ئەمنستی: لە ئێران زیاتر لە ١٤٣ کەس کوژراون

لە ئیران ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر لەبەرامبەر سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گەل دەستی بە ڕاپەڕین کرد و ڕاگەیەنرا، تا ئیستا زیاتر لە ١٤٣ کەس کوژراون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کە لە ١٥ی تشرینی دووەمەوە لەدژی بەرزکردنی نرخی بەنزین دەستیپێکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی خۆپیشانداندا کوژراون، لە پێشبینیەکان زیاترە. بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکە زیاتر لە ١٤٣ کەس کوژراون.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکرد، پیشتر ڕاگەیەنرابوو، ١٠٦ کەس لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕژێمدا کوژراون و داوای کرد کۆمەڵگای نیودەوڵەتی بەرامبەر هێرشی هێزەکانی ڕژێم بێدەنگ نەبێت و باسی ئەوەشکرا، پێدەچێت ژمارەی کوژراوەکان زیاتر بێت.

ڕژێمی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات، خۆپیشاندانەکان کاری تێکدەری و پلانی هێزە دەرەکیەکانە. لە تارانی پایتەخت دوێنی خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری ڕژێم ئەنجامدرا. لە خۆپیشاندانەکەدا جەنەڕاڵ حسێن سەلامی قسەی کرد و وتی، "ئەم شەڕە کۆتایی پێهات. لە خۆپیشاندانەکەدا دروشم لەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل وترانەوە.

ف.ق