بە حەماسەتێکى زۆرەوە ٤هەمین کۆنگرەى هەدەپە بەڕێوەدەچێت

هەزاران کەس لە شارەکانى کوردستان و تورکیاوە لە هۆڵی ٤هەمین کۆنگرەى گەورەی هەدەپە کۆبوونەتەوە. ٣٠ هەزار کەس لە کوردستان و تورکیا و ٢٦ وڵات و هەرێمەوە و نوێنەرانی ٣٠ حیزب و دەیان رێکخراوی مەدەنی بەشداری لە کۆنگرەکەد دەکەن.

پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە هۆڵی ئەرینا لە ئەنقەرە ٤هەمین کۆنگرەى خۆی بەڕێوە دەبات. هەر لە بەرەبەیانەوە گەل بەرەو هۆڵی کۆنگرەکە کەوتونەتەڕێ. چاوەڕێ دەکرێت بە ٦٠٠ پاسی گەورە و سەدان ئۆتۆمبێلی تر ٣٠ هەزار کەس بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەکەدا بگوێزرێنەوە.

هەر لە ئێستاوە بەشی ناوەوەی هۆڵی کۆنگرەکە پڕ بووە. لە بەر دەرگاش سەدان کەس کۆبوونەتەوە و پۆلیسیش لە ٣ شوێنەوە خاڵی پشکنینیان داناوە و رێگا نادەن بەشداربوان جانتا، باتری و وایەری شەحن و... هتد لەگەڵ خۆیان ببنە هۆڵی کۆنگرەکە!.

سەرباری گەمارۆی پۆلیسەکانیش هەزاران کەس خۆیان گەیاندووەتە هۆڵی کۆنگرەکە. ژنان بە جلی ئاڵواڵی خۆیان بە رەنگەکانى سەوز، سوور و زەردەەوە هۆڵی کۆنگرەکەیان رازاندووەتەوە.

گەل لە هۆڵەکەدا دەستیان بە گێڕانی ئاهەنگ و شایی کردووە و بە چەپەڵ و هەلهەلە و بە دروشمەکانی "ئێمە بەرخودان سەردەخەین"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" گوڕێکى گەورەیان بە کۆنگرەکە  بەخشیوە.

میوان لە تونس، فەلەستین، ئوردن، مەغریب، قبرس، سوید، کەرتی رۆژئاوا، فەرەنسا، گالیچیا، ئەڵمانیا، ئوستورالیا، لوبنان، یونان، باسک، میسر، ئیتالیا، کاتالۆنیا، دانیمارک، نەرویج، بەریتانیا، سکۆتلاند، پرتوگال، فینلەندا، سویسرا، ئیسپانیا، ئەرمینیا و بە گشتی لە ٢٨ وڵاتەوە  بەشداری کۆنگرەکە بوون.

هەروەها نوێنەرانى زیاتر لە ٣٠ حیزب و ژمارەیەکى زۆر لە رێکخراوەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەشداری کۆنگرەکە بوون.

لە ناو میوانەکاندا تینی کۆکس سەرۆکی فراکسیۆنی یەکبوونی ئەنجوومەنى پەرلەمانتارانى ئەوروپا، لۆرینا لۆپیز لاکالی سەرۆکی هاوپەیمانیى ئازاد لە ئەوروپا، گیاکۆما فیلیبیک جێگری سکرتێری گشتیى پارتی سۆسیالیستی ئەووروپا، نیکۆس ئاندرۆلاکیس ئەندامی فراکسیۆنى سۆسیالیست و پەرلەمانتاری ئەوروپا هەن.

لە کۆنگرەکەدا لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد هەڵوێستێکى زۆر و بەهێز هەیە. لە هۆڵی کۆنگرەکەدا پۆستەرێک، کە لەسەری نووسراوە "ئیدی گۆشەگیری بەسە" هەڵواسراوە و دروشمیش بۆ پشتیوانى لە ئۆجالان وترانەوە.

ژ.ت