بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خوێندنگەکانى ٣ پارێزگای ئێران داخران

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێران ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی بڵاوبوونەوەى ئەو ڤایرۆسەوە خوێندنگەکانى ٣ پارێزگای ئێران داخران. هەروەها هەموو چالاکی و پێشبڕکێ وەرزشییەکان هەڵوەشێنرانەوە.

تەلەفزیۆنى دەوڵەتى ئێران بڵاویکردەوە، لە پارێزگاکانى قوم و ئەراک و گیلان خوێندنگەکان، زانکۆکان و ناوەندەکانى خوێندن دابخرێن. لە ئێران بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) لەو ٣ شارەدا دەستنیشانکرابوون.

بەپێى وتەى بەرپرسانی ئێران، داخستنى خوێندنگەکان و ناوەندەکانى خوێندن و زانکۆکان لە قوم سبەی یەکشەممەوە بۆ ماوەى ٢ رۆژ و لە گیلان بۆ لە یەکشەمەوە تاوەکو چوارشەممە و لە ئەراک بۆ ماوەى هەفتەیەک دەبێت.

بەرپرسانى تەندروستیى ئێران رۆژی هەینیى رابردوو رایانگەیاندبوو، ڤایرۆسەکە لە چەند شارێکدا بڵاوبووەتەوە. ١٣ کەسی تری تووشبو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکراون. بەوەش ژمارەى کەسە تووشبوەکان بە کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە ٢٨ کەس.

لە ئێران بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ئەم ئێوارەیەش هەواڵی گیان لەدەستدانى کەسێکى تر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە بڵاوکرایەوە و بەوەش ئێران لە دواى چین دووەم وڵاتە، کە زۆرترین کەسی بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێى بەشێکى تر لە سەرچاوەکان بە گشتی لە ئێران ٧٨٥ کەس بە گومانی توشبون بەو ڤایرۆسە لە ژێر چاودێریدان. تاوەکو ئێستاش ئێران ٥ نەخۆشخانەى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکردووە.

سەرباری ئەوانەش بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوەو هەموو پێشبڕکێ و چالاکییە وەرزشییەکان لە ئێران بۆ ماوەى هەفتەیەک راگیران.

جگە لە چین لە ٢٦ وڵاتى تردا ١١٥٢ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. ئەو ژمارەیە هەفتەیەک لەوە پێش ٥٠٥ کەس بوو. بە گشتیش لە دەرەوەى چین نزیکەى ١٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

ژ.ت