حکومەتی ئەفغانستان ٩٠٠ ئەندامی تالیبانی ئازاد کرد

حکومەتی ئەفغانستان بۆ ئەوەی تالیبان ئاگربەستی مانگی ڕەمەزان درێژ بکاتەوە، نزیکەی ٩٠٠ ئەندامی تالیبانی ئازاد کرد.

ئازادکردنی زیندانیان لەژێر چاودێری ئەفسەر نازیفوڵلا وەلیدزادەدا ئەنجامدرا و بە گشتی ٩٠٠ ئەندامی تالیبان ڕۆژی سێشەممە ئازادکران.

دەستەی ئاسایشی نەتەوەی ئەفغانستان سەرلەبەیانی هەمان ڕۆژ ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە ئاگربەست و پڕۆسەی ئاشتی ئەندامانی تالیبان ئازادکراون.

فەیسەل جاوید وتەبێژی دەستەکە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە پرۆسەی ئاشتی بکەنەوە، هیوادارن تالیبان ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە.

ئەشرەف گانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش لەبارەی پڕۆسەکە قسەی کرد و وتی، بۆ ئەوەی نییەتی خۆیان ئاشکرا بکەن بۆ ئاشتی ئەوان دەستیان بە پڕۆسەیەک بۆ ئازادکردنی ٢ هەزار ئەندامی تالیبان کردووە.

ئازادکردنی زیندانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی تالیبان و ئەمریکادا ئەنجامدرا کە ٢٩ی شوبات ڕێککەوتبوون.

ف.ق