ئەڵمانیا: ئەگەر جارێکی دیکە شاهروودی بێتەوە ئەڵمانیا ده‌ستگیری ده‌كه‌ین

وەزارەتی دادی ئەڵمانیا دەربارەی سەرۆکی پێشووی دەزگه‌ی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشتر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ گەلێک کەس واژۆ کردووە، ڕایگەیاند؛ ئەگەر جارێکی دیكه‌ ناوبراو سەردانی ئەڵمانیا بکاتەوە دەتوانین ده‌ستگیری بكه‌ین.

مەحموود شاهروودی، سەرۆکی پێشووی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی چاره‌سه‌ری نەخۆشییەکەی لە ٢١ سێپته‌مبه‌ر/٣٠ی سەرماوەز، سەردانی شاری هانۆڤه‌ری ئەڵمانیای کردبوو. دوابەدوای بڵاوبوونه‌وه‌ی دیمەنی شاهروودی لە مێدیاکانی ئەڵمانیا كه‌ لە کلینیکە تایبەتەکان چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرێت، زۆرێک لە ڕێکخراو و کەسایەتییەکان، لە دادگه‌ی فێدراڵیی ئەڵمانیا، دۆسییەیان لەسەر ناوبراو کردەوە. 

سەرەڕای ئەوانەش دەزگای دادی ئەڵمانیا و دەزگای ئەمنی ئەو وه‌ڵاتە، ڕێگەیان دابوو کە شاهروودی بەبێ کێشە وه‌ڵاتی ئەڵمانیا بەجێ بێڵێت. 

هێلین ئەڤریم سۆممەر، په‌رله‌مانتاری پارتیی چەپ، ئەو باسەی بردە په‌رله‌مانی فێدراڵ  و پرسیارێكی ئاراسته‌ی حكوومه‌ت کرد و داوای ڕوونكردنه‌وه‌ی لێ کرد؛ «ئایا لە دژی ئەو کەسەی کە بڕیاری لەسێدارەدانی هەزاران کەسی دەرکردووە، هیچ لێپرسینەوەیەک کراوە یان نا؟»

وەزارەتی دادی ئەڵمانیا به‌ناوی حکوومەتی فێدرالیی لە ڕۆژی ٣١ی ژانوویە/١١ی ڕێبەندان، وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە. وەزارەتی داد ڕایگەیاند: ئەگەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ شاهروودی، پشتڕاست بكرێنه‌وه‌ و ناوبراو جارێکی دیكه‌ سەردانی ئەڵمانیا بکات، بڕیاری گرتنی بۆ دەردەچێت.

لە وەڵامەکەی وەزارەتی دادی ئەڵمانیادا هاتووە؛

«داواکاری گشتیی دادگه‌ی فێدراڵ، دوای ئەوەی کە ٥ی ژانوویە/١٥ی بەفرانبار زانی کە سەرۆکی پێشووی دەزگای دادی ئێران لە ئەڵمانیایە، بە گومانی ئەوەی کە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوه‌، دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووه. لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە و زانیارییە به‌‌ده‌ستخراوه‌كان لەسەر ئەو بابه‌ته‌، داوای زانیاری لەسەر ئەرک و پلەی ناوبراومان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە. ئێستاش داواکاریی گشتی ٥٠ دۆسیەی سزادان و زانیاریی لەسەر شاهروودی لەبەردەست دایە.»

هێلین ئه‌ڤریم سۆممەر، لەدوای هەڵسەنگاندنی وەڵامی وەزارەتی داد، ڕایگەیاند؛ پێویسته‌ ئەوانەی تاوانیان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە، سزا بدرێن.

شاهروودی لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٩ - ٢٠٠٩ سەرۆکی دەزگه‌ی دادی ئێران بوو، لەو ماوەیەدا به هەزاران کەس کە منداڵانیشیان لەنێو دابوو، بە فەرانی ناوبراو لە سێدارە دران.

 

ش. م