جێنشینى سعودیە: هاوپەیمانەکانمان وەهابییەتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆمۆنیزم دەویست

محەمەد سەلمان جێنشین و وەزیرى بەرگریى سعودیە رایگەیاند، لەسەر داواى هاوپەیمانەکانمان و بۆ دژایەتیکردنى کۆمۆنیزم، وەهابییەتیمان گەورەکرد و پێشمانخستن.

محەمەد سەلمان جێنیشن و وەزیرى بەرگریى سعودیە رۆژى ٢٢ى ئازار / ٢ى خاکەلێوە بە رۆژنامەى واشنتۆن پۆستى راگەیاند، لە کاتى جەنگى سارد و لەسەر داواى هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانمان، وەهابییەتمان گەشەپێدا.

راشیگەیاند "ئێمە  لە جیهانى ئیسلامدا و لەسەر داواى هاوپەیمانەکانمان، قورساییەیەکى زۆرمان خستە سەر دروستکردنى خوێندنگەکانى قورئان و مزگەوتەکان. هێز و بودجەیەکى زۆرمان بۆ تەرخانکرد تاوەکو وەهابییەت بەشێوەیەکى بەرفراوان بڵاوبکەینەوە".

سەلمان ئەوەشى وت، ئامانج لەو کارە بۆ ئەوەبوو، گرفت بۆ کاریگەرى یەکێتیى سۆڤیەت لە جیهانى ئیسلامدا دروست بکەین. ئەوەش وایکرد لەمپەرێک لەبەردەم بڵاوبوونەوەى کۆمۆنیزم دروست بکەین.

باسى ئەوەشیکرد "هاوپەیمانەکانمان داوایان لێکردین بۆ ئەوەى ئەو کارە بە ئەنجام بگات، سەرچاوەکان و هێزى خۆمان بخەینەگەڕ".

"بیرۆکەى بەرهمهێنانى ئیسلامیى توندڕەوە لە کارگەکانەوە"

لەو بارەیەوە رۆژنامەى وەتەنی جەزایرى بڵاویکردووەتەوە "ئەو قسانە بەو مانایەن، کە سعودیە بۆ ئەوەى ڕژێمەکانى لایەنگرى سۆڤیەت، یان بە لانیکەمەوە رژێمە مۆدێڕنەکان هەڵبوەشێنێتەوە، یارمەتیى دروستکردنى حزبە توندڕەوە ئیسلامییەکانى داوە".

رۆژنامەکە ئەوەشى بڵاوکردووەتەوە "ئەمڕۆ بۆ هەموان ئاشکرایە، سعودیە بەرپرسە لە بڵاوکردنەوەى ئەو ڕەوتە لە جیهانى ئیسلامدا. خاڵی نوێى ئەو بابەتە، ئەوەیە کە شازادەیەکى سعودى خۆى ئەو قسانە دەکات. ئەوەش دانپیادانان نییە، بەڵکو پشتڕاستکردنەوەیە بۆ ئەوەى، کە ئەو ڕەوتە ئیسلامییە بەشێوەیەکى سەرەکى لە کارگەکانەوە بەرهەمهێنراوە و ئیسلامى کارگەییان دروستکردووە و بڵاویانکردووەتەوە".

ر.م