دەداتەوە.

شەوی ڕابردوو، ترامپ وتارێکی پێشکەش کرد، دواخستنی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی بە دانانی چەند مەرجێک درێژکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران و بەڕێوەبەری زیندانی ڕەجایی­شار و چەند بەرپرسێکی پەیوەندیدار بە ئینتێرنێتی ئێرانی خستە ناو لیستی بایکۆتەکانی ئەمریکاوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی ترامپ بۆ بایکۆتکردنی ئەو بەرپرسە حکومییانە، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەووە و ڕایگەیاند: بایکۆتکردنی لاریجانی بەزاندنی هەموو هێڵە سوورە نێودەوڵەتییەکانە، لە داهاتووشدا کاردانەوەی جدی ئێرانی بەدوادادێت.

بۆ درێژکردنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانیش، ترامپ وتی: ئەگەر ئێران بچوکترین پێشێلکاریی بکات لە ئاست پابەندییەکانی، ئەو بایکۆتانە دەگەڕێنەوە.

پاش بڕیارەکەی شەوی ڕابردووی ترامپ، سادق لاریجانی، باڵاترین بەرپرسی ئێرانییە کە ناوی خراوەتە لیستی بایکۆتە داراییەکانی ئەمریکاوە.