ئەمڕۆ ٣٩ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی شەڕی عێراق و ئێران دا تێدەپەڕێت

رۆژی ٢٢ی ئەیلولی ١٩٨٠/٣١ی خەرمانان هێزەکانی رژێمی سەدام هێرشیان کردە سەر چەند شار و شارۆچکەیەکی ئێران و شەڕێکی ٨ ساڵە دەستیپێکرد، کە سەدان هەزار کوژراو و بریندار و بێسەروشوێنکراوی لێکەوتەوە. ئەمڕۆش ٣٩ ساڵ بەسەر ئەو شەڕەدا تێدەپەڕێت.

عێراق و ئێران دوو دراوسێی دژ بە یەک

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، لە ئەنجامی شەڕ و ململانێی چەندین ساڵەی نێوان عوسمانی و سەفەوییەکاندا، عوسمانییەکان لە سەدەی ١٦ و ١٧ دا عێراقیان داگیر کرد. بە رێککەوتنی زەھاو لە ساڵی ١٦٣٩ سنووری کۆتایی قەلەمڕەوی خۆیان جێگیر کرد. لە ساڵی ١٩٣٧ ئێران و عێراقی تازە سەربەخۆ، پەیماننامەیەکیان ئیمزا کرد بۆ کۆتایھێنان بە کێشەکانیان. لە ھەمان ساڵدا، ئێران و عێراق ھەردووکیان چوونە پاڵ ڕێککەوتنامەکەی سەعدئاباد و لە پەیوەندیى ئاسایدا بوون.

ساڵی ١٩٣٧ دا پەیماننامەی ناسینەوەی سنوور لەنێوان ئێران و عێراقدا بەسترا بۆدیاری کردنی سنوور لە شەتەلعەرەبدا کە بەدرێژایی ئاوە نزمەکانی بەری ڕۆژھەڵات جگە لە ئابادان و خوڕەمشەھر بوو بە سنووری عێراق و ناونرا تالویگ. عێراق تەواوی ڕێگا ئاوویەکانی لەدەستدا بوو ھەرکات کەشتییەکی ئێرانی تێپەڕ ببوایە دەبوایە باجی بدایە. ساڵی ١٩٥٥ ھەر دوو دەوڵەت چونە پاڵ پەیماننامەی بەغداد، بەڵام لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی ھاشمییەکان لە ساڵی ١٩٥٨ یەکسەر عێراق پەیماننامەکەی پشت گوێخست.

لە ١٨ کانونی یەکەمی ١٩٥٩ سەرۆکی نوێی عێراق ژەنەراڵ عەبدولکەریم قاسم ڕایگەیاند "ئێمە ناخوازین کەسێکی دیکە جگە لە خێڵە عەرەبەکان نشتەجێببێت لە ئەھواز و خوڕەم شەھر، عوسمانییەکان خوڕەم شەھریان دابووە ئێران کە خاکی عێراق بوو".

ھەڵوەشانەوەی پەیمانە سەرەتاییەکان لەلایەن ئێرانەوە بووە ھۆی ڕوودانی گرژی و توندوتیژی لەنێوانیاندا. لە ساڵی ١٩٦٩ سەدام حوسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "کێشەی عێراق لەگەڵ ئێران پەیوەستە بە خوزستانەوە کە بەشێکە لە خاکی عێراق و لەکاتی حکومی بیانیدا دراوەتە ئێران".

ساڵی ١٩٧١ عێراق پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند. ئیران دەستی گرت بەسەر دورگەکانی ئەبوموسی و تونبی گەورە و تونبی بچوک لە پاش کشانەوەی بەریتانیا. لە تۆڵەی داواکردنی عێراق بۆ خوزستان. ئێران و عێراق لە دژی یەکتری یارمەتیى ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی و هێزە چەکدارەکانى دژ بە کیان دەدا.

لە ئاداری ١٩٧٤ تا ئاداری ١٩٧٥ بەهۆی هێرشی عێراقەوە هەندێک پێکهەڵپژانی سنووری لە نێوان عێراق و ئێران ڕوویاندا. لەو کاتەدا ئێران عێراقییەکانی شکاند و لە ئەنجامدا عێڕاق بڕیاریدا لەجیاتی جەنگ ڕێکبکەوێت لەگەڵ تاران، ئەوەیش بە ئامانجی وازهێنانی ئێران لە یارمەتیدانی کورد.

رێککەوتنی  جەزائیر و رۆڵی جەزائیرییەکان

دوای ئەوەی لە رۆژی ٦ی ئازاری ١٩٧٥/ ١٥ی ڕەشەمە، لەمیانەی کۆنفرانسی ئۆپیک لە جەزائیر ڕێککەوتنی جەزائیر لە نێوان سەدام حسێن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق و محەمەد رەزا شا، شای ئێران ئیمزا کرا.

 د. حوسێن شەهید زادە، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٦، لە یاداشتەکانیدا لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەوە دەنووسێت: "ئەو رێککەوتنە بە هاوکاری و کۆششی (هواری بومدیەن) سەرۆک کۆماری جەزائیر بەئاکام گەیشت، سەرکردەکانی ئێران و عێراق تەبا بوون لەسەر ئەوەی ناکۆکییەکان لەبارەی سنوورە ئاوی و وشکانییەکان (شەتولعەرەب) و ئاسایشی سنوور (پرسی کورد) بە یەک پاکێج چارەسەر بکەن، بڕیار درا کۆمیسیۆنێکی هاوبەش لە نوێنەرانی هەردوو وڵات و بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتی جەزائیر پێک بهێنرێت".

هەروەها دەشنووسێت: "لە ١٥ی ئاداری ١٩٧٥/ ٢٤ ڕەشەمە، ئەو کۆمیسیۆنە هاوبەشە لە تاران پێکهێنرا، لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی وەزارەتی دەرەوە، لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی جەزائیر رەنگڕێژی بەرنامەی کارەکانیان کرد، بۆ ئەوەی پەیماننامەیەکی سنووری و دراوسێ دۆستی لێ بکەوێتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە ١٣ سەعاتی خایاند، چەندین جار نوێنەرانی ئێران و عێراق بەتوندی رووبەڕووی یەک دەبوونەوە، ئەگەر (عەبدولعەزیز بوتەفلیقە) وەزیری دەرەوەی جەزائیر ئامادە نەبوایە، رەنگە گفتوگۆکان شکستی بهێنایە یان ئاستەنگی تێ کەوتبا. بوونی دەستەیەکی جەزائیری شارەزا لە بواری یاسایی و سنووری نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوە یەک لەدوای یەکەکانی بەغداد و تاران، (پەیماننامەی جەزایر)ی لە حوزەیرانی ١٩٧٥ لێ کەوتەوە، کە زۆر کاریگەر و بەرهەمدار بوو. ئەگەر جەزائیرییەکان نەبوونایە ئەم جارەش دیدارەکان بە بنبەست دەگەیشتن و ئەم کێشە ٣٠٠ ساڵییە وەک خۆی دەمایەوە".

لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەیدا لەبارەی پێگەی کورد لەو رێککەوتنە دەنووسێت: بەهۆی ئەوەی عێراق لە شەڕی چەندین ساڵەی لەگەڵ کوردەکان سەرکەوتوو نەبوو، لە رووی سیاسی - کۆمەڵایەتی هەروەها لە رووی داراییەوە لەژێر گوشاردا بوو، بە دوای دەرچەیەکی ئاساییشدا دەگەڕا تاکوو بتوانێت باشتر و زیاتر ئامانجەکانی بەدی بهێنێت. درێژەکێشانی شەڕ لە دژی کورد لە هەموو روویەکەوە بەتایبەتی لە رووی داراییەوە دەوڵەتی لاواز کردبوو. لەو دەمەشدا ئێران سوپایەکی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەبوو، بۆیە عێراق نەیدەویست دۆخەکە بگاتە قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی.

سوپای عێراق لە رووی ژمارە و چەک و جبەخانەوە زۆر لەپێشتر بوو بەراورد بە جەنگاوەرانی کورد، بەڵام نەیدەتوانی بەسەریاندا سەربکەوێت. پێشتر دەوڵەتی ناوەندی چەندین جار لەگەڵ چەکدارانی مەلا مستەفا بارزانی رێک کەوتبوو، بە بەخشینی مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد و بەشداری پێکردنیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەڵام ئەو بەڵێن و بڕیارانە تەنها رواڵەت بوون و راستگۆیانە جێبەجێ نەکران.

دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی جەزائیر، سەرکردایەتیى ئەو کاتی کورد ئاشبەتاڵی بە ١٤٠هەزار پێشمەرگە و چەکی پێ فڕێدان و وەکو پەنابەر ڕوویان لە ئێران کرد.

هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی جەزائیر و دەستپێکردنی شەڕ

سەدام حسێن سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق یەکلایەنە رێککەوتنی جەزائیری لەگەڵ ئێران ھەڵوەشاندەوە. رۆژی ٤ی ئەیلولی ١٩٨٠/١٣ی خەرمانان، چەند وردە پێکدادانێک لەنێوان هێزەکانی عێراق و ئێران ڕوویدا، بەشێوەیەکی رەسمی شەڕەکە لە ڕۆژی ٢٢/٩/١٩٨٠ بە هێرشێکی فراوانی سوپای عێراق بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئێران ڕاگەیاندرا، کە لە ئەنجامدا چەندین شار و شارۆچکەی ئێران لە رۆژئاوا و باشووری ئێران کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی عێراق، کە لە رۆژئاوا تا نزیک کرماشان چوون، لە باشووریش شارەکانی محەمەرە و ئابادان و چەندین شارۆچکە و گوند داگیر کران.

بەرلەوەی شەڕ دەستپێبکات عێراق و ئێران ناکۆکی درێژخایەنیان ھەبوو لە سەر سنوورەکانی نێوانیان بە تایبەتی ئاوی شەتولعەرەب، ھۆکاری تەقینەوەشی لەوکاتەدا تۆمەتبارکردنی ئێران بوو لەلایەن عێراقەوە بە ھەوڵدان بۆ ھەناردەکرنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ عێراق و وڵاتانی دیکە، تازە تەنها ساڵێک بوو ئەو شۆڕشە حوکمی تارانی گرتبووە دەست. سەرەتا عێراق هێرشی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئێران کرد و شەڕ لە بەرژەوەندی عێراق بوو، لە هێرشی یەکەمیدا چەند ناوچەیەکی ئێرانی داگیرکرد.

 بەھۆی ئەو شەڕەوە زیانێکی زۆر بەر کورد گەیشت. ھەم لە باشوری کوردستان ھەمیش لە رۆژھەلاتی کوردستان، چونکە بەشێکی زۆری سنووری عێراق و ئێران لە خاکی کوردستاندا بوو. بەشێکی شەڕەکانیش لە کوردستان روویاندا. یەکێک لەو ڕووداوانەش کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە بوو لەلایەن فڕۆکەکانی رژێمی بەعسی عێراقەوە.

زیانەکانی شەڕەکە

"بییر ڕازاو"، توێژەری فەڕانسی، ئاماری زیانەكانی شەڕی نێوان عێراق و ئێرانی لە لێکۆلینەوەیەکدا خستوەتەڕوو،  لە كتێبێكدا لەژێر ناوی "شەڕی ئێران و عێراق"، كە لە زانكۆی "هاروارد" چاپ كراوە، باسی زیانە ئابوورییەکانی هەر دوولای کردووە.

بەشێک لە ئامارەکان بەم شێوەیە:

زیانە ئابوورییەکانی عێراق:

 ١٦٠ میلیارد دۆلار وەک داهاتی نەوت (٣٥٪)

قەرزی تێچووەکانی شەڕ، ١١٠ میلیارد دۆلار (٢٤٪)

 وێرانبوونی ژێرخان، ٩٠ میلیارد دۆلار (٢٠٪)

 كڕینی پێداویستیی شەڕ، ٨٠ میلیارد دۆلار (١٨٪)

 قەرەبووی خێزانی كوژراو و برینداران، ٩ میلیارد دۆلار (٢٪)

 دروستكردنی بۆڕی نوێی گواستنەوەی نەوت، سێ میلیارد دۆلار (١٪)

كۆی زیانەكانی عێراق لەو شەڕە، ٤٥٢ میلیارد دۆلاری ئەمریکی بووە.

زیانە ئابوورییەكانی ئێران:

زیان لە داهاتی نەوت، ٣٥٠ میلیارد دۆلار (٥٤٪)

 وێرانبوونی ژێرخان، ١٨٠ میلیارد دۆلار (٢٨٪)

 زیان لە داهاتی پیشەسازی، ٣٥ میلیارد دۆلار (٥٪)

 قەرەبووی خێزانی قوربانی و بریندارانی شەڕ، ٢٥ میلیارد دۆلار (٤٪)

 تێچووی كڕینی كەرەستەی سەربازی، ٢٠ میلیارد دۆلار (٣٪)

 تێچووی شەڕ، ٢٠ میلیارد دۆلار (٣٪)

 هەناردنی نەوت، ١٢ میلیارد دۆلار (٢٪)

 زیادەی تێچووی بازرگانیی نەوت، ٣ میلیارد دۆلار (١٪)

 وكۆی زیانەكان گەیشتووەتە ٦٤٥ میلیارد دۆلاری ئەمریکی.

زیانە گیانییەکانی شەڕەکە

بەپێی راپۆرتەكان لە بارەی زیانەکانی هەردوو لا لەو شەڕەی كە دوو هەزار ٨٨٨ رۆژی خایاند، بە دووهەمین شەڕی سەدەی بیستەم هەژمار دەکرێت، كۆی گشتی كوژراوەكانی ئەو شەڕە ٢٣٣ هەزار و ٥٩١ کەس بووە کە ١٥٥ هەزاریان سەربازی تەمەن ١٦ بۆ ٢٥ ساڵ بووە. هاوکات ٢٣٠ هەزار کەس بەهۆی ئەم شەڕەوە كەمئەندام بووە و ٦ هەزار کەسیش بێسەروشوێن بووە.

هەروەها ساڵی رابردوو"بونیادی پاراستنی ئاسەوار و بەهاكان'ی ئێران رایگەیاندبوو، پێنج میلیون كەسی ئێرانی لەو شەڕەدا بەشدار بوون كە ١٩٠هەزاریان كوژراون و ٦٧٢ هەزار كەسیش بریندار بوون. هاوکات ٣٣ هەزار خوێندکار و ٣٥٠٠ خوێندكاری زانکۆ لە ماوەی ئەو٨ ساڵەدا گیانیان لەدەست داوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتایی ھێنان بەم شەڕە لە ساڵی ١٩٨٧ دا بڕیارنامەی ژمارە ٥٩٨ی دەرکرد، بەڵام ئەم بڕیارنامەیە ھەتا ساڵی ١٩٨٨ نەکەوتە بواری جێبەجێکردن، لە دوای رێککەوتن، ئێران و عێراق گەڕانەوە بۆ سەر سنوورە پێشووەکانیان کە بە پێی ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ دیاری کرا بوو، تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ دوایین سەربازی بەدیلگیراوی هەردوو لایەنی شەڕەکەر ئاڵوگۆڕیان پێ کرا.

رۆژی ٨/٨/١٩٨٨ بە رۆژی وەستانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران دادەنرێت، بەڵام دوای وەستانی ئەم شەڕەش رژێمی بەعس دەستبەرداری رەفتارە شەڕخوازانەکەی نەبوو و دەستیکرد بە شاڵاوەکانی ئەنفال لەدژی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، دواتریش لە ٢ی ئابی ١٩٩٠ هێرشی کردە سەر کوێت و داگیر کرد، دواتریش شەڕی یەکەمی کەنداو هەڵگیرسا و بەهۆیەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر عێراق و زیانى زۆریان لێدا تاوەکو لە ئەنجامدا لە ساڵی ٢٠٠٣ بەهۆی هێرشی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیى ئەمریکا رژێمى سەدا لە عێراق رووخا.

ژ.ت