حکومەتی عێراق بە کۆمەڵیک بریار هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدات

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق  بە کۆمەڵیک بریاری بۆ باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان، هەوڵی هێورکردنەوەی شەقامی نارازی عیراق دەدات.

سێشەمەی ڕابردوو لە بەغدای پایتەخەتی عێراق خۆپیشاندانی جەماوەری لە دژی گەندەڵی، بێکاری، خراپی حوکمرانی و دەستێوەردانی دەوڵەتانی دەرکی دەستی  پێکرد،  هەر لەسەرەتای خۆپێشاندانەکەدا  جەماوەر هەوڵیاندا بچنە ناوچەی سەوز کە ناوەندی دام و دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی عێراقە، بەڵام ڕووبەرووی هێزە ئەمنیەکان بوونەوە ئەوەش گرژی ئاڵۆزی لێکەوەتەوە،  ئاڵۆزیەکان شارەکانی تری عێراقیشی گرتەوە.

 بەپێ سەرچاوە ئەمنیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ  لە ئەنجامی خۆپێشاندانی جەماوەری گەل و ڕووبەروو بونەوەی هێزە ئەمنیەکاندا تا ئیستا زیاتر لە سەد خۆپێشاندەر گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە سێ هەزار خۆپێشاندەریش بریندار بوون.

سەڕەرای بەرزبوونەوەی ژماری کوژراو و برینداران، ەڵام خۆپێشاندەران شەقامەکان چۆڵ ناکەن و بەردەوامن لە داواکاریەکانیان. لە دوو ڕۆژی ڕابردوو دا شاندێک بە نوێنەرایەتی خۆپێشاندەران لەگەڵ محمد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە چەند داواکاریەکیان پێشکێش کر بەڵام کۆبوونەوەکەیان بە بێ ئەنجام کۆتای هات.

لە بەردەوامی خۆپێشاندانەکاندا مەرجەعە باڵاکانی شیعە وەک سەید عەلی سیستانی و موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی چوونە پاڵ داوکاریەکانی خۆپێشاندەران و داوادەکەن حکومەتی ئیستای عێراق هەڵبوەشێتەوە و لە ژێر چاودێری نەتەوەی یەکگرتوەکان هەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.

تا دێت فشارەکانی سەر کابێنەکەی عادل عبدوڵمەهدی زیاتر دەبێت، ئەوش وای کرد ئەنجوومەنی وەزێرانی عیراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی درنگانێکی دوێنی شەو  کۆ ببێتەوە و بۆ هێور کردنەوەی باردۆخەکە چەند بریارێکیان ڕاگەیاند.

بڕیارەکان بەم شێوەیەن:

ئەنجوومەنی وەزیران قۆناخی یەکەمی بڕیارەکانی راگەیاند لە کردنەوەی دەرگای ناونووسین  بۆ وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون کە تایبەتن بە کەسانی کەمدەرامەت لە هەموو پارێزگاکاندا و تەواوکردنی دابەشکردنی 17 هەزار زەوی نیشتەجێبوون بەسەر کەسانی شایستە لە پارێزگای بەسرە لە ماوەی چوار هەفتەدا.

یەکێکی تر لە بریارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بریتیە لە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی نیشتمانییە بۆ نیشتەجێبوون کە دروستکردنی 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەموو پارێزگاکاندا لە خۆدەگرێ و بەڕێگەی سندووقی نیشتەجێکردن و لە بودجەی 2020 دا قەرزی بێ سوو دەدرێتە هاووڵاتیان بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری دا بۆ سێ مانگ بڕی 175 هەزار دینار وەک مووچەی مانگانە بداتە 150 هەزار بێکار کە توانای کارکردنیان نییە، لە سەرتاسەری عێراق.

لە پاڵ دروستکردنی یەکەی فرۆشتن لە ناوچە بازرگانییەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بە گوژمی 60 ملیار دینار و لە سێ مانگدا جێبەجێ دەکرێ، بەو مەرجەی خاوەن یەکەکە هەلی کار بۆ دوو بێکار دابینبکات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هاوکات بڕیاری دا وەزارەتی بەرگریی لە بەرواری 15ـی ئەم مانگەوە دەرگای ناونووسین  بۆ گەنجان لە تەمەنی 18 ساڵی بۆ 25 ساڵی بکاتەوە و وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ وانەبێژە خۆبەخشەکان.

لە بواری کشتوکالێش ئەنجوومەنی وەزیران بریاریدا وەزارەتی کشتوکاڵ رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی کرێی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەسەر جووتیاران تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی داهاتوو

 هەر لە درێژەی بریارەکان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە پاڵ ئەم پرۆژە و هەنگاوانە بڕیاری دا پارێزگارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی لیستی ناوی خێزانە بێبەشبووەکان ئامادە بکەن بۆئەوەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان بدرێت و تێکڕای خێزانەکان دەگاتە 600 هەزار خێزان، هاوکات قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بە شەهید هەژمار دەکرێن و خێزانەکانیان مووچە و دەرماڵەی شەهید وەردەگرن.

سەرەرای ئەو بڕیارانە بەڵام تا ئەمرۆش ناڕەزایی و خۆپێشاندان بەردەوامە تا ئیستا دیار نێە و ڕوون نەبۆتەوە کە ئایە بەڵینەکانی ئەنجوومەنی وەزیران تا چەند کارێگەری لەسەر هێورکردنەوەی جەماوەری توڕەی شەقامەکانی عیراق دەبێت؟

ف.ق