ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆڕانکاری بەسەردا نەهات

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجامی پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی ڕاگەیاند و بەپێی ئەو ئەنجامە گۆڕانگاریی تێیدا نەبووە.

شەوی ڕابردوو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەەنگەكانی ڕاگەیاند، كە زیاتر لە دوو مانگ بوو دەستیان بە ژماردنەوەی دەنگەكان كردبوو بە دەست.

بە گوێرەی ئەو خشتەیەی لەلایەن كۆمیسیۆنەوە بڵاوكراوەتەوە، كورسییەكان هیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا نەكراوە و كورسی لایەنەكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان وەكو خۆیەتی.

لەسەر ئاستی عێراقیش ئەو گۆڕانكارییانەی ڕوویداوە لە پارێزگاكانی زیقار و نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار و بەغدا، تەنیا كاندیدە دەرچووەكان گۆڕانكارییان تێدا كراوە، ئەوەش هەر لە هەمان لیستن.

بە پێی ئەنجامەکە هاوپەیمانی سائرون بە مسۆگەر کردنی ٥٤ کورسی لە پلەی یەکەمدایە.

لە هەرێمی کوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان-ی عێراق ٢٥، یەکیەتی نیشتمانی ١٧، بزوتنەوەی گؤڕان ٥، نەوەی نوێ ٤ کورسیان مسۆگەرکردووە.

ک-ش