بەموشەک هێرش کرایە سەر ڕیازی پایتەخت و ۳ شاری سعودیە

درەنگانی شەوی یەک شەممە، بە چوار موشەکی زەمین بەزەمینی دوورهاوێژ، لە نێویاندا فڕۆکەخانەی ڕیازی پایتەخت، هێرش کرایە سەر ٤ فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی.

 

کەمێک پێش ئێستا، ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە،" درەنگانی شەوی یەک شەممە، بە چوار موشەکی زەمین بەزەمینی دوورهاوێژ، کە لە یەمەنەوە تەقێندراون، هەر یەکە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی شارەکانی، 'ڕیازی پایتەخت، ئەبها، جيزان و نەجران'ی شانشینی عەرەبستانی سعودی کراونەتە ئامانج".


لەو بارەوە ئاژانسی سەبای نزیک لە حوسیەکانی یەمەن هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوەتەوە و ئاشکرای کردوە، " موشەکەکان لە جۆری زەمین بەزەمینی دورهاوێژی H2 بوون و ئامانجیان پێکاوە و زیانی گەورەیان لێکەوتووەتەوە ".

بەڵام بەرپرسانی عەرەبستانی سعودی ڕایانگەیاندوە،" بە دژە موشەک لە موشەکەکانی حوسیەکانیان داوە و بەر لەوەی بگەنە ئامانج لە ئاسمانی ئەو شارانەی هێرش کراوەتە سەریان تەقێندراونەتەوە و زیانی گیانی و ماددیان لێنەکوتووەتەوە".

هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاوڵاتیانی سعودییە، چەندین دیمەنی ساتەوەختی کەوتنەخوارەوەی موشەکەکانی حوسییەکان و تەقاندنی دژە موشەکەکانی سعودییەیان بڵاوکردوەتەوە، کە دەرخەری گەورەیی هێرشە موشەکییەکەن.

 

هێرشە موشەکیەکەی حوسیەکان، هاوکاتە لەگەڵ سێهەمین ساڵیادی هێرشی هاوپەیمانی عەرەبی، کە سعودیە سەرکێشی دەکات بۆ سەر یەمەن. هێرشەکە تا ئێستا هەزاران کوژراو و دەیان هەزار بریندار و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە و بەشێکی زۆری یەمەنیشی کردووەتە وێرانە و ئەو وڵاتەی دووچاری چەندین قەیران و گرفتی گەورە کردووە. وێڕای هەموو ئەمانەش نەتوانراوە وەک ئامانج بوو حوسییەکانی نزیک لە ئێران لە ناوببرێن و دەسەڵاتیان لە یەمەن لێ وەربیرێتەوە و ئەمڕۆکەش بەشێکی زۆری ناوەڕاست و باکوری یەمەنیان بەدەستەوەیە.


هـ.هـ