توڕەیى کۆمەڵگەى ئێران رووی لە زیادبوون کردووە

لە ئێران کرێکاران و رەنجدەران بۆ ماوەی چەندین مانگە لەسەر شەقامەکاندان و بەردەوامن لە ناڕەزایەتى و مانگرتن، بەڵام نە ئەمریکا ئەوەى کردە هۆکاری سزادانى ئێران و نە وڵاتانى ئەوروپی، رووسیا و چین-یش گوێ بە مافی و ئازادیى مرۆڤەکان دەدەن.

بەڕێوەبەریى خراپ، پێشێلکاری و کاری نائاسایى و سیاسەتەکانى دوژمنانی ئازادی کە دەیان ساڵە لە ئێران بەردەوامیى هەیە لە هەموو ئاست و جومگەکاندا دەرگای بەڕووی شکست و داڕمان و کێشە و قەیرانى قورسدا کردووەتەوە. پیسبوونی هەوا، قەیرانى ئاو، زیادبوونی بیابانەکان، لەسەر کار دەرکردن، بەرزبوونەوەیى بەهای کەلوپەل و کاڵاکان، پێشێلکردنى مافەکان و سیاسەتەکانى دژ بە ژنان و ئازادی، سەرچاوەکانى قەیرانى ئێستان.

بودجەیەکى زۆر بۆ شەڕ و پڕچەککردن تەرخان کراوە، بەڵام بابەتەکانى پەروەردە، کار، ئیکۆلۆژی و ژینگە، مافی  کەمایەتییەکان، بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی و کارکردن بۆ چەسپاندنى دادپەروەری پێشتگوێ خراون و کەمترین بودجە بۆ ئەو بوارانە تەرخانکراوە.

لە سەرتاسەری ئێراندا قەیرانى گرانی و کەمئاوی و زۆربوونی بیابانەکان و وشکەسالی بوونی هەیە. ژمارەى بێکارەکان زیادیان کردووە. بەپێى مەزەندەیەکى چەند مانگ لەوە پێشی ناوەندی توێژینەوەى پەرلەمانى ئێران، رێژەى بێکاری سەدا لە ١٥ی تێپەڕاندووە، بەڵام سەرچاوەکانى تر باس بێکاریى نزیکەی سەدا لە ٤٠ی خەڵک دەکەن.

هەربەپێى ئاماری ئەو ناوەندە، لە رۆژهەڵاتى کوردستان، کرمان و ئەردەبێڵ بێکاری لە نێوان ژنانى تەمەنی ١٥ بۆ ٢٩ ساڵدا لە ڕێژەى ٨٤%، ٧٩% و ٧٨% دایە.

بەگوێرى دوایین ئاماری وەزارەتى کار لە ئێران، بێکاری لە ناو ژناندا لە ٧ ساڵی رابردوودا بە رێژەى سەدا ٢٥ زیادیکردووە. ژمارەى ژنە بێکارەکان لە ساڵی ٢٠١٧دا یەک ملیۆنی تێپەڕاندووە، بەڵام مەزەندە دەکرێت ژمارە و ئاماری راستەقینەى بێکاری زۆر لەوە زیاتر بن.

ئاژانسى هەواڵی ئیلنای ئێرانی لە مانگی تشرینى یەکەم دا (ئۆکتۆبەر دا) بڵاویکردەوە، لە ئێران ٢ ملیۆن منداڵ کرێکاری دەکەن.

ئەوە روونە و دەزانرێت، کە ئامارە فەرمییەکان بەپێى خواستی حکومەت ئامادە دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، بۆیە جێگای بڕوا نین.

لەبەر ئەوەش سەرچاوەکانى ئۆپۆزسیۆنی ئێران باس لەوە دەکەن، کە ئاماری راستەقینە ٢ هێندەى ئەو ئامارانە زیاترن، کە دەوڵەتى بڵاویان دەکاتەوە.

هەروەها بەپێى زۆرێک لە سەرچاوەکان ٨٠%ی دانیشتوانى ئێران لە سنووری برسێتیدان. هەژاری هەڕەشە لە ژیانى زۆرینەى خەڵکى ئێران دەکات. زیاتر لە نیوەى دانیشتوانى ئێران بێ داهات و بێ لانەن. دەوڵەمەندی و سامانی ئێران تەنها لە دەستی سەدا ٤ی دانیشتوانى ئێراندایە.

ئێران لە زۆر رووەوە دەوڵەمەندە، بەڵام زۆرێک لە هاووڵاتییان بۆ ئەوەى بتوانن بژێویى ژیانى خۆیان دابین بکەن ناچارن بەشێک لە جەستەى خۆیان بفرۆشن. زۆرێک لە لە  هاووڵاتییان بە شەودا دەچنە ناو گۆڕەکان و تیایاندا دەخەون تاوەکو رۆژ دەبێتەوە، چونکە لانەیەکیان نییە شەوی تیا بکەنەوە.

سەرباری ئەوانەش، ئەو کەسانەى کە کار دەکەن بۆ چەندین مانگ مووچەیان پێنادرێت. کارگەکان ناچار دەرگاکانیان دادەخەن. ئەو مووچەیەشی دەدرێت بەشی بژێویى ژیان ناکات.

ئەو مرۆڤانەى کە لەسەر سنوورەکان کۆڵبەری دەکەن و لە بارودۆخێکى زۆر قورس و سەختدا بژێویى ژیانى خۆیان دابین دەکەن بە بەردەوامی و بەشێوەى میزاجی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن.

بەشێوەیەکى سیستماتیک سیاسەتى جیاکاریکردن بەرامبەر بە کەمایەتییە ئیتنی و ئاینییەکان پەیڕەو دەکرێت. ژن لەبەر ئەوەى بە باشی سەری خۆی داناپۆشێت سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

هەزاران کەسیش لە دادگاکاندا، تەنها لە دانیشتنێکى چەند خولەکیدا و بە خێرایى سزای زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەشکەنجەیان دەکەن و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنن و لەسێدارەیان دەدەن.

سەرباری ئەو کێشە و قەیرانانە، ئەمریکا بە پاساوی جیاوازتر گەمارۆی ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاندووە. وڵاتانى ئەوروپی، رووسیا و چین کە پشتیوانى لە رێککەوتنى ئەتۆمی دەکەن گوێ بە ماف و ئازادیى مرۆڤەکان نادەن. بەرژەوەندیى ئابووری، ژیئۆستراتیژیک و سیاسی لە پێشەوەى هەموو بەها و نرخەکانى ترەوەن.

لە دەیان شار مانگرتن ئەنجامدرا

سەرباری ئەو سیاسەتە دوو ڕووانە، چەندین مانگە لە ئێران گەل ناڕەزایەتی نیشان دەدات. یەکێک لە چالاکییەکانى گەل، چالاکیى مامۆستایانە کە لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوەدەچێت و رۆژی چوارشەممە کەوتە ١٠هەمین رۆژی چالاکییەکە. باشنەبوونی هەلومەرجی ژیان، کەمبوونەوەى دەرفەتەکانى کار، هەڵاوسانی زۆر و تەنگابوونی توانای کڕین، هۆکاری ناڕەزایەتییەکانن.  

رژێمى ئێران بۆ ئەوەى پێش لە ناڕەزایەتییەکان بگرێت سیاسەتی هەڕەشە و گوڕەشە، دەستگیرکردن و زیندانیکردن پەیڕەو دەکات. دەوترێت لەم رۆژانەى دوایدا چەندین مامۆستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکراون.

لەسەرەتاى ئەمساڵەوە بەشە جیاجیاکانى کۆمەڵگە دەستیان کردووە بە ناڕەزایەتى دەربڕین. رۆژی چوارشەممە لە دەیان شاردا مامۆستایان لە مانگرتن دا بوون. بە تایبەتى لە رۆژهەڵاتى کوردستان بەشداریکردن لە مانگرتنەکەدا لە ئاستێکى زۆر بەرزدا بوو. هاوکات لەگەڵ سەقز، کرماشان، مەهاباد، سنە و ورمێ لە شارەکانى کەرەج، تاران، ئیسفەهان، نەجەف ئاباد، ئێرانشار و شیراز مامۆستایان لە مانگرتن دا بوون.

ر.م