بە فڕۆکەى گلادیۆ بەرەو گەشتێکی نادیار – ١٠ –

دەوڵەتی تورک لە رۆژانی سەرەتای ساڵی ١٩٩٩دا بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پیلانگێڕیی دژ بە گەلی کورد، کابینەیەکی بە بولەند ئەجەوید دروستکرد. فڕۆکەیەکی گلادیۆ، کە ئۆجالانی تیادا بوو لە رۆماوە بەڕێکەوت و لە نێوان مۆسکۆ – مینیسک و ئەسینادا دەڕۆیشت و دەهات.

دەوڵەتی تورک لە رۆژانی سەرەتای ساڵی ١٩٩٩ دا بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پیلانگێڕیی دژ بە گەلی کورد، کابینەیەکی بە بولەند ئەجەوید دروستکرد. فڕۆکەیەکی گلادیۆ، کە ئۆجالانی تیادا بوو لە رۆماوە بەڕێکەوت و لە نێوان مۆسکۆ – مینسک و ئەسینادا دەڕۆیشت و دەهات. ئەوە هاوشێوەی گەشتی شەمەندەفەری بردنی قوربانییانی یەهودی بوو لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا.

دەوڵەتی تورک بە شێوەی وڵاتێکی بێ حکومەت و کابینە دەستی بە ساڵی ١٩٩٩ کرد. لەبەر هەبوونی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە رۆما، لە نێوان ئەنقەرە و رۆمادا قەیران و ئاڵۆزی گەیشتبووە بەرزترین ئاست. دوای ئەوەى جەهەپە پشتیوانیی خۆی لە حکومەتی ئاناسۆڵ – دی / ANASOL-D پێکهاتوو لە حیزبی دایکی نیشتمان (ANAP)، حیزبی دیموکراتیکی چەپ (دەسەپە - DSP)، حیزبی تورکیای دموکرات (BTP)  کشاندەوە، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨دا لە پەرلەمان دەنگدان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێ ئەنجامدرا. هەڵبژاردنەکەش بە هەڵوەشاندنەوەى ٥٥هەمین حکومەتی تورک بە سەرۆک وەزیرانیی مەسعود یڵماز کۆتایی پێهات.

لەبەر ئەوەش سولەیمان دەمیرڵ سەرۆک کۆماری تورک ئەرکی پێکهێنانی کابینەى حکومەتی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە بولەند ئەجەوید سەرۆکی گشتیی حیزبی دیموکراتیکی چەپ (دەسەپە - DSP) سپارد، کە حیزبەکەى چوارەم گەورە حیزبی پەرلەمان بوو. ئەجەوید لە دواین رۆژەکانی ١٩٩٨ نەیتوانی کابینەى حکومەت پێکبهێنێت و ئەرکەکەى رادەست کرد. لە هەفتەى سەرەتای ساڵی ١٩٩٩دا سەرلەنوێ ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی لە ئەستۆ گرتەوە. ئەجەوید بە پشتیوانیی حیزبی دایکی نیشتمان (ANAP) و حیزبی رێگای راست (DYP)ی حکومەتی پێکهێنا و حکومەتەکە لە ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ لەلایەن سولەیمان دەمیرڵەوە پەسەند کرا. لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا لە پەرلەمانیشدا لە ئاستێکی پێوانەیەدا دەنگی متمانەى پێدرا.

دوای ٤٥ رۆژ لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەجەوید کە لە ساڵانی ١٩٧٠ەوە لە ساتە قەیراناوییە مێژووییەکانی تورکیادا دەهاتە سەر تەختە وەک "کادێرێکی دەوڵەت" دەناسرا و سەرلەنوێ بۆ ئەرکەکەى بانگ کرایەوە. حکومەتى ٥٦هەمین تورکیا لەسەر پێشنیازی هێزە سەربازی و مەدەنییەکانی دەوڵەتی تورک دامەزرا و تاوەکو ١٨ی نیسانی ١٩٩٩ لەسەر دەسەڵات مایەوە. لە پێکهێنانی حکومەت زیاتر، ئەو هەوڵە لە دژی کەسایەتی ئۆجالان، وەک گرنگترین ئەرک و ئەندازیاری لە پیلانگێڕییەکەدا لە دژی گەلی کورد پێکهێنرابوو و بەو شێوەیە یادی دەکرێتەوە.

رۆیشتن لە رۆما و ئیمزاکردنی بەڵگە

لەو رۆژانەدا، کە حکومەتی نوێی ئەجەوید دەستبەکار بوو، دەوری حکومەتی ئیتالیا بە سەرۆک وەزیرانیی ماسیمۆ دالێما تەنگ کرا، بوونی عەبدوڵا ئۆجالان لە یەکێک لە کۆنترین پایتەختەکانی جیهان قورس کەوتبوو. رێبەری گەلی کورد بۆ ئەوەى بۆ دالێما نەبێت بە بار، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا بڕیارێکی مێژوویی دا و بە بەرپرسانی ئیتالیای راگەیاند، کە دەیەوێت لە ئیتالیا بڕوات. حکومەتى دالێماش وەک ئەوەى دەیزانی، یان مەزەندەیان کردبوو دواتر چی روودەدات داوایان لە عەبدوڵا ئۆجالان کرد، کە بە بەڵگە بە نووسینی ئەوەى کە "بە حەزی خۆم لە ئیتالیا چوومەتە دەرەوە" ئیمزا بکات. رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پارێزنامەکەیدا بەمشێوەیە باسی ئەو ساتە قەیراناوییانەى کردووە:

"ماوەى ٦٦ رۆژ لە ئیتالیا مامەوە، گوشاری قورسی دەروونی خرایە سەرم. بە گروپی پۆلیس باش راهێنراو، کۆنترۆڵکردنێکی قورسیان بەسەرمدا سەپاندبوو. نەیاندەهێشت لەوێش بڕۆم. پۆلیسەکان تاوەکو شوێنی خەوتنەکەشم دەهاتن. ئەگەر من پێداگریم بکردایە، کە بمێنمەوە، ئەوەیان بەسەردام دەسەپاند، کە بە پاساوی ئەوەى ئەگەری رفاندنت هەیە، دەبێت کۆنترۆڵکردنی توند و بەرفراوان قبوڵ بکەم. لە ئەنجامدا بە ناوبژیوانیی ئەحمەد یامان فڕۆکەیەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئیتالیاوە ئامادە کرا و سەرلەنوێ ناچار بووم بگەڕێمەوە بۆ رووسیا.

دالێماش بە پێداگرییەوە ئەوەى وەک مەرج بۆ دانام، کە ئەگەر لە ئیتالیا دەڕۆم، دەبێت بەڵگەیەک کە نیشانی بدات من لەسەر داوای خۆم رۆیشتووم، واژۆ بکەم. باش دەیزانی کە رۆیشتنم بە هەر شێوەیەکى تر نایاساییە، بۆیە ئەو هەڵوێستەى نیشاندا. کاتێک بە فڕۆکە تایبەتەکەى دالێما لە ناوچەى ناتۆ دووردەکەوتمەوە، لە بیرمە کە وتم، ئۆخەی. بەڵام ئەو رۆیشتنەم هاوشێوەی ئەو کەسە بوو، کە کاتێک هەوڵ دەدات لە باران رزگاری بێت، بەڵام دەبێت بە ژێر رەهێڵەى تەرزەوە.

دوای سەودا و مامەڵەیەکی قێزەون، کە مانگێک بەردەوام بوو، حکومەتی رۆما فەرمانی دەرکرد، کە لە ئیتالیا بڕۆمە دەرەوە و دەسەڵاتی پریماکۆڤیش بۆ جاری دووەم رێگای دا، کە بڕۆمەوە بۆ رووسیا. رۆژنامەى ئیل جیۆرناڵ رۆژی ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٨ بڵاویکردەوە، لامبێرتۆ دینی وەزیر دەرەوەی ئیتالیا پێشنیازی بۆ رووسیا کردووە و پێی وتون، "سەرلەنوێ ئۆجالان قبوڵ بکەنەوە، ئێمەش کارئاسانی دەکەین بۆ وەرگرتنی بەشی یەکەمی هاوکارییەکانی ساڵی ١٩٩٨، کە لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە (ئای ئێم ئێف - ÎMF)ەوە راگیراوە، یانی قەرزێکی ٨ ملیار دۆلاریتان پێشکەش دەکەن".

رووسیا لەو کاتەدا لە ناو قەیرانێکی قورسی ئابووریدا بوو، دوای ئەوەی ئەو "پێشنیازە بێ ئەخلاقانەیە"ی رۆمای قبوڵکرد، لامبێرتۆ دینی وەزیری دەرەوەى ئیتالیا و ئیگۆر ئیڤانۆڤ وەزیری دەرەوەى رووسیا، کردنەدەرەوەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد-یان لە ئیتالیا کردە رۆژەڤ و خستیانە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەگەر رووسیا بیتوانیایە ئۆجالان رەوانەى ئۆکرانیا، جۆرجیا، کازاخستان یان تاجیکستان بکات، ئەوا قەرزێکی تری گەورەتری لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (ÎMF) وەردەگرت. ئەو پلانە ئەو کاتە لەلایەن مۆسکۆوە بە درۆخرایەوە. میدیاکانی رووسیا شوێنێکی زۆریان بۆ ئەو بابەتە تەرخانکرد و لەوبارەیەوە نووسییان "مۆسکۆ جارێکیتر نایەوێت بە هیچ شێوەیەک ئۆجالان لە رووسیادا ببینێت".

ئەو نامەیەی کە بۆ دالێما نێردرا

لە هەفتەکانی سەرەتای ساڵی ١٩٩٩ دا ئەو رووداوانەى روویاندا نیشانیاندا، کە بەڕێوەبەریی رۆما – مۆسکۆ لە سەودا و مامەڵەدا لەگەڵ یەکتر رێککەوتون. لەو نێوانەدا رێبەری گەلی کوردیش خواستی سپاسی دالێما بکات و لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا و پێش ئەوەى لە ئیتالیا بڕواتە دەرەوە ئەم نامەیەی بۆ دالێما نووسیبوو:

"بەڕێز سەرۆک وەزیر، ماسیمۆ دالێما، پێش هەموو شتێک بەهۆی میوانداریتانەوە، کە زیاتر لە ٢ مانگ لە وڵاتی ئیتالیا مامەوە، سپاستان دەکەم. بەهۆی گوشارە ناڕەواکان، نەک لەبەر ئێمە، بەڵکو بەهۆی تەنگاوبونی ئێوەوە خەمبارم، بەڵام لەو بڕوایەدام و دڵنیام، کە بە مافداریی ئامانجی بەها سیاسییە باڵا و مرۆییەکانی ئەم دۆخ و سەردەمە، ئەوە قەرەبوو دەکرێتەوە و ئێوەش بەوە دڵخۆش بن.

بە ئیرادەی ئازادی خۆم لە وڵاتەکەتان دەڕۆم، دەزانم ئەو هەنگاوە، کە هەڵیدەگرم هێژایە، بۆ ئەوەش لەسەر بنەمای ئەوەى ئاشتی تەواو بکەم و مەلومەرجی بۆ ئامادە بکەم، هیوادارم کە بۆ کۆنفرانسی چارەسەریی کێشەی کورد من بێم. ئەو هەنگاوەی من هەڵمگرتووە هەنگاونانی بۆ دواوەی تیادا نییە. بۆ ئەوەى شانسێکی بەهێز بدەم بە چارەسەری سیاسیی بەردەممان، من ئەو هەنگاوەم هەڵگرتووە.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دۆخەکەى سات بە سات قورس دەبێت، ئێمە لە ئاستی کلیلی ئاشتیداین، لەو بڕوایەدام، کە بە کردەوە پێگەی پێشەنگی ئیتالیا بۆ سیاسەتی کورد، لە چوارچێوەی بەها و یەکگرتوویی و یەکێتیی ئەوروپادا هاوکارییەکی بەهێز بکات و بۆ ئەوەى بتوانین پێکەوە کار بکەین، من هەموو کات ئامادە دەبم بە ئەرکەکانی خۆم هەستم. من لەو بڕوایەدام کە ئێوە دەزانن، ئیمە لە قۆناغێکی زۆر قورسداین و ئێوە هاوکارییەکانی خۆتان ناگەڕێننەوە. بەم بۆنەیەوە رێزی خۆم پێشکەشی رای گشتی دیموکراتیکی ئیتالیا دەکەم و بۆ حکومەتەکەتان سەرکەوتن دەخوازم و جارێکیتر سەرکەوتن و هیوای خۆم بۆ سەرکەوتنی ئێوە دووبارە دەکەمەوە".

ئەو رۆژەى کە رێبەری گەلی کورد لە رۆما رۆیشتە دەرەوە، لە کۆشکی سپی راگەیاندراوێکی تر بڵاوکرایەوە. بەوەش جارێکیتر ئەوە سەلمێندرایەوە، کە بەڕێوەبەریی ئەمریکا لەو کاتەدا یەکێک لە ئاکتۆرە سەرەکییەکانی پیلانگێڕییەکە بووە. سێندی برگر سەرۆکی دەستەى ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا رایگەیاند: "دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ببرێتە بەردەم دادگا و باجەکەى بدات. ئێمە خواستمان ئۆجالان لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکان و یاسا ناوخۆییەکانی وڵاتە پەیوەندیدارەکاندا رادەستی تورکیا بکرێت، بەڵام لە یاساکانی ئیتالیادا ئەوە جێبەجێ نەکرا".

کۆرۆنۆلۆژیای (ریزبەندیی رووداوەکانی) ١٧ رۆژ

١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: کاتێک ئۆجالان گەیشتە مۆسکۆ، بەرپرسانی ئاسایشی رووس پێیان وت، "حکومەتەکەمان رێگا نادات ئێوە لێرە بن. دەبێت ئێوە بەبێ پاساو لە ماوەى ٣ رۆژدا رووسیا بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو شوێنەى کە ئێوەى بۆی دەڕۆن ئێمە دیاریی دەکەین".

١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: ئالکساندر لێبیدیڤ باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە بەڵێنی بە حکومەتى تورک دا و وتی، "هەر کات ئۆجالان دەستگیر بکرێت دەردەکرێت". ئەجەوید هەمان رۆژ لەگەڵ راگەیاندنەکانی تورک دا قسەى کرد و وتی "دیارە گەشتەکەى ئۆجالان بە رەزامەندیی بەرپرسانی رووس بووە. مەزەندە دەکرێت گەشتەکەى بە مەبەستی تێپەڕین لە ترانزێت بێت".

١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: ئاشکرا بوو، بۆ ئەوەى ئۆجالان لە رووسیا بکرێتە دەرەوە، مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەى ئەمریکا لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا سەردانی مۆسکۆ دەکات.

٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: رێبەری گەلی کورد زۆر بە خێرایی لەو شوێنەى لە مۆسکۆدا تیادا نیشتەجێ بوو برایە دەرەوە و بە زۆر خرایە ناو فڕۆکەیەکی کارگۆ و بردیان بۆ دەرەوەى سنووری رووسیا. دواتر ئەوە روون بوویەوە، ئەو شوێنە دووشەنبەی پایتەختی تاجیکستان بوو.

٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: شەنگول ئاتاسانگیون راوێژکاری دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی تورک (میت) و بولەند ئەجەوید سەرۆک وەزیرانی تورک و سولەیمان دەمیرەڵ سەرۆک کۆماری تورک کۆبوونەوە و رایانگەیاند: "ئێمە لەو بڕوایەداین شوێنەکەى ئۆجالان لە رووسیا دەستنیشان دەکرێت و دەستگیر دەکرێت".

٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: ئیگۆر ئیڤانۆڤ وەزیری دەرەوەى رووسیا رایگەیاند: "من دەتوانم ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان بە شێوەیەکى فەرمی رابگەیەنم و دەڵێم، ئۆجالان لە خاکی رووسیادا نییە".

٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەى ئەمریکا رۆیشت بۆ مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و لەگەڵ پریماکۆڤ سەرۆک وەزیرانی رووس کۆبوویەوە. رۆژەڤی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان رێبەری گەلی کورد بوو.

٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: دوای ئەوەى ئۆڵبرایت مۆسکۆی بە جێهێشت، ئۆجالان کە لە شاری دووشەنبەی پایتەختی تاجیکستان بوو و لەلایەن رووسەکانەوە بۆ ماوەى ٨ رۆژ گۆشەگیرکرابوو، سەرلەنوێ بردیانەوە بۆ مۆسکۆ.

٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: بە ناوبژیوانیی ناکاساکیس جەنەڕاڵی خانەنشینی یونان فڕۆکەیەکی تایبەت رەوانەى رووسیا کرا. ئۆجالان بەو فڕۆکەیە بۆ جاری دووەم رووی لە ئەسینا کرد. رێبەری گەلی کورد چووە گوندی نیا مارکی، کە ٤٠ کلیۆمەتر لە ئەسینای پایتەختەوە دوور بوو و لە ماڵی ڤولای نووسەردا مایەوە.

٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: ناکاساکیس لەگەڵ تیۆدۆرۆس پانگالۆس وەزیری دەرەوەى یونان بۆ مانەوەى ئۆجالان لە یونان چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. پانگالۆس رایگەیاند: "من دەمەوێت رووبەڕوو چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام بدەم" و ئەو پەیامە برا بۆ رێبەری گەلی کورد. ئۆجالان لەگەڵ ناکاساکیس رۆیشت بۆ شوێنی چاوپێکەوتنەکە، بەڵام لە بریی پانگالۆس، ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی یونان بە ناوەکانی ستاڤاراکاکیس و کالەنتەریدیس پێشوازییان لێکرد.

٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: بە فڕۆکەیەک کە لەلایەن یونانەوە ئامادە کرابوو، ئۆجالان برا بۆ شاری مینسکی پایتەختی بیلاروس. گوایە دەبوایە رێبەری گەلی بە فڕۆکەى دووەم لە شاری مینسکەوە بڕۆشتایە بۆ شاری لاهای هۆڵەندا.

١ی شوباتی ١٩٩٩: رادیۆی هۆڵەندا بڵاویکردەوە، رێبەری گەلی کورد خواستویەتی بێت بۆ هۆڵەندا، بەڵام داواکەى قبوڵ نەکراوە. ئەو شەوە نەک تەنها ئاسمانی هۆڵەندا، بەڵکو سەرتاسەری ئاسمانی ئەوروپا بەڕووی ئۆجالان دا داخرابوو. لە مینسک بە بەردەوامی هەوڵیان دەدا ئۆجالان لە فڕۆکەکە ببەنە دەرەوە، بەڵام ئۆجالان ئەو گوشارانەى قبوڵ نەکرد و لە فڕۆکەکە نەچووە دەرەوە. لەبەر ئەوەش فڕۆکە یونانییەکە هەر هەمان شەو لە دەورووبەری کاتژمێر ٠٤:٠٠ دا سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ ئەسینا.

ئۆجالان گەڕایەوە بۆ ئەسینا و جارێکیتر لەلایەن ستاڤاراکاکیس کادێری ئەمریکا و ناتۆوە پێشوازیی لێکرا و هەمان شەو زۆر بە خێرایی ئۆجالانیان برد بۆ دوورگەیى کۆرفو، کە بارەگای سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیای تیادا بوو. بەرەبەیانی ١ی شوبات، پانگالۆس بە تەلەفون لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەسینا نیکۆلاس بورنس قسەی کرد و پێی راگەیاند، ئۆجالان لە یونانە. بورنس-یش فەرمانی بە پانگالۆس کرد 'باشە ئێوەش لە یونان دەری بکەن، ئێمە کارەکانی تر دەکەین'.

٢ی شوباتی ١٩٩٩: ئۆجالان ئەمجارە لە ماڵێکدا لە دوورگەی کۆرفو  گۆشەگیر کرا و کاتژمێر ٢٠:٣٠ بۆ ئەوەى بە فڕۆکە بڕوات بۆ ئەفریقا، کەوتەڕێ. شەوی ١ لەسەر ٢ی شوبات لە کاتژمێر ٠٥:٣٠ دا فڕۆکەیەکی سەربازیی شاراوە بۆ وەرگرتنی ئۆجالان هات بۆ فڕۆکەخانە، بەڵام هیچ لۆگۆ و تۆمارێکی فەرمیی نەبوو. نە ژمارە و هێما و کۆد، هیچی لەسەر نەبوو. هیچ ئاماژەیەکی پێوە نەبوو، کە بۆ کوێ دەچێت. فڕۆکە شاراوەکە، کە لە سویسراوە هاتبوو، لەلایەن گلادیۆ ناتۆ، یان سی ئای ئەی (CIA)یەوە ئامادە کرابوو و بەرەو شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا بەڕێکەوت.

ئەو رۆژانەى چوارمێخ و دارەبەست ئامادە کران

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دواتر لە پارێزنامەکەیدا لەبارەى ئەو ١٧ رۆژەی دوای رۆیشتنی لە رۆما و گەیشتنی بە کینیا وتی:

"قۆناغەکە قۆناغی ئامادەکردنی چوارمێخ و دارەبەست بوو. لە مۆسکۆ یەکەم بزمارەکانی بە بەهێزی لێدرا. من بۆ یەکەمجار ئەوەم لە دیمەنی دەموچاو و رووخساریاندا بینی، کە هەرگیز دۆستانە نەبوو. ئاشکرا بوو، کە بڕیارەکە لە ئاستی باڵادا دراوە و مسۆگەر بوو. من بەوانم وت، دەمەوێت بڕۆم بۆ کوردستان. وتیان 'ئێمە دەتوانین لە رێگەى ئەرمینیاوە تۆ ببەین بۆ سەر سنوور'، بەڵام هاوکات وتیان 'دۆخەکە گۆڕا، ئێمە دەڕۆین بۆ تاجیکستان'. منیان برد بۆ شوێنێک وەک ماڵی لادێیەک بوو. ئەوە بە زۆر رفاندنم بوو. لەوێ ٨ رۆژ گۆشەگیرکراو بووم، بە تەواوی هەموو پەیوەندییەکانمیان لەگەڵ دەرەوەدا پچڕاند.

لە ٨هەمین رۆژی ئەو گۆشەگیرییەدا یانی لە ٢٨ی کانونی دووەمی ١٩٩٩دا فڕۆکەیەک سەرلەنوێ منی بردەوە بۆ مۆسکۆ. لە مۆسکۆ لەلایەن کەسێکەوە، کە من ئەوم نەدەناسی پێشوازیم لێکرا، دواتر لە فڕۆکەخانەوە منیان برد بۆ بینایەک کە یەکە تایبەتەکانی رووسی تیادا دەمایەوە. بەرپرسانی رووس لەوێ دوای ماوەیەکی کەم هاتن بۆ لام، هەڕەشەیان کرد و وتیان، سبەی دەتکەینە فڕۆکەیەک کە دەڕوات بۆ شام (دیمەشق). ئامانجیان ئەوە بوو، کە لە رێگەى سوریاوە من رادەستی تورکیا بکەن، چونکە سووریا لەگەڵ تورکیا رێککەوتبوو، کە ئەگەر جارێکیتر من بگەڕێمەوە بۆ سوریا، من رادەستی تورکیا بکات. لەبەر ئەوەش فڕۆکەکە بە ئاسمانی تورکیادا تێدەپەڕی، دەتوانرا فڕۆکە لە ئاسمان بکرێتە ئامانج و لەناو ببرێت، بۆیە من ئەو پێشنیازەم قبوڵ نەکرد.

وەک دوا وێستگە، بە فڕۆکەیەک، کە ناکساکیس جەنەڕاڵی خانەنشینی یونان و ئایفەر کایای وەرگێڕ هێنابویان، لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا لە ئەسینا نیشتینەوە. لەلایەن ناکساکیسەوە لە بەشی ڤی ئای پی (VIP)یەوە تێپەڕیم و منیان برد بۆ ماڵی ڤولای نووسەر لە نیا مارکی. شەوێک لەوێ مامەوە. وادیار بوو حکومەتی یونان ئاگاداری گەڕانەوەکەم بوو، بەڵام ئاگاداری شوێنی مانەوەکەم نەبوون. ئەو بەرپرسانەى رووس کە منیان لە لینینگرادەوە بەڕێکرد، ئامۆژگارییان ئەوە بوو، کە پێش ئەوەى بگەمە یونان لە شاری بوخارستی پایتەختی رۆمانیا داببەزم و لەوێوە بڕۆم بۆ ئەسینا. من لەوە کەوتمە گومان، بۆیە لە بوخارست دانەبەزیم و راستەوخۆ رۆیشتم بۆ ئەسینا. ناکساکیس دواتر ئیدعای ئەوەى کردبوو، بڕیار درابوو رادەستکردنم بە تورکیا لە بوخارستەوە رووبدات. وەکو ناکساکیس پشتڕاستی کردووەتەوە، ستاڤاراکاکیس کە لەو کاتەدا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی یونان بوو، لە بوخارست چاوەڕێی من بوو. لە دوا ساتدا ئێمە وێستگەى رۆما – بوخارستمان قبوڵ نەکرد و بە ناچار ئێمە رۆیشتین بۆ ئەسینا.

بەیانیی ٣٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ و کاتێک ناکساکیس هات بۆ ماڵی ڤولا لە نیا مارکی، شپرزە دیار بوو و قوڕ بە جلەکانییەوە بوو.

ئەوەى بۆ من مابووە، ئەوە بوو کە بڕوا بە دۆستەکانم بکەم و من ببن بۆ شوێنێک کە دەیانخواست. ئەوە لە کەسایەتیی کالیندریدیس دا بەردەوام بوو. منیان بە زۆر برد بۆ ماڵێک. من جارێکیتر داوای مافی پەنابەریم کرد، بەڵام ستاڤاراکاکیس هەم داواکەمی لە بواری فەرمیدا نەخستەڕوو و هەم راشیگەیاند، ئەو داوایە قبوڵ ناکرێت. ئەوە پێوانە و رێکارێکی نایاسایی بوو. منیان بە زۆر گرت و نەیانهێشت کەس لێم نزیک بێتەوە. هەروەها پێیان وتم، تۆ لە سنووری یونان دەبینە دەرەوە، بەڵام نەیان دەوت، من بۆ کوێ دەبەن.

لە ناو ئەو باردۆخە نادیار، تفت و گوشارانەدا من پێشنیازم کرد، کە ببمەن بۆ هۆڵەندا. ستاڤاراکاکیس بانگەشەی ئەوەی دەکرد، بەهۆی ریککەوتننامەى شنگەوە، ئەگەر من لە یونانەوە بڕۆم بۆ هۆڵەندا ئەوا من سەرلەنوێ دەگەڕێننەوە بۆ یونان، بۆیە دەیخواست من بڕۆم بۆ وڵاتێک کە ئەندامی رێککەوتننامەى شنگن نەبێت. بۆ ئەوەش شاری مینسکی پایتەختی بیلاروس هەڵبژێردرا. بەپێی پلانەکە، فڕۆکەیەک لە ئەسیناوە منی دەبرد بۆ شاری مینسک لە بیلاروس. دواتر فڕۆکەى دووەمیش لە مینسکەوە منی دەبرد بۆ شاری لاهای هۆڵەندا. بە فڕۆکەیەک، کە لەلایەن بەرپرسانی یونانەوە ئامادە کرابوو، لە ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا بەرەو فڕۆکەخانەى مینسک بەڕێکەوتم. لە کاتی گەشتەکەمدا پێم راگەیاندرا، فڕۆکەی دووەم لەوێ ئامادە دەکرێت. مینسک ناوچەی ژێر ئەرک و پاراستنی رووسیادا بوو. گوایە وتبویان، فڕۆکەى دووەمیان بۆ رۆیشتن بۆ هۆڵەندا ئامادە کردووە، بەڵام کاتێک گەیشتنە مینسک، وتیان، فڕۆکەی دووەم نایەت. بە شێوەیەکى روون و ئاشکرا گەمەیان دەکرد. لەو بارودۆخە قورسەی زستاندا بۆ چەند کاتژمێرێک لە فڕۆکەکەی یوناندا راوەستام. دۆخەکە نادیار بوو. سەرنجڕاکێش ئەوە بوو، کە فڕۆکەوانەکە هەوڵی دەدا ئێمە دابەزێنێت. لەبەر ئەوە دۆخەکە گوماناوی بوو، من رەتم کردەوە، کە لە فڕۆکەکە دابەزم.

وەک گەشتی شەمەندەفەرەکان بوو بەرەو شوێنی پاکتاوکردن...

کاتێک فڕۆکەکەى گلادیۆ بەسەر دەریای سپیی ناوەڕاستدا دەڕۆیشت، من ئەو دۆخەم شوبهاندبوو بەو شەمەندەفەرانە، کە قوربانییەکانیان بەرەو شوێنی کوشتارکردنى یەهودییەکان دەبرد. کاتێک من لە مینسک دەگەڕامەوە، بۆ ئەوەى فڕۆکەکەمان لە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا نەنیشێتەوە بۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێر هۆشداری بە فڕۆکەخانەکان درابوو.

لەبەر ئەوەى لە فڕۆکەکە دانەبەزیم، فڕۆکەکەى یونان لە شەوی ٣١ی کانوونی دووەم لەسەر ١ی شوبات و لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ دا گەڕایەوە ئەسینا. ئەو کاتەى گەڕاینەوە و لە ئاسمانیشدا بووین لە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریدا بووین. بۆ وەرگرتنی سوتەمەنیش رێگا نەدرا ئێمە لە فڕۆکەخانەیەکی تر بنیشینەوە. ئەو هێزەى، کە بەو بەرفراوانییە و لەو ئاستەدا هەموو فڕۆکەخانەکانی خستبووە  ژێر کۆنترۆڵی خۆی، تەنها دەکرێت کاری ناتۆ بێت. هەر ئەو رۆژەى کە من لە دوورگەى کۆرفو لە ناو گۆشەگیریدا راگیرابووم (١ی شوباتی ١٩٩٩) سەرلەبەیانییەکەى پانگالۆس لە رێگەى تەلەفونەوە لەگەڵ نیکۆلاس بورنس باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەسینا قسەى کردبوو و پێی راگەیاندبوو، من لە یونانم.

کاتێک پێیان وتم، "ئێوە دەبەین بۆ کۆماری ئەفریقای باشوور" منیش پێم وتن، "چۆن ئەفریقا!" و ناڕەزایەتیی خۆم نیشاندا. کالیندریدیس بۆ ئەوەى نیگەرانیی من بڕەوێنێتەوە بەڵێنی زۆری دا و وتی، "ئێوە لە باڵیۆزخانەى ئێمە لە ئەفریقا دەمێننەوە. ئەو شوێنە خاکی یونانە، مافی پارێزبەندی و پارێزراوبوونی هەیە. جگە لە ئێمە هیچ هێزێک ناتوانێت دەستوەردانی تیادا بکات، ئێوە لەوێ پارێزراو دەبن. ژیانی ئێوە لەوێ پارێزراو دەبێت". هەروەها ئەو بە وتەى ئەوەی، کە ئەو شوێنەى من بۆی دەڕۆم، وێستگەیەکی نێوان رێگایە، لەگەڵ ئەفریقای باشوور قسە دەکەن و پێشتریش پەیوەندییان لەگەڵیان بەستووە. لەوێ قەت باسی کینیا نەکرا، تەنها دەیانوت، ئەفریقا. دواتر ئەوە ئاشکرا بوو، ئەو بەڵێنانەى درابوون بەڵێنی درۆ بوون...

بە ئێمە راگەیاندرابوو، ئەو فڕۆکە، کە دەیانوت "دەڕوات بۆ ئەفریقا" لە کاتژمێر ١٩:٠٠ گەشتەکەى دەستپێدەکات، بەڵام لەبەر ئەوەى میدیاکان بڵاویانکردبووە، کە من لە کۆرفودام، کاتی رێککەوتنی فڕۆکەکە بۆ کاتژمێر ٢٠:٣٠ دواخرا. هەر دوای "رووداوی پێکدادانی فڕۆکەکە لە کۆرفو" کە چاوەڕان نەکراو بوو، بە فڕۆکەیەکی تایبەت، کە مەزەندە دەکرا لە سویسراوە هاتبێت، لە فڕۆکەخانەى سەربازییە شاراوەکەوە، کە هی یونان نەبوو، چاوەڕێی من بوو. رەنگە ئەوە فڕۆکەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا سی ئای ئەی (CIA)، یان دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا بوو بێت. سەرنجڕاکێش ئەوە بوو، ئەو شۆفێرە کە منی دەبرد بۆ ناو فڕۆکەکە زۆر جار لە ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزی و سەردەکەوتەوە، وەک ئەوەى نەیەوێت سواری ئۆتۆمبێلەکە بێت. کاتێکیش سواری ئۆتۆمبێلەکە بوو، وەک ئەوە وابوو کە نەیدەخواست هەرگیز بە فڕۆکەکە بگات. من نەمتوانی لەوەش ئەنجامێک بە دەست بهێنم. من ئەوەندە بڕوام پێی هەبوو، کە لە کتێبی دۆستایەتیدا شوێنێک بۆ خیانەتێکی لەو شێوەیە نییە، یەکێک لەو ساتەدا بە منی بوتایە "تۆ دەڕفێندرێیت" من لە دژی دەوەستامەوە، چونکە ئەوە شوێنێکی لە پرتوکی مرۆڤایەتیدا نەبوو...

لە راستیدا، دوای روودای بەر یەککەوتنی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەکە لە کۆرفو، ئەوەم بۆ روون بوویەوە، کە ئێمە ناڕۆین. شەوی ١ی شوبات لەسەر ٢ی شوبات، کاتژمێر ٠٥:٣٠ فڕۆکەیەکی تایبەت بە شێوەیەکی نهێنی هات بۆ فڕۆکەخانە سەربازییەکە. ئەو فڕۆکەیە لە فڕۆکەخانەی کۆرفو (پاتراس) نیشتەوە، بەڵام هیچ تۆمارێکی فەرمیی نەبوو، بەڵام لەو فڕۆکەیەی پێشووتر جیاواز بوو، کە تووشی رووداوی بەریەککەوتنەکە بوو. کاتێک لە فڕۆکەکە سەرکەوتم و چوومە ناو فڕۆکەکە، کەسانی ناو فڕۆکەکە زەردبوون و بە ئینگلیزی دەدوان و خزمەتکاریان هەبوو. من لە کالیندریدیس-م پرسی، 'ئەم فڕۆکەیە فڕۆکەیەکی ئەمریکییە؟ ئەوان ئاگاداری ئەم گەشتەى ئێمەن؟" کالیندریدیس جارێکیتر شارەزایانە رۆڵی خۆی بۆ رەواندنەوەى گومانەکانم گێڕا و رۆیشتنی ئێمەی بۆ کینیا لەم دووەم فڕۆکەیەدا بۆ باس کردم".

سبەی: دۆزەخی نایرۆبی و سەرهەڵدان

ژ.ت