جەمیل بایک وەڵامى ئیدعاکانى ئەدرۆغانى دایەوە

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە وەڵامى ئیدعاکانی ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاى لەبارەى پەکەکەوە دایەوە. چاوپێکەوتنەکەى جەمیل بایک لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) بڵاودەکرێتەوە.

تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە چەند رۆژى رابردوودا ئیدعاى کردبوو، هێرشیان لە دژى بەڕێوەبەرانی پەکەکە ئەنجامداوە و بەهۆى ئەو هێرشەوە ٣٥ کادێری سەرکردەى پەکەکە ژیانیان لە دەستداوە.

دوێنێ هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و ئیدعاکانى ئەردۆغانى بە درۆخستەوە و راشیگەیاندبوو ئەو ئیدعایە درۆی "پێش هەڵبژاردن و هەواڵى شەڕی سایکلۆژی و دەروونى"ییە.

پەیامنێرمان لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا لەبارەى ئەو ئیدعایەى ئەردۆغانەوە لەگەڵ جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە و مستەفا قەرەسوو ئەندامەى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە چاوپێکەوتنى ئەنجامدا. بایک رایگەیاند "نەک ٣٥ هەڤاڵی بەڕێوەبەرییمان، بەڵکو تەنها یەک شەڕڤانیشمان لەو هێرشەدا شەهید نەبووە. ئەوەى بڵاوکراوەتەوە تەنها زادەى مەکینەى درۆی ئەردۆغانە".

بایک لێکدانەوەشی لەبارەى هەوڵەکانى داگیرکردنى قەندیل لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە خستەڕوو.

چاوپێکەوتنە ڤیدیۆییەکەى جەمیل بایک و مستەفا قەرەسوو لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا لە ئاژانسەکەمان، ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) بڵاودەکرێتەوە.

چەند رۆژ لەوە پێشیش موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە بە کەناڵی ئاسمانیى ستێرک تیڤیى راگەیاندبوو، ئیدعا و درۆکانى ئەردۆغان تەنها واتەواتەى شەڕی دەروونى و سایلکۆژین.

ر.م