بەردەوامی ناڕەزایەتی کرێکاران لە ئێران

کرێکارانی خانەنشینی 'هەفت تەپە' لە پارێزگای خوزستانی ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەردەم کارگەکە چادریان هەڵدا، هاوکات لە خۆپیشاندانێکدا کەسوکاری چەند کرێکارێکی دەستگیرکراو گردبوونەیەکیان ئەنجامدا.

کەناڵی تلگرامی سەندیکای کرێکاران ئەمڕۆ ڕایگەیاند، کە ژمارەیەک لە کرێکارانی خانەنشینی کارگەی 'هەفت تەپە'ی ئەهواز-ی سەربە پاریزگای خوزستان لە بەردەم کارگەکە چادریان هەڵداوە، هەرئەمڕۆ گردبوونەوەیەکی نارەزایی دژی دەستگیرکردنی کرێکاران بەڕێوەچوو.

کرێکاران چادریان هەڵداوە و ڕێگە نادەن قامیشی شەکر بڕواتە ناو کارگەکەوە لە ئەهواز.

هەروەها زیاتر لە مانگێکە، دوو نوێنەری کرێکاران و ڕۆژنامەنووسێک لە شارۆچکەی شوش-ی سەر بە ئەهواز لە پارێزگای خوزستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، بۆ ئازادبوونیان کەسوکاریان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

خانەوادەی کرێکارانی زیندانیی لە بەردەم دادگای شاری شوش-ی گردبوونەوە و داوای ئازادی کرێکارانیان کرد.

ئەوەش جاری یەکەم نییە کە کرێکارانی خانەنشینی کارگەکە خۆپێشاندان دەکەن، مانگێک لەمەوبەریش دیسان ئەو کەسانە گربوونەوە و داوای پاداشتی دوو ساڵی ڕابردوویان کردبوو کە پێیان نەدراوە.

هەر ئەمڕۆش لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران بەرامبەر سیاسەتەکانی دەوڵەت، دۆخی نالەباری ئابوری، ژیانی سەخت، بێکاری، هەژاری، هەروەها گرانبوونی شتومەک و گەندەڵی کاربەدەستان، لە چەند شوێنیکی ئێران چەند خۆپێشاندان بەڕێوەچووە.