بەرهەم ساڵح: موهەندیس و سولەیمانی ڕۆڵی گرنگیان بینی لە دژی داعش

د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی كوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی دەكات، ڕاشیگەیاندووە: موهەندیس و سولەیمانی ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەیان بینیوە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی داعشدا.

کاردانەوەکان دژی کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس بەردەوامیی هەیە، لەوچوارچێوەیەدا د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە داخەوە هەواڵی شەهیدبوونی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی'یمان بیست، ئەوان ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەیان بینیوە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی داعشدا.

سەرۆکایەتی کۆمار ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە:"ئێمە ئیدانەی ئەو كارە دوژمنكارانە دەكەین كە سەركردەی ئەمنی سەر بە دامەزراوەی سەربازی عیراقی تێدا كراوەتە ئامانج، كە بێگومان كاردانەوەی خراپ بە دوای خۆیدا دەهێنێت ئەگەر دەنگی  بە عەقڵ و ژیری باڵا دەست نەبێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا د.بەرهەم داوای خۆڕاگریی و ژیریی لە هەموو لایەک دەکات و دەشڵێت:"لەم دۆخەدا دەبێت یەكبوونی خۆمان بپارێزین و ڕیزەكانمان یەكبخەین لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتیمانییە باڵاكاندا بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عیراق".

ف.ق