بەردەوامی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەرهاوڵاتیان

جەواد و ئەمین ئەشرەفی، دوو کارناسی ويستگەی کارەبای هەمەدان، لە ژێر گوشار دان بۆ ئەوەی دانپێدانان بکەن بەو تاوانانەی وا دەزگا ئەمنییەکان بەسەریان دا سەپاندویانە.

 

جەواد و ئەمین ئەشرەفی، ڕۆژی ٢١بەفرانبار لە سەر کارەکەیان بە زۆری لێدان و به بێ حوکمی دادگا، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

پاش چەند ڕۆژ بەدوا داچوونی بنەماڵە و بێ ئاگایی لە چارەنووسیان، بە تیلێفون ماڵەوەیان ئاگادار دەکەنەوە کە لە ژێر کۆڵینەوەیەکی قورسی لێکۆڵەرەکانی ئیتلاعات دابوون. ناوبراوان ڕایانگەیاندووه که دەیانهەوێ بە زەبری لێدان و گوشاری دەروونی، دان بەو تاوانانه دابنێین کە بومان هەڵبەستراوە و داوامان لێدەکەن کە قسەکانی لێکۆڵەرەکان پشت‌ڕاست کەینەوە.

جەواد و ئەمین لەو پەیوندییەدا به بنەماڵەکانیان وتووه کە دراونەتە گرتووخانەی ناوەندی شاری هەمەدان. بەڵام زانراوە کە چەند ڕۆژ دواتر لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە گرتووخانە ڕاگوێزراون و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون.

زانراوە کە دوابەدوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە مانگی ڕابردوودا هەزاران کەس دەستبەسەر کراون و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە حەولی ئەوەدان به سیخۆری داردەست بوونی وڵاتانی دیکه تاوانباریان بکەن. هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەیانهەوێ دەستبەسەرکراو ناچار بە دانپێدانانی خۆڕایی بکات. لە ئەگەری ساخ‌بوونەوەی تاوانەکانیان ئەگەری سەپاندنی سزای قورس و تەنانەت لەسێدارەدانی لە ئارادایه.