تووندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت

ماوەی چەند هەفتەیەکە هاوڵاتیانی عێراق ڕاپەڕیون و دژ بە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ناڕەزایەتیی دەردەبڕن. هێزە ئەمنییەکانیش بەناوی پاراستنی خۆپیشاندەرانەوە هێزی زۆریان ڕەوانەی شارەکانی باشوور و خوارووی عێراق کردووە.

ماوەی چەند هەفتەیەکە هاوڵاتیانی عێراق ڕاپەڕیون و دژ بە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ناڕەزایەتیی دەردەبڕن. هێزە ئەمنییەکانیش بەناوی پاراستنی خۆپیشاندەرانەوە هێزی زۆریان ڕەوانەی شارەکانی باشوور و خوارووی عێراق کردووە و  ڕووبەڕووبوونەوەی تووند لەنێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەراندا ڕوویان داوە.

هاوڵاتیانی شارەکانی باشوور و خوارووی عێراق لە شارەکانی بەسرە، بەغداد، کەربەلا، نەجەف، دیوانیە، موسەنا و زیقار، لەبەرامبەر نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی خواردنەوە و کارەبا و ڕەخساندنی هەلی کاردا، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، خۆپیشاندانی جەماوەرییان ساز دا.

لە بەرامبەردا بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بۆ سەر خۆپیشاندەران، چەند خۆپیشاندەرێک کوژران و هەزاران خۆپیشاندەریشیان بریندار کرد. لەهەمان کاتدا سەدان کەس لە خۆپیشاندەران دەستگیرکراون و ئەشکەنجەی سەخت دەدەرێن.

هاووڵاتییانی ناڕازی لە ئێستادا، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان و دادگایکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران دەکەن. هەروەها داوا دەکەن وەزیری کارەبا دەست لەکار بکێشێتەوە و هەرچی زووە، ئاوی خواردنەوە، کارەبای پێویست و هەلی کاریان بۆ دابین بکرێت.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرایکرد، دوێنێ هەینی ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندەران گەیشتووەتە دوو خۆپیشاندەر و ۴۵ بریندار کە لە نێو بریندارەکاندا، ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانیش هەن.

وتەبێژی وەزرەتی تەندروستی عێراق سەیف بەدر، لە لێدوانێکی فەرمیدا بۆ تەلەفزیۆنی سۆمەریەی عێراق ئاشکرایکرد "خۆپیشاندەرێک لە شاری دیوانیە و خۆپیشاندەرێکی تر لە شاری نەجەف کوژراون و ۴۵ کەسی تریش برینداربوون کە ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانیشی تێدایە".

وتیشی "زۆربەی بریندارەکان، بە تایبەتی ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان بە سووکی برینداربوون و پاش چارەسەری پێویست، گەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان".

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە، هاوڵاتیانی شارەکانی بەسرە، بەغداد، کەربەلا و نەجەف و شارەکانی پارێزگای دیوانیە و زیقار، ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی تووندیان دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاوی خواردنەوە و کارەبا و نەبوونی هەلی کار و گەندەڵی ئیداریی و دارایی، دەربڕی. خۆپیشاندەران هەتا ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو، مۆڵەتیان بە بەرپرسانی عێراق داوە کە داواکاریەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن، یان هەنگاوی جددی بنێن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

 خۆپیشاندەران ڕاشیانگەیاندبوو، ئەگەر هەتا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو هەنگاوی جددی بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان نەنرێت، ئەوا دەست دەگرن بەسەر تەواوی مومتەلەکاتەکانی دەوڵەتدا و چیتر ڕێگە بە جموجوڵی مەرزە سنوورییەکانی نێوان عێراق  و ئێران نادەن کە بازرگانی پێوە بکرێت.

بەرپرسانی عێراقیش ئاشکرایان کرد، ئێران ئاوی نێوان ئەو دوو وڵاتەی گرتووەتەوە و بەوەش کێشەی بێ ئاوی لە عێراقدا درووستکردووە. ڕاشیانگەیاند، ئێران ئەو کارەی بە مەبەست ئەنجام داوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، هەوڵیدا بە ناردنی هێزی لەڕادەبەری ئەمنی و داننان بە ڕەوایەتی داواکارییەکانی خۆپیشاندەراندا، ناڕەزایەتیەکان و خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیانی شارەکانی باشوور و خوارووی عێراق کپ بکاتەوە، بەڵام تەواوی هەوڵەکانی شکسی هێنا و لە ئێستادا، هاووڵاتییان دەیانەوێت هەنگاوی جددی بنرێت بۆ جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانیان، بەڵام جگە لە بەڵێن، هیچ هەنگاوێکی جددی نەنراوە بۆ جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی هاوڵاتیانی عێراق.

دەوترێت عەبادی لە ئێستادا دەسەڵاتێکی لاوازی هەیە و ناتوانێت داوای خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات. لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی عێراقیش لە چاوەڕوانیی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەدان، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

تووڕەیی هاووڵاتییانی عێراق گەیشتووەتە لوتکە و دەیان هەزار کەس لە شارە جیاوازەکانی باشوور و خوارووی عێراق ڕژانە  سەر شەقامەکان و تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و داوای ئاوی خواردنەوە و کارەبا و ڕەخساندنی هەلی کار دەکەن. هاووڵاتییانی ناڕازی پەلاماری بارەگا حزبیەکانیان داوە و بە بێ جیاوازی، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای تەواوی حزبە سیاسییەکان لە شارەکانیاندا. بەهۆی ئەوەی کە تا ئێستا چەندین خۆپیشاندەر کوژراون و هەزاران خۆپیشاندەریش دەستگیر کراون.

لەلایەکی ترەوە، فەرماندەی هێزە ئەمنیەکانی شاری بەغداد فەریق روکن جەلیل ڕوبەیعی بە کەناڵی سومەریەی ڕاگەیاند، نەیانتوانیوە هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ خۆپیشاندەرانی سەرای ئازادیی بەغداد دروست بکەن و وتیشی "هاووڵاتییان هەقی خۆیانە خۆپیشاندان بکەن و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئێمە دەمانەوێت خۆپیشاندانەکان بە بێ تووندوتیژیی بە ڕێوەبچن و دەبێت خۆپیشاندەران ئەوە بزانن کە ئێمە بۆ پاراستنی گیانی ئەوان لێرەین”.

ر.م