حکومەتی عێراق کەوتە بۆشایی یاساییەوە

حکومەتی عێراق -ی فیدرال لە ئەمڕۆ بەدواوە هەتا کاتی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەرلمانی نابێت، بەمەش عێراق دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.


دوێنێ ماوەی کارکردنی سێیەمین خولی پەرلەمانی عێراق کە هەر چوار ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێت، بەسەرچوو و وڵاتی عێراق تا کاتی یەکلابوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێ پەرلەمان دەبێت.

ئارام شێخ دلێر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئێوارەی دوێنێ ڕایگەیاند، کە ماوەی کارکردنی سێیەمین خولی پەرلەمانی عێراق کۆتایی پێهات.

سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانیش شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند، کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا سەختیی زۆریان دیوە و ژمارەیەک یاسای مێژووییان دەرچواندووە، هەروەها پەرلەمان قۆناغی مێژوویی داگیرکارییەکانی داعشی تێپەڕاندووە و بەرەو عێراقێکی ئازاد هەنگاوی ناوە، جبوری بەو شێوەیە دەستخۆشی لە ٣٢٨ پەرلەمانتاری عێراق کرد.

لە دەستووری عێرقدا هیچ دەستپێشخەرییەک نەدراوەتە پەرلەمان، کە ماوەکەی درێژبکاتەوە، بەڵام پەرلەمان هەوڵ دەدات لەم ڕۆژانەدا تا کاتی یەکلابوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق ماوەی کارکردنەکەی درێژبکاتەوە، بەڵام چونکە یاسا ڕێگەی پێنەدا نەیتوانی ئەو کارە بکات.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کە بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یەکلاببێتەوە هەموو دەسەڵاتەکانی بەکاردێنێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە دەستووری عێراقدا دیاری نەکراوە، کە ئەگەر پەرلەمان ماوەی کارکردنی کۆتایی پێبێت، چ کەس یان دامەزراوێک ئەرکەکانی ئەو جێبەجێ بکات، لە ساڵی ٢٠١٠شدا وڵاتی عێراق بۆ ماوەی نۆ مانگ بێ پەرلەمان مایەوە، بەهۆی پێکنەهاتنی حکومەت.

لە ماددەی ٥٦ی دەستووری عێراقدا هاتووە، کە ماوەی کارکردنی پەرلەمان چوار ساڵە و ٤٥ رۆژ پێش کۆتاییهاتنی ماوەکەی، دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

کاتێکیش ماوەی کارکردنی پەرلەمان کۆتایی پێ بێت هیچ دامەزراو یان دەزگایەک لە ئارادا نییە کە ئەرکەکانی ئەنجام بدات.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی ١٢ی ئایار/٢٢ی بانەمەڕ ئەمساڵ ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی تانەی چەند لایەنێک لەدژی ساختەکاریی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەنجومەن بڕیاریدا کە هەموو دەنگەکان بژمێردرێنەوە، دادگای فیدرالیش بڕیاریدا، کە تەنیا دەنگەکانی ئەو شوێنانەی سکاڵایان لەسەرە بژمێردرێنەوە.