ئەمنستی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا: ٢٠٨ خۆپیشاندەر لەلایەن ئێرانەوە کوژراون

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە چوارەمین ڕاپۆرتی خۆیدا لەسەر ئاماری گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژرانی ٢٠٨ خۆپیشاندەری پشتڕاستکردەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی ئینترناشنال)، دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر ژمارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی مانگی ڕابردووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەمنستی هاتووە: لە خۆپیشاندانەکەی ئەم دواییەی ئێران بە لانیکەمەوە ٢٠٨ کەس کوژراون، ئەم ئامارە لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بە دەستهاتووە و پێمانوایە ژمارەی ڕاستی کوژراوەکان لەم ژمارەیە زیاترە.

ئەمنستی لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڕەشە لە خانەوادەی قوربانییەکان کراوە کە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان قسە نەکەن و پرسە و مەراسیمی بە خاکسپاردن بۆ ئازیزەکانیان بەڕێوەنەبەن و پشتڕاستی کردووەتەوە کە کاربەدەستانی ئەمنی ئێران، بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی خۆپیشاندەران، داوای پارەیەکی زۆر لە خانەوادەکانیان دەکەن و ناچاریان دەکەن ئەو پارەیە بدەن.

ئەمنستی جارێکی دیکەش جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە پشتبەستن بە ئەنجامی  لێکۆڵینەوە و تاووتوێکردنی ڤیدیۆ و وێنە تۆمارکراوەکان، بۆمان پشتڕاست بووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە چەکی جەنگی خۆپیشاندەرانی سڤیل (بێ چەک)ـیان کردووەتە ئامانج.

ئەمنستی لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە زانیارییە بەڵگە کراوەکانی خۆی، لەسەر بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ سەرچاوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لەوانە؛ خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ کۆکردووەتەوە و دوای ئەوە ڕاستی زانیارییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەروەها فیلیپ لوتر، بەڕێوەبەری بەشی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای ئەمنستی ڕایگەیاند: پشتڕاست بوونەوەی کوژرانی ٢٠٨ کەس لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک، نیشانەی کوشتاری دڕندانەی خۆپیشاندەرانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران و بێ بایەخ بوونی گیانی مرۆڤەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەسەلمێنێت.

لوتر هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە کاربەدەستانی ئێرانی لە بەرامبەر کردەوەکانی خۆیان وەڵامدەربن و داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە کە دەوڵەتی ئێران ناچار بە وەڵامدانەوە بکەن، چونکە دەسەڵاتی ئێران ڕێگە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێلایەن لەسەر کوشتاری خۆپیشاندەران نادات.

جێگای ئاماژەیە کە "ئەمنستی ئینتر ناشنال" ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا ئاشکرایکردبوو کە ١٦١ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

ف.ق