حەشدی شەعبی ٣٤ مردوو بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەنێژێت

تابوری ئیمام عەلی کە سەر بە حەشدی شەعبیە لە نەجەف ناشتنی ٣٤ تەرمی ڕاگەیاند کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

لە عێڕاق چەکدارانی حەشدی شەعبی ناشتنی ئەو کەسانەی بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە گرتووەتە ئەستۆ، ئەمڕۆش لە گۆڕستانی دۆڵی ئاشتی شاری نەجەف ٣٤ تەرم نێژران و وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن ناشتنی ئەو کەسانە بە شێوازێکی تەندروستی و ئایینی بووە و بێ هیچ کەم کوڕییەک ئەنجام دراوە.

ژمارەی گیان لە دەستدان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە عیڕاق گەیشتە ٦٩ کەس، ئاماری تووشبووانیش گەیشتووەتە هەزار و ٢٣٢ کەس. لایەنە ئەمنیەکان و وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی کار دەکەن بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکە و داوا لە هاوڵاتیان دەکەن پابەندی ڕێنماییەکان بن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

ف.ق