بانگەوازبۆکۆنفرانسی نێودەوڵەتی فەلەستین؛ کاردانەوەی لێکەوتەوە

مەحموود عەبباس، سەرۆکی حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین داوای ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکات. هێندێک وڵات پشتگیرییان لەو داواکارییە کرد.

 

دوای ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، شاری قودس-ی بە فەرمی وەک پێتەختی ئیسراییل ناساند، فەلەستینییەکان لە دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە و ڕەتیانکردەوە قەبووڵی بکەن کە ئامریکا نێوبژیوانی دانووستانەکان بکات.

مەحموود عەبباس، دەربارەی چارەسەری کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسراییل، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد کە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا چارەسەری بۆ کێشەکان ببیننەوە. بەڵام عەبباس، مەرجی-شی هەیە کە دەبێ ئەو چارەسەرییە لە سەر بنەمای سنوورەکانی ١٩٦٧ و بۆ پێکهێنانی ٢دەوڵەت بێ.

نوێنەری فەڕەنسا لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە وڵاتەکەی یەکێک لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، پشتگیری ولاتەکەی بۆ ئەو داواکارییە ڕاگەیاند و وتی ئەوە داواکارییەکی ماقووله.

نیکی هیلی، نوینەری ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند کە ئەو داخوازییە، داواکارییەکی ''ماکسیمالیست''انەیە. دۆناڵد ترامپ، وازی لە پڕۆژەی ئاشتی نەهێناوە. هیلی، داواشی لە بەڕێوەبەرانی فەلەستین کرد کە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئیسراییل، بە توندی لە دژی داواکاری بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی، وەستایەوە.