ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی: هێرشەکەی تورکیا داگیرکارییە

لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەشاری قاهیرە بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان، دۆخی سوریا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوتوێ کران.

ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند:" دەبێت تورکیا هێزەکانی لەناو خاکی سوریا بکێشێتەوە، ئەم هێرشە دەستدرێژییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی".

ئەبولغەیت ئەوەشی وت:"هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەستدرێژیکردنە سەر خاکی دەوڵەتێک، دەستدرێژییە بۆسەر سەروەری ئەو وڵاتە".

هاوکات وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان بەیاننامەیەکی ١١خاڵیان بڵاو کردەوە و جەختیان کردەوە لەسەر دژایەتیکردنی تورکیا و گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆئەو مەبەستەش بڕیاریان داوە بەزووترین کات ڕێوشوێنی پێویست لە دژی تورکیا لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و گەشتیاری بگرنە بەر.

لەبەشێکی بەیاننامەکەی کۆمکاری عەرەبیدا هاتووە:

- دەبێت تورکیا دەستبەجێ هێزەکانی لەتورکیا بکشێنێتەوە.

- داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەری سوریا بنێت.

- سوریا وڵاتێکی عەرەبییە و بەزاندنی سنورەکەی لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە، هەرگیز جێگای قبوڵ نییە.

 -دەبێت ڕێگا لەبەردەم گۆڕینی دیمۆگرافیای باکوری سوریا بگیرێت.

- گەڕانەوەی چالاکی هەر گروپێکی تیرۆریستی بۆ ناوچەکانی سوریا لەئەستۆی تورکیا دایە.

 - ئامادەکاریی دەکرێت بۆ سەردانێکی ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی سوریا.

 -بەزاندنی سنورو لەشکرکێشی تورکیا دەخرێتە ئەجێندای کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی بەشێوەیەکی هەمیشەیی.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی جەختیان لەوە کردۆتەوە، دەبێت ڕێز لە سەروەریی سوریا و بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان بگیرێت کە جەخت لە کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی سوریا دەکاتەوە.

ک-ش