بە هۆی تەوقینەوەیەک لە خانەقین، ٣ سەربازی سوپای عێراق کوژران

بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوی چەتەکانی داعش، لە سنوری شارۆچکەی خانەقین ٣ سەربازی سوپای عێراق کوژران و فەرماندەیەک و ٣ سەربازی دیکەش برینداربوون.

شەوی ڕابردوو، لە نێوان هەردوو شارەدێی قەرەتەپە و گوڵاڵەی سەر بە شارۆچکەی خانەقینی سەر بەپارێزگای دیالە، تەقینەوەیەک ڕوویدا و قوربانی لێکەوتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی، محەمەدی حاجی عومەر، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لەبەرامبەر گوندی کەشکوڵ، لە سنوری خانەقین هێزێکی سوپای عێراق بە سەرپەرشتی عەقید ئەرکان، کە لەسنوری گوندەکە سەرقاڵی پاراستنی ناوچەکەبوون بۆمبێک پێیاندا تەقیوەتەوە.

وتیشی: لە ئاکامی تەقینەوەکە عەقید ئەرکان بریندار بووە و سێ پاسەوانیشی کوژراون و سێ پاسەوانی دیکەشی برینداربوون.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەرچی ئەو ناوچەیە لەژێردەسەڵاتی سوپای عێراقە، بەڵام بۆشایی ئەمنی تێدایە.