تیمێکی کەنەدی بۆ ڵێکۆلینەوە چۆنیەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە لە تارانە

تیمێکی لێکۆڵەرانی کەنەدا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە گەشتیارییەکەی ئۆکرانیا گەیشتنە تارانی پایتەختی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە بە ئامانجکردنی فڕۆکە گەشتیارییەکەی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە تیمێکی لێکۆڵەرانی گەیشتوونەتە تاران.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە تویتێکدا ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتە و ڕایگەیاندووە، کە تیمە لێکۆڵەرەنەکانیان لە ٨ کەس پێکدێت، لە تویتەکەدا هەروەها ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیلێکیش ناسێندراوە بۆ ئەوەی خانەوادەی قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە پەیوەندی بە تیمەکەوە بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران و کەنەدا ماوەیەکە پەیوەندیی فەرمی دیپلۆماتییان نییە و ناردنی ئەم تیمە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جاستین تۆرۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕێکخراوە.

جێگەی ئاماژەیە، کە سوپای پاسدارانی ئێران سێ ڕۆژ دوای ڕووداوەکە بە فەرمی بە ئامانجکردنی ئەو فڕۆکەیەی گرتە ئەستۆ، بەڵام ئۆکرانیا و کەنەدا بە گومانن لەوەی فڕۆکەکە بە مەبەست کرابێتە ئامانج.

هەروەها بڕیارە پێنج شەممەی داهاتوو، وەزیرانی دەرەوەی ئەو پێنج وڵاتەی کە هاوڵاتیانیان لەو فڕۆکەیەدا بووە قوربانی، لە لەندەن کۆببنەوە.

ف.ق