ئەمریکا: سەرۆکی قاعیدەی یەمەن بە فەرمانى ترامپ کوژرا

کوشکی سپی رایگەیاند، قاسم ریمی دامەزرێنەر و سەرۆکى گروپی قاعیدە لە یەمەن بە فەرمانى دۆناڵد ترامپ کوژراوە.

دواى ئەوەى بە فەرمانى دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپای قودسی ئێرانی کوژرا، بە فەرمانى ترامپ، دامەزرێنەری گروپی قاعیدەش لە یەمەن کوژرا.

لە راگەیاندراوى کۆشکی سپی لەوبارەیەوە هاتووە "بە فەرمانى سەرۆک دۆناڵد ترامپ و لە ئۆپراسیۆنى دژە تیرۆریستیدا لە یەمەن، قاسم ریمی دامەزرێنەری گروپی قاعیدە و و سەرۆکی ئەو گروپە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی کوژرا".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بە کوشتنی قاسم ریمی گروپی قاعیدە لە یەمەن و ناوچەکەدا لاوازتر دەبن. بەوەش ئامریکا زیاتر لە ئامانجەکەى خۆی نزیکبووەتەوە، کە لە ناوبردنی ئەو گروپانەن، کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیى ئەمریکا.

بەپێى ئەو زانیاریانەى لە ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، ریمی لە ساڵانى ١٩٩٠دەکاندا لە ئەفغانستان بووە و لەو کاتانەشدا ئوسامە بن لادن سەرۆکی گروپی قاعیدەش لەوێ بووە. ریمی دواى ماوەیەک باڵی قاعیدەی لە یەمەن دروستکردبوو.

گروپەکەى ریمی بەرپرسیاریی هێرشەکەى مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ سەر ویلایەتى فلۆریدای ئەمریکا گرتبووە ئەستۆ، کە لە دژی بارەگای دەریایى پێنساکۆلا ئەنجامدرابوو و بەو هۆیەوە ٣ سەربازی ئەمریکی کوژرابوون.

ژ.ت