بایک: چارەسەری و ئاشتی بە بەرخۆدان بەدی دێت – ٢ -

بایک ئاماژەی بە گرنگیی تێکۆشان و بەرخۆدانی ئەم سەردەمە کرد و وتی، "ئەوانەی ئاشتی و چارەسەرییان دەوێت، پێویستە باش بزانن ڕێگەکەی بەرخوانە لە دژی داگیرکەری، قڕکردن و فاشیزم. بێجگە لەوە هیچ شتێک کورد لە مردن ڕزگار ناکات."

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە شەڕی ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە لەدژی گەلی کورد، هەڕەشە و هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر باشووری کوردستان و بەرخۆدانی گەل لەدژی هێرشەکان کرد.

  پ: دەسەڵاتى ئاکەپە – ئەردۆغان هەڕەشە لە دژی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا دەکەن. ئێوە ئەو هەڕەشانە چۆن لێکدەدنەوە؟ دەبێت گەلی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە دژی ئەو هەڕەشانە چۆن هەڵوێستیکان هەبێت؟ هەروەها لە نێوان ئەمریکا و رووسیادا سیاسەتى هاوسەنگی بەڕێوەدەبات. باشە ئەو سیاسەتە سەردەکەوێت یان نا؟  هەروەها لە ئیدلب هەندێک شت روو دەدەن و دەڵێن 'ئەردۆغانی خائین، تورکیای خائین'. کاتێک ئێوە لێکدانەوە بۆ هەموو ئەوانە بکەن، دۆخی تورکیا و سوریا چۆن لێکدەدەنەوە؟

جەمیل بایک: تورکیا لەم سەردەمەدا ناتوانێت لەو دۆخە دەرچێت. ئەوەش کۆتایى بە داگیرکەری و فاشیزمی تورکیا دەهێنێت. ئەوەش دەچێتە خزمەتى هەموو گەلانى سوریا. دەسەڵاتى ئەردۆغان – مەهەپە لاوازە و تاوەکو دێت لاوازتریش دەبێت. لەبەر ئەوەى بەرەو لاوازی دەڕوات تاوەکو دێت شەڕ گەورەتر و بەهێزتر دەکات. دەیەوێت هەنگاوی تر بهاوێت. دەیەوێت لەو رێگەیەوە رێ لە گەلان بگرێت، رێ لە بزووتنەوەى دیموکراسی بگرێت و رێ لە پارچەبوونی ئاکەپە بگرێت تاوەکو بتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. هۆکاری ئەوەى شەڕ گەورە دەکات و هەڕەشەکانى گەورە دەکات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. ئەگەر بەهێزبوونایە ئەوەیان نەدەکرد، بڕوایان بە خۆیان هەبویایە ئەوەیان نەدەکرد، بەڵام لەوە دەترسن لە دەسەڵات بکەون و دادگایى بکرێن، چونکە تاوانى شەڕ و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە. دەستیشی لێ هەڵناگرن، کە کۆتاییەکەشی نەک تەنها دادگایکردن، بەڵکو سزادانیشە. بۆ ئەوەى دادگایى نەکرێن دەبێت لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و بۆ ئەوەش دەبێت شەڕ بەهێز و گەورە بکەن. لەبەر ئەوەش هەڕەشە دەکەن. ئەمریکا و رووسیاش ئەوەش دەبینن. هەر دوکیشیان دەیانەوێت لە لاوازیى ئەردۆغان – باخچەلی هەندێک ئەنجام بەدەست بهێنن.

هەر چۆن لە کۆتایى عوسمانیدا هەندێک لە دەوڵەتەکان خواستیان لە لاوازیى عوسمانی ئەنجامێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، هەندێک یارمەتییان دەدان و زۆر شتیان بەدەستدەهێنا. ئێستاش رووسیا و ئەمریکا ئەو کارە دەکەن. هەر دووکیشیان دەزانن ئەردۆغان – باخچەلی لاوازن. لاوازییەکەشیان بەهۆی کوردەوەیە و بۆ ئەوەش کێشەى کورد زەق دەکەنەوە و ئەردۆغان – باخچەلیش یەکڕاست داواکانیان قبوڵ دەکەن. بۆ ئەوەى کورد نەبێت بە خاوەن پێگەیەک، بە مافێک نەگات چی لە تورکیا هەیە دەیفرۆشن و ئیتر هیچیشیان بۆ فرۆشتن نەماوە. تاوەکو ئێستا فرۆشتیان و فرۆشتیان و فرۆشتیان، بۆیە ئیدی هیچیان بە دەستەوە نەماوە بیفرۆشن. لەبەر ئەوەش تەنگاو بوون. پێویستە رووسیا و ئەمریکاش بەرژەوەندیى خۆیان لەسەر سەری کورد بەڕێوەنەبەن و کورد نەکەن بە قوربانی و لەسەر قوربانیکردنى کورد هەندێک بەرژەوەندی بەدەست نەخەن. ئێمە لە دژی بەرژەوەندیی ئەوان نین. دەتوانن بەرژەوەندیى خۆیان بپارێزن و  دەتوانن لە تورکیا هەندێک شت بەدەست بهێنن و ئەو ئیمکان و توانایەیان هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە لەسەر قوربانیکردنی کوردان نەبێت. کوردیش پێویستە لەو راستییە تێبگات، کە ئەمریکا و رووسیا لەسەر کورد پەیوەندیى لەگەڵ تورکیا دروست دەکەن و یارمەتیى تورکیا دەدەن. تورکیاش ئەو بوێرییە وەردەگرێت، کە ئەو هەڕەشانە بکات و هەنگاو بنێت. ئەگەر ئەوان هاوکاریى تورکیا نەکەن و تورکیا هان نەدەن تورکیا ناتوانێت ئەو هەڕەشانە بکات. ناتوانێت هەنگاوێک بنێت. ئەو هەنگاوانەى ناونی، ئەو هەنگاوانەى لەسەرەتاوە لە سوریا تاوەکو ئەمڕۆ ناونی بەهۆی هێزی خۆییەوە نەیناوە. لە پشت هەموو هەنگاوەکانییەوە ئەو دەوڵەتانە بوونیان هەیە. تورکیا بۆ بەرژەوەندیى خۆیان بەکار دەهێنن و لەوەش ئەنجام و سوود وەردەگرن. ئەو سیاسەتە بەسەر گەلەکەمانەوە بەڕێوەدەبەن، بۆیە پێویستە گەلەکەمان خۆی نەکاتە قوربانی و نەچێتە خزمەتیانەوە. لێرەدا پێویستە سیاستى راست و دروست بۆ خۆیان بەڕێوەببەن. ئەگەر ئەوان دۆستایەتى دەکەن ئەوا دەبێت دۆستایەتییەکەیان بەشێوەیەکى راست و دروست بێت. نەک بە ناوی دۆستایەتییەوە دوژمنایەتى بکەن. دەمەوێت گەلەکەمان لێرەدا هۆشیار بکەمەوە، دەبێت خاوەنداری لە خۆیان بکەن.

پێویستە گەلی باکووری سوریا برایەتیى خۆی، یەکێتیى خۆی بەهێز بکات. پێویستە لە دژی سیاسەتێک کە لە دژیان بەڕێوەدەچێت بە بەهێزی و بە بوێرى بوەستنەوە. لەو کاتەدا ئەوان ناتوانن بەو شێوەیە نزیک ببنەوە. ناتوانن پلانەکانى خۆیان بەڕێوەببەن. ئێستا تورکیا تەنگاو بووە و هەر وەک وتم، بۆ ئەوەى کورد بە مافێک نەگات چییان هەبوو لە تورکیا فرۆشتیان. هیچیان نەماوە بیفرۆشن و کۆتایى بەو سیاسەتە هاتووە، چونکە هیچیان نەماوە بیفرۆشن و ئیدی لە سوریاش زۆر تەنگاو بووە و لە هەموو روویەکەوە بەرەو کۆتایى دەڕوات. بۆ ئەوەش تەنها نایەوێت بچێتە باکووری سووریا  و دەیەوێت بچێتە سوریا. دەیەوێت لە بونیاتنانەوەى سوریای نوێدا رۆڵێکى هەبێت. دەیەوێت لە رێگەى چوونە باکووری سوریا ئەو رۆڵە بەدەست بهێنێت. ئەگەر نەچێت ناتوانێت ئەو رۆڵە بەدەست بهێنێت. تەنانەت ئەو هەنگاوانەى ناونی لە دژی هەڵدەگەڕێنەوە، تاوەکو ئێستا خۆی لەسەر ئەو دەسەڵاتە بەڕێوەدەبات، گەلانی تورکیا فریو دەدات و پشتیوانیان لێوەردەگرێت، ئەوە کۆتاییان پێدەهێنێت. گەلانى تورکیاش ئەو راستییەى ئەوان تێدەگات و لە دژیان دەوەستێتەوە. لەو بابەتەدا هەنگا دەنێن. لەبەر ئەوەش زۆر دەترسن. ئەگەر لە تورکیا و سوریا گەل ئەو راستییە ببینێت و بەرخۆدانى بەهێز بکەن ئەوا تورکیا سەراوسەر دەڕوات. ئەوە راستییە. ئەو سیاسەتەى لە ئیدلب بەڕێوەى دەبات سەلمێنەری ئەوەیە.

 لە ئیدلبیش زۆر تەنگاو بووە. دیار تەنگاوتریش دەبێت. بۆ ئەوەى تەنگاوبوونی خۆی لە ئیدلب بشارێتەوە ئەگەری ئەوە هەیە ئیدلب بفرۆشێت. دەیفرۆشێت و لە بەرامبەر ئەوەدا دەیەوێت لە باکووری سوریا هەندێک شت بەدەست بهێنێت. ئەوە ئەگەرێکى زۆر بەهێزە. دەبێت گەلەکەمان ئەوە بە باشی ببینێت و بیزانێت، گەلی باکووری سوریا دەبێت ئەوە بە باشی ببینێت و رێگا بەوە نەدات و رێگا نەدات کڕین و فرۆشتنی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت. ئەگەر رێگا بە تورکیا نەدرێت ئەوا ناتوانێت لە ئیدلبیش بمێنێتەوە، لە عەفرین، عەزاز، جەرابلوس و باب-یش ناتوانێت بمێنێتەوە. ناشتوانێت لە دژی باکووری سوریایش هەنگاوێک بنێت. ئەوەش کۆتایى بە داگیرکەرییەکەیان دەهێنێت. ئەوەش لە تورکیا کۆتایى بە فاشیزم دەهێنێت و رێگا بۆ دیموکراتیک بوون دەکاتەوە. لە تورکیا بابەتى بە دیموکراسیکردن تەنها ئەرکی گەلی تورکیایە نییە، بەڵکو هاوکات ئەرکی گەلی سوریاشە. لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتى ئەردۆغان - باخچەلی هەم لە تورکیا و هەم لە سوریا داگیرکەری، فاشیزم، پاکتاوکردن و سڕینەوە بەڕێوەدەبات. بۆیە ئەو دەسەڵاتە دوژمنی هەر دوو وڵاتەکەیە، دوژمنی گەلانى ئەو وڵاتانەیە. لە دژی ئەو دەسەڵاتە لە هەر دوو وڵات تێکۆشان و بەرخۆدان بکرێت ئەوا فاشیزم تێکدەشکێت. بۆ هەموو گەلان، بۆ هەموو گەلانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە رێگا بەرەوە بە دیموکراسیکردن خۆش دەکات.

پ: یەکێک لەو ناوچانەی کە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە هێرشی بۆ دەکەن، هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایە. ئێوە هێرشەکانی دژی باشوری کوردستان لە ئاستی هەرێمیدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ دژی ئەو هێرشە داگیرکەرییە ئێوە ئۆپۆزسیۆنی هێزەکانی باشوور چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

جەمیل بایک: دەسەڵاتی فاشیست، قڕکەر، داگیرکەر وەکو وتم، نەک تەنها باکوری کوردستان، بەڵکو هەموو بەشەکانی کوردستانی کردوەتە ئامانج. ئەگەر ئەمڕۆ هێرشی باشوور دەکات، کە لە باشوور لە چەندین هەرێم خۆی جێگیر دەکات، بۆ ئەوەیە باشوور داگیرکەر بکات. چونکە ئامانجەکەی ئەوەیە کە ئەو کوردستانەی لە سەردەمێک بەدەست عوسمانییەکانەوە بوو، جارێکی دیکە بیخاتەوە ژێر دەستی خۆی. ئەوەش وەکو مافێکی خۆی دەبینێت. ئەگەر ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان هێرشی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەکات، هێرشی باشووریش دەکات، بۆ ئەوەیە دەیانەوێت هەموو باشوور داگیر بکەن، گەریلاکانی پەکەکە ڕێگرن لەبەردەمیان، چونکە گەریلاکانی پەکەکە باشووریش دەپارێزن. دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوور دەپارێزن. ئەوانیش دەیانەوێت دەست بەسەر باشووردا بگرن. بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ئامانجە جێبەجێ بکەن، دەبێت هەرێمەکان پاراستنی مەدیا بڕووخێن، گەریلا بڕووخێنن. ئەو کاتە دەتوانن دەست بەسەر هەموو باشووردا بگرن. ئەگەر هێرشی هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا دەکات، هێرشی گەریلا دەکات، هۆکارە بنەڕەتییەکەی ئەوەیە. چونکە گەریلاکانی پەکەکە نەک تەنها بۆ باکورن، بەلکو بۆ هەموو گەلی کوردن. گەلەکەمان لەباشووریش ئەوەی بە چاوی خۆی دیت، کاتێک داعش هێرشی باشووری کرد، باشوور کەوتە بەر مەترسییەکی گەورە، ئەوەی یەکەم کەس چوو هاوکاریى گەلی باشووری کرد و لە دژی داعش وەستایەوە و باشووری پاراست گەریلا بوو. گەلەکەمان لەباشوور باش ئەوە دەزانن. گەریلا هێزی دیموکراسی و ئازادیی گەلی کوردە. هێزی کۆمەڵگەبوون، ئیرادە، ناسنامە، کەلتور و ژیانی کوردە. هەتا دێت گەلەکەمان باشتر لەوە تێدەگات. لەبەر ئەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک گەریلا دەکاتە ئامانج، هۆکارەکە ئەوەیە.

ئێستا حزبەکانی باشوور، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەسەڵاتن، لەدژی داگیرکەریی تورکیا هەڵوێستێکیان نییە. تا ئەمڕۆ گەلەکەمان نەیبیستووە ئەوان دژی داگیرکەریی تورکیا بوەستنەوە. هیچ ڕاگەیاندراوێکیان نەداوە. دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا، باشوور، باکوور، هێندە لە دژی گەلی کورد سیاسەتی وەحشیگەرانە بەڕێوەدەبات، بەڵام بێدەنگن وەکو ئەوەی هیچ شتێک لەگۆڕێ نەبێت. لە سیاسەتدا یەک واتای هەیە؛ کاتێک مرۆڤ لەدژی داگیرکەری نەبێت، لەدژی ئەو سیاسەتە نەبێت کە دژی کورد بەڕێوەی دەبەن ئەو کاتە بێدەنگ دەبێت. ناتوانن بڵێین تورکیا زۆر بەهێزە، لە تورکیا دەترسین، ناتوانین لەدژی تورکیا بوەستینەوە و بەرژەوەندییەکانمان ئەوەی دەوێت. ئەوە ڕاست نییە. بەرژەوەندییەکانیان بەرژەوەندیی گەلی کوردە، چونکە بەناوی کوردەوە سیاسەت دەکەن. ئەوەی دەوڵەتی تورک بەسەر کورددا جێبەجێی دەکات هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندیی گەلی کوردەوە نییە. چونکە دەیەوێت گەلی کورد لەناو ببات. ئەوانەی بەناوی کوردەوە سیاسەت دەکەن دەبێت لەدژی ئەو سیاسەتە بوەستنەوە. کاتێک لەدژی نەوەستنەوە، چ واتایەکیان لە سیاسەتدا هەیە؟ ئەو کاتە ئەو سیاسەتە قبوڵ دەکات، بە ڕاستی دەزانێت و بە هەڵەی نابینێت. ئەوەش خزمەتی ئەو حزبانە ناکات، زیانێکی گەورە لەو حزبانە دەدات. لەبەرئەوەی گەلی کورد لە ڕاستییەکەیان تێدەگات، تێدەگات کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی گەلی کورد ناکەن. بە سیاسەتەکەیان خزمەتی سیاسەتی قڕکردنی کورد دەکەن. ئەوەش زیانی گەورەیان لێدەدات. باوەڕی من ئەوەیە ئەو حزبانە ئەوە ببینن و خۆیان لەو سیاسەتە دوور بخەنەوە. ئێمە لەدژی پەیوەندییەکانیان نین، دەتوانن پەیوەندییان هەبێت. بەڵام کاتێک پەیوەندی دروست دەکەن، دەبێت لە دژی سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە بەرانبەر کورد بوەستنەوە. ئەو کاتە لەناو گەلی کورد ڕێزیان زۆرتر دەبێت، ئەوان پێویستیان بە گەلی کوردە. ئەگەر هاوکاری لە گەلی کورد وەربگرن دەتوانن بەهێزەوە لەدژی هەندێک شت بوەستنەوە. لێرەدا ئەوەی بنەمایە گەلی باشوور خۆیەتی.

گەلی باشوور گەلێکی قارەمانە، چەندین ساڵ لەدژی سەدام خەباتی کرد، قوربانی و شەهیدی دا، چەندین گوندیان چەندین جار وێران بوون، برسی بوون، کوژران و ئەشکەنجە دران، هەموو شتێکیان بینی، بەڵام هیچکات دەستبەرداری وڵاتپارێزییەکەیان نەبوون، دەستبەرداری وڵاتەکەیان نەبوون. هەمیشە لەدژی داگیرکەری و قڕکردن وەستانەوە، خاوەندارییان لە خۆیان کرد، ڕەنجێکی زۆریان دا. لە ئەنجامدا ئەو دەستکەوتانەیان بەدەست هێنا. وەکچۆن پێشتر لە دژی داگیرکەریی عێراق وەستانەوە، دەبێت ئەمڕۆش لەدژی داگیرکەریی تورکیا بوەستنەوە. لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ داگیرکەریی تورکیا وەکو داگیرکەریی عێراق هەڕەشەیان لێدەکات. دەیەوێت هەموو ئەو دەستکەوتانەیان لەدەست دەربێنێت. دەیەوێت بیانکاتە کۆیلە. گەلی باشوور ناتوانێت ئەوە قبوڵ بکات. گەلی باشور چەندە نەتەوایەتی کورد، یەکێتی نەتەوەیی کوردی بەهێز بکات، لەدژی داگیرکەریی تورکیا بوەستێتەوە، ئەو کاتە هێندەش دەتوانێت دەستکەوتەکانی خۆی بپارێزێت. ئەگەرنا ناتوانن بیپارێزن. ئێستا لە باشوور ئەو بیرە نەتەوەییە هەتا دێت بەهێزتر دەبێت. ئەوەی دەکەوێتە خزمەتی باشوور و تەواوی گەلی کورد هەر ئەوە.

لەبەر ئەوە ڕۆشنبیرانی باشوور، نووسەران، هونەرمەندان، ئاکادیمیسیەنەکان و ڕاگەیاندنکاران چ بە نووسین، چ بە دەنگ بێت، پێویستە ڕۆلی خۆیان بگێڕن. ئەرکی ئەوانە ڕاستییەکان لە گەلی باشوور بگەیەنن. ئەگەر ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد دەتوانن لە مێژوودا بمێننەوە. ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوەیە، پێویستە لەدژی داگیرکەری تورک بێدەنگ نەبن، لەسەر ئەو بنەمایە گەلەکەیان هۆشیار بکەنەوە، پەروەردەیان بکەن، بیانخەنە جموجۆڵ. گەلی باشوور ئامادەیە بۆ ئەوە. ناتوانن داگیرکەریی تورکیا قەبوڵ بکەن. سیاسەتمەدار و حزبەکانی باشوور بێدەنگیش بن، دەتوانێت خاوەنداری لە خۆی بکات، هێز و ئەزموونی خۆی هەیە. باوەڕم وایە گەلەکەمان لە باشوور خاوەنداری لەخۆی دەکات. لەدژی داگیرکەری تورکیا دەوەستێتەوە، لەگەڵ براکانیان لە باکور، لەگەڵ گەریلا بچێتە هەر کوێیەک بەهێزەوە بەرەو پێشەوە دەبات.

  پ: لەدژی شەڕی تایبەتی دەسەڵاتداری فاشیست، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە ئامادەباشیەکی جددی دان. هەم لە باکوور و هەم لە باشوور گورزی کاریگەر لە سوپای فاشیست و هاوکارەکانی دەدەن. بە تایبەتی لە جۆلەمێرگ، مێردین ئامەد چالاکی کاریگەر ئەنجام دەدەن. ئەم بەرخۆدان و هەنگاوەی گەریلا چۆن دەبینن؟

جەمیل بایک: ڕاستییەک هەیە دەمەوێت گەلەکەمان باش لێی تێبگات. لە تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن، بێ ڕێبەر ئاپۆ، بێ پەکەکە و بێ گەریلا، تەڤگەرێکی دیکەی ئازادیی کورد هەیە، بەڵام بێ ڕێبەر ئاپۆ، بێ پەکەکە و بێ گەریلا، تەڤگەرێکی دیکەی ئازادی کورد دروست نەبووە و دروست نابێت. کێ بڵێت بێ ڕێبەر ئاپۆ، بێ پەکەکە و بێ گەریلا، تەڤگەرێکی دیکەی ئازادی کورد هەیە و دروست دەبێت و چارەسەری دەهێنێت، گەلەکەمان هەڵدەخەڵەتێنێت. خزمەتی فاشیزم، قڕکردنی دەوڵەتی تورک دەکات. دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕێگەی ڕێبەری ئاپۆ، پەکەکە و گەریلاوە بەدیهاتوون. لە ئێستا بەدواوەش دەستکەوتی دیکە بەدیدێن. بێ ئەوان ناتوانن شتێک قازانج بکەن. ئەگەر ئێستا سیاسەتی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەرەوپێشەوە چووە، ئەنجامی بەرخۆدانی ڕیبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلاکانە. نرخەکان لە ڕێگەی ئەوانەوە بنیاتنراون. دەستکەوتەکان لە رێگەی ئەوانەوە بنیاتنران. بە هۆی ئەوەشەوەیە دوژمن سیاسەتی لەناوبردن لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە و گەریلا بەڕیوەدەبات. تا ئەوان لەناونەبەن، ناتوانن گەلی کورد لەناوببەن. دەیانەوێت گەلی کورد لەناوببەن، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە و گەریلا ڕێگەیان بەوە نەدا. کوردیان بنیاتنایەوە. لە هەموو ڕوویەکەوە بنیاتنرانەوە. لە ئێستادا هەوڵی پاکتاوکردنی کورد دەدەن و هێرشی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە و گەریلا دەکەن. لەبەرئەوەش بێ ئەوان کورد خاوەنی سیاسەت نییە و نابێت. پێویستە هەموو کەسێک ئەوە باش بزانێت. ئەوانەی ئەمڕۆ ئەو بانگەشەیە دەکەن، لە سەر دەستکەوتەکان سیاسەت دەکەن.

پێویستە گەلەکەمان باش بزانێت، هەندێک هێزی دەرەوە، سیاسەتمەدارانی تورکیا. دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆغان، میتی تورکیا و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بە یەکەوە سیاسەتێک بەڕێوەدەبەن. دەڵێن، 'ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلا لە بەردەم  چارەسەریی پرسی کورد ئاستەنگن. ئەگەر ئاستەنگییەکە تێپەڕێنین، کێشەکە چارەسەر دەکەین و ئەم سیاسەتە بەڕێوە دەبەن'. بەو شێوەیە دەیانەوێت ئامانجەکانیان بشارنەوە و گەلی کورد هەڵبخەڵەتێنن و ئەنجام وەربگرن. ئەگەر سەرنجی مێژوو بدەین، لە هەموو قۆناغێکدا ئەو کارەیان کردووە. بۆ ئەوەی ئەوانەی لە دژیان دەوەستنەوە لەناوببەن، هەندێک کوردیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاو و هەڵیانخەڵەتاندوون. پێیان دەڵێن، 'یارمەتیی ئێمە بدەن، ئەوان لەناودەبەین و دواتر مافی ئێوە دەدەین.' ئەو کەسانە یارمەتی دەوڵەتیان دا و دەوڵەتیش ئەوانەی لەبەرامبەری ڕاوەستان لەناویبردن و دواتر هاوکارە کوردەکانیشی لەناو برد. لە مێژوودا بە دەیان نمونەی بەم شێوەیە هەیە. لەبەر ئەوە نابێت هیچ کەسێک بە هۆی شەڕی دەروونیی تایبەت هەڵبەخەڵەتێ و پێویستە نەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکەی و خزمەتی نەکات.

هەموو شتێک لەبەرچاوە، کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر کورد لەبەرچاوە. دەوڵەت، سەرۆک شارەوانییەکان، سیاسەتمەداران، پەرلەمانتاران، ئەوانەی لەدژی توانەوە و قڕکردن تێدەکۆشن و مرۆڤی خاوەن ناموس و شەرەف قبوڵ ناکات. دوژمن دەڵێت کورد بوونی نییە. سیاسەتێک بە ناوی کوردەوە نییە. لەگەڵ رێبەرایەتى نابێت. کۆمەڵگای کورد نییە و نابێت لەناو گەلی کورد دا سیاسەت هەبێت، ڕێبەرێک هەبێت، پارتێک هەبێت و شارەوانییەک هەبێت. دەڵێن، ئەوانەی هەن ساختەن. قبوڵ ناکرێن و دەبێت لەناوببرێن. ئەم دۆخە لەبەرچاوە و ئەم سایسەتە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی کورد دەبێتەوە. لە بەر ئەوە لە ژێر حوکمی فاشیزم دا بە بێ ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلا هیچ کاتێک سیاسەتی کورد بەڕێوەناچێت. هیچ کاتێک چارەسەری دروست نابێت. پێویستە هەر مرۆڤێکی خاوەن شەرەف ئەمە بزانێت.

سەیرکەن، هەندێک دایک چەندین ساڵە بەدوای تەرم و ئێسک و پروسکی منداڵەکانیان دا دەگەڕن، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟ لە ئیستانبوڵ، ئامەد و ئەنقەرە چییان بەسەر دێنن.؟ ڕێگە نادەن دایکان باس لە ئێش و ئازارەکانیان بکەن. ئەوان بە تەنها ئەڵێن ئێمە ئێسک و پروسکی خۆمانمان دەوێتەوە. ئەوەشیان پێ ڕەوا نابینن و بە شێوەیەکی دڕندانە پەلاماریان دەدەن. ئەردۆغان – باخچەلی، میتی تورک و بەڕیوەبەرایەتی پۆلیس هەندێک بنەماڵەیان بەرەو باڵەخانەی هەدەپە ئاڕاستە کردووە. ئاشکرایە دەوڵەت لەپشتیانە. ئاشکرایە لە ڕێگەی ئەوانەوە لەدژی سیاسەتی کورد دەوەستنەوە. چ پەیوەندییەکی هەدەپە بە گەریلا و پەکەکەوە هەیە؟ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا نییە. گەنجەکان بە دڵی خۆیان بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە دەبن. هەدەپە بەشدارییان پێناکات. بۆ کەرامەت، ناموس و شەرەف و ئازادیی گەلی خۆیان بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا دەکەن.

بۆ ئەو ئامانجە بەشدار دەبن و کەس نایاننێرێت. ئەگەر دەردێکیان هەیە با دەردەکەیان لە پەکەکە و گەریلا بپرسن. نەک لە هەدەپە. هەدەپە، پەکەکە و گەریلا نییە. هەدەپە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە. بەڵام دەوڵەتی تورک، میت و پۆلیس بۆ ئەوەی ڕۆژەڤ بگۆڕن، زوڵمی دژی گەلی کورد بشارنەوە، بەرخۆدانی دژیان ئاستەنگ بکەن و نێوان کورد و کەسانی دیموکراتخوازی تورکیا تێکبدەن، بیانترسێن، دووریان بخەنەوە و کورد لەناوببەن و قڕکردنی کوردان بە ئەنجام بگەیەنن، شەڕێکی تایبەت، گڵاو، دەرونی بێئەخلاق بەڕێوەدەبەن. هەندێک بنەماڵەش دەبن بە ئامێری شەڕەکە. ئەمە دیار و ئاشکرایە. بەم ڕێگەیە دەیانەوێت سیاسەتی کورد و پەکەکە ڕەش بکەن. گەریلا ڕەش بکەن. دەیانەوێت ڕەوایەتی بەو سیاسەتە بدەن کە لەبەرامبەر گەلی کورد، ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلا پەیڕەو دەکەن. دەیانەوێت ڕەوایەتی بەو هەنگاوانەیان بدەن و کەس لەدژیان نەوەستێتەوە. دەیانەوێت کورد بە تەنها بمێنێتەوە. لە ناو کوردانیشدا گەلی کورد، ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلا بە تەنها بهێڵنەوە. ئەوانەی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلایان خۆشدەوێت لێیان دوور ببەنەوە. بەو شێوەیە گەلی کورد قڕبکەن. ئەمە ئاشكرا دەبینرێت. بەم بۆنەیەوە بانگ لە خانەوادەکان دەکەم، نەبن بە بەشێک لەو سیاسەتە گڵاوە. خزمەتی سیاسەتی قڕکردنی کورد نەکەن. دەوڵەت بەکاریان دەهێنێیت و نەکەونە داوی یاری و تەڵەی دەوڵەتەوە. پێویستە خۆیان گڵاو نەکەن. پێویستە شەرەف و کەرامەتیان نەخەنە ژێرپێ. پێویستە هەموو کوردێک سیاسەتی ئەردۆغان – باخچەلی، میت و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس باش تێبگات. لەوانەیە سیاسەتەکە وەک ئەوەی لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلایە نیشانبدرێت، بەڵام لە بناغەدا لەدژی گەلی کوردە. لە دژی مرۆڤایەتیە. پێویستە هەموومان بەیەکەوە لەدژی سیاسەتەکە بوەستینەوە. پێویستە بەرخۆدان بەهێز بکەین. سیاسەتیان تێکبدەین. ئەو کاتە دەتوانین بە ئازادی بگەین. دەتوانین لەناو ئاشتیدا بژین. تا کۆتایی بە شەڕی دەروونی، تایبەت، گڵاو، هەڵخەڵەتێنەر و درۆکانیان نەهێنین، تا تێکۆشانی دیموکراتیک بەهێز نەکەن چارەسەری و ئاشتی بەرقەرار نابێت. لەژێر هەڕەشەی شەڕی تایبەت، قڕکردن و لەناوچووندا دەمێننەوە. هەموو نرخەکان لەدەست دەچێت، هەوڵ دەدەن مرۆڤایەتیان لێبسێنن.

هەر شتێک بە ناوی کورد و کوردستانەوە هەبێت هەوڵی لەناوبردنی دەدەن. ئەگەر نایانەوێت ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببنەوە، پێویستە هەر تاکێکی کورد خاوەنداری لە ئیرادە، ناسنامە، زمان، کلتور، کەرامەت، شەرەف، داهاتوو و ئازادیی خۆی بکات. دەبێت باجەکەشی لەبەرچاو بگرن، پێویستە فیداکاری بکەن و نەترسن. ئەگەر بترسن و بڵێن، دەستگیر دەکرێم و دەمرم و بەشداری لە بەرخۆدان نەکات، ئەو کاتە دەمرێت و دەکوژرێت. پێوسیتە باش تێبگات. ئەگەر نایانەوێت دەستگیر بکرێن و بکوژرێن و سیاسەتی گڵاو زوتر کۆتایی ببێت، پێویستە لە هەموو دەڤەرێک خاوەنداری لە خۆیان بکەن. تێکۆشان فراوان بکەن. ئەو کاتە دەوڵەتی فاشیستی قڕکەر ناتوانێت سیاسەتەکەی بەڕێوەببات، ناچار دەبێت، کۆمەڵگای کورد، ئیرادە، ناسنامە، زمان و کلتور و ئازادی گەلی کورد قبوڵ بکات. ئەو کاتە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەبێت. چارەسەری دروست دەبێت و ئاشتی بەرقەڕار دەبێت. ئەوانەی ئاشتیان دەوێت، پێویستە بزانن، رێگەکەی بەرخۆدانە لەدژی قڕکردن و فاشیزم. لەدەرەوەی ئەوە هیچ شتێک گەلی کورد لە مردن ڕزگار ناکات. لەسەر ئەم بناغەیە هیوای سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان دەخوازین.

 لەبەرامبەر سیاسەتی گڵاو و قڕکەر، گەریلا بە بوێری و بڕیار و فیداکاری  بەرخۆدانێکی مێژووی بەڕێوە دەبات. گەلەکەمان پێویستە ئەوە بزانێت. هەموو ڕۆژێک گورزی قۆرس لە دوژمن دەدات. دەوڵەتی تورک کوژراوەکانی دەشارێتەوە و پرۆپاگەندەیەکی تایبەت بەڕێوەدەبەن. لە ڕێگەی تەلەفزیۆن، رادیۆ و ڕۆژنامە و رێکخراوەکانیان شەڕێکی تایبەت بەڕێوەدەبەن. وا نیشان دەدەن هەموو ڕۆژێک گەریلا دەکوژرێن و گەریلا تێکدەدەن. لەبەرئەوەی لەدەرەوەی ڕاگەیاندنی ئەوان، دەرفەتێکی زۆر نییە، هەندێک کەس لە ناو گەلەکەمان بڕوایان پێدەکەن. گەلەکەمان پێویستە بزانێت، داگیرکەران هیچ شتێک ناڵێن کە لە خزمەتیان دا بێت. دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان داخست و ڕۆژنامەنووسانیان دەستگیرکرد، بۆ ئەوەی کەس ڕاستیەکان نەزانێت. بە هێرشەکانیان هەوڵ دەدەن پرۆپاگاندەی یەکلایەنە بکەن و خەڵک هەڵخەڵەتێنن و ئیرادەیان لەناوببەن. هەوڵی لەناوبردنی ئیرادە دەدەن و بەو هۆیەشەوە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کردووە و ئەمەش بە واتای ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی ئیرادەیە.

 بۆ ئەوەی ئیرادەی کورد قبوڵنەکرێت، ئەنجامی هەڵبژاردەکان قبوڵ ناکەن. دەیانەوێت کورد دەست لە تێکۆشان هەڵگرێت. گەریلاش هەموو ڕۆژێک بەرخۆدان دەکات، بە قارەمانی تێکیاندەشکینێت و کۆتایی بە سیاسەتیان دەهێنێت. بەو بۆنەیەوە ڕێز لە هێزەکانی گەریلا دەگرم. گەریلا نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قارەمانێکی مێژووییە. پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لە گەریلا بکات. پێویستە لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە هەر شوێنێک کورد هەبێت، پێویستە گەنجان، چ کوڕ و چ کچ بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا بکەن. پێویستە گەریلا بەهێز بێت. بەهێزی گەریلا بەهێزی ئیرادە، ئازادی، ناسنامە، کلتور و کۆمەڵگابوون و داهاتووی گەلی کوردە، بە گەریلا هەموو شتێک بەدەست دێت و لەئێستاش بەدواوە بە گەریلا هەموو شتێکی دیکە بەدەست دێت. گەریلا بۆ گەلی کورد هێزێکی بنەڕەتییە. کورد لە ڕێگەی گەریلاوە لە مردن ڕزگار بوو و دەژی. لەبەرئەوە ئەگەر گەلی کورد دەیەوێت لە دژی قڕکردن بوەستێتەوە و بژی، پێویستە خاوەنداری لە گەریلا بکات. هەروەک چۆن گەریلا بە بوێری تێدەکۆشێت، پێویستە گەلی کوردیش بوێر بێت و تێبکۆشێت. بەڵام ئەگەر بە تەنها گەریلا تێبکۆشێت، کورد ناتوانێت بە زوویی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی بەدەست بێنێت. هەر کاتێک گەل و گەریلا یەکتریان تەواوکرد، یەکرتیان بەهێزکرد، بەیەکەوە تێکۆشانیان فراوانکرد، دەتوانن بەیەوەکەوە بە چارەسەری بگەن. داوا لە گەنجان دەکەین بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا بکەن. داوا لە گەلەکەمان دەکەم، چۆن گەریلا بەرخۆدان دەکات، ئەوانیش لەناو بەرخۆداندا بن. بەرخۆدانیان لەگەڵ گەریلادا ئاوێتە بکەن، ئەو دەمە نەک دەوڵەتی تورکیا هیچ هێز و دەوڵەتێکی دیکە ناتوانێت لەبەرامبەر ئازادی گەلی کورد ببێتە ئاستەنگ و بوەستێتەوە. گەلی کورد ئازادی خۆی بەدەستدەهێنێت.

 

ژ.ت