بەیاننامەی جێگری سەرۆکی پەرلمان لەدژی هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا

دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێنەرانی ، دەربارەی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

سەرباری ئەو هەموو ناڕەزایی و هۆشداریانەی کە ئاراستەی حکومەتی تورکیا کران، بەڵام بەداخەوە ئەرتەشی ئەو وڵاتە بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان، سەروەری خاکی سوریای دراوسێی پێشێل کرد و هێرشی بۆسەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان دەست پێ کرد، کە بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی سڤیل ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و چەندین کەسیش کە ژن و منداڵیان تێدایە ببنە قوربانی.

ئەو لەشکرکێشیە تاک لایەنەی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان، جێگەی نیگەرانییە و داوا دەکەم دەوڵەتی تورکیا هەرچی زووە  ئەو هێرشانەی رابگرێت و، هەوڵ بدەن کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکەن.

هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدایە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و، شەڕی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە، هێشتا هەزاران ئاوارە و پەنابەری سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە دەرەوەی شوێنەکانی خۆیان و وڵاتی خۆیان دەژین. پێمان وایە ئەو هێرشانە هیچ خزمەتێک بە ئاشتی ناوچەکە ناکات، بگرە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات.

داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەم، بە تایبەت وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و روسیا کاری جدی بکەن بۆ راگرتنی ئەو لەشکرکێشیە بۆ ئەوەی ناوچەکە لە ناسەقامگیری زیاتر بپاریزن.  

لە هەمان کاتدا ئیدانەی هەر جۆرە هێرش و پەرلاماردانێک دەکەم کە هاوڵاتیانی سڤیل بکاتە ئامانج.