بۆ جاری یەکەم لە عێراقی دوای بەعس، سزای لەسێدارەدان بۆ ئەفسەرێک دەرچوو

لە دادگای عێراقی دوای بەعس، بۆ جاری یەکەم سزای لەسێدارەدان بۆ ئەفسەرێکی پۆلیس دەرچوو کە بە کوشتنی چالاکوانان تۆمەتبار بوو.

بڕیارەکە سەرەتا دوو مانگ دوای دەستپێکردنی چالاکییەکانی شەرمەزارکردن درا.

دادگای سزاکان لە شاری کوت لە باشوری بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەفسەرێکی پۆلیس بە پلەی (ڕائید) بڕییەوە کە بە کوشتنی چالاکوانان تۆمەتبار کرابوو. بڕیاری زیندانیکردنی حەوت ساڵیش بۆ ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی (موقەدەم) دەرکرد.

سەرچاوەکانی هەواڵی عێراق ئەوەیان ئاشکرا کرد کە دادگای تاوانەکانی پارێزگای کوت، بە پێی مادەی ٤٠٦ ی یاسای عێراق کە تایبەتە بە (کوشتنی بە ئەنقەست) سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەفسەرێک دەرکرد بەناوی (تارق مالک کازم) کە تۆمەتبارە بۆ کوشتنی بە ئەنقەستی خۆپیشاندەران.

سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کرد، هەمان دادگا بڕیاری زیندانیکردنی حەوت ساڵیشی بۆ (عومەر رەعد) دەرکرد بەپێی مادەی ٣٤٠ی یاسای عێراقی تایبەت بە تاوانەکان، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوو خۆپیشاندەر بەناوەکانی موئمیل خەفاجی و حسێن کەنانی لەلایەن پۆلیسەوە کوژران.

لە ١ی ئۆکتۆبەرەوە لە عێراق خۆپیشاندان لەدژی حکومەتی عێراق دەستیپێکردەوە و تا ئێستا ٤٢٠ خۆپیشاندەر کوژراون. لە ئەنجامی ئەو ناڕەزایەتییانەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا و ئەمرۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرا.

ف.ق