ئەمنستی: لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ٣٠٤ کەس کوژراون

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕاپۆرتێکی دیکەی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە خۆپیشاندانەکاندا ٣٠٤ کەس کوژراون.

ئەمڕۆ ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی "ئەمنستی ئینترناشنال"، نوێترین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە مانگی ڕابردوو بەڕێوەچوو بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکەی ئەمنستی، تەنیا لە ڕۆژانی ١٥ بۆ ١٨ی مانگی ڕابردوو، لە خۆپیشاندانەکاندا ٣٠٤ کەس کوژراون و هەزاران کەسیش بەهۆی هێرشی توندی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە، لە سەرتاسەری ئێران برینداربوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە: "بەپێی گێڕانەوەی دڵهەژێنی شایەتحاڵەکان، دەوڵەتی ئێران بە پیلانێکی بێبەزەییانە و بەربڵاو، ڕێگەی لەوە گرتووە کە مرۆڤەکان لەسەر ئەو ڕووداوانە قسە بکەن".

بەپێی ڕاپۆرتەکە، "ئەو ڤیدیۆیانەی کە ڕاستیی و جێی باوەڕبوونیان بۆ لێبۆردنی نێونەتەوەیی پشتڕاست بووەتەوە و وتەی شایەتحاڵەکانیش مۆری ڕاستییان لێداوە، نیشانی دەدات کە هێزە ئەمنییەکان، بەشێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لەو خۆپیشاندەرانە کردووە کە هیچ مەترسییەکیان بۆسەر کەس نەبووە".

ئەمنستی هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە "لە کاتی خۆپیشاندانەکان و دوابەدوای ئەوە، هەزاران خۆپیشاندەر، ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و خوێندکار، دەستگیرکراون".

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ١٨٠ کەس لەو کەسانەی دەستگیرکراون لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە تۆمەتی "سەرکێشی خۆپیشاندانەکان" خراوەتە پاڵیان و هەڕەشەی سزادان بە مردن لەسەریانە.

ئەمنستی لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: دەوڵەتی ئێران بە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، هەوڵیداوە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی هەواڵ، ڕاپۆرت، وێنە و ڤیدیۆیی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکان بگرێت و بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ بە تەواوەتی ئینتەرنێتی بڕیوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی ئەمنستی ئینترناشنال هاتووە: هێزە ئەمنییەکانی ئێران یەک مانگ دووای خۆپیشاندانەکاندا، هێشتاش لە سەرتاسەری ئێران، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین بەڕێوەدەبات تا کەسانێک لە ماڵ یان شوێنی کاری خۆیان دەستگیر بکات.

ف.ق