بە مووشەک هێرشکرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا

ناوچەی سەوزی بەغدا جارێکی دیکە کەوتەوە بەر هێرشی مووشەکی کاتیۆشا، بەڵام لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە هێرشەکان تێکشکێنران.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو بە چەند مووشەکێک ناوچەی سەوزی بەغدا کرایە ئامانج، بەڵام سیستمی بەرگری “سی رام” کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لەنزیک باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی جێگیرکراوە، هێرشەکان لە ئاسمانەوە تێكشکێنران.

هاوکات سوپای عێراق چوار مووشەکی کاتیۆشای ئامادەکراوی بە ئاڕاستەی ناوچەی سەوز دۆزییەوە، هەروەها تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە.

لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوەوە بنکە و بارەگا سەربازیەکانی ئەمریکا لە عێراق ٣٠ هێرشیان بە مووشەک و کراوەتە سەر، لە کاتێکدا ماوەی زیاتر لە دوو مانگە حەوت بنکە و بارەگای سەربازی چۆڵکردووە و ڕادەستی هێزەکانی عێراقی کردووەتەوە.