حەلبوسی داوا لە لایەنەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن 

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاق لە پاش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حزب اللە و کوشتنی ٢٥ کەس و برینداربونی زیاتر لە ٥٠ کەس، ئەمڕۆ داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و کاردانەوە پیشان نەدەن

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاق ئەمڕۆ لە لێدوانێدا رایگەیاند، پێویستە لایەنە ئەمنیەکان و هێزە چەکدارەکان لەژێر بڕیاری یەک کەسدا بن و بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەند هیچ لایەنێک هەڵوێست پیشان نەدا، هەروەها بەگرینگی زانی لە ئێستادا نێردراوە دیپلۆماسەکان بپارێزرێن.

سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێڕاق کە لە ئێستادا بۆ جێ بەجێکردنی کاروباری دەوڵەت لە پۆستەکەیدایە داوای کرد بە زوترین کات کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەنجام بدرێت.

هەروەها سەرۆکی ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە تویتێکدا ئاماژەی بە مەترسی شەڕی نێوان تاران و واشنتن کرد. هەروەها باسی لە مەترسییەکانی ئەم شەڕەی کرد کە پەلکێشی ناو عێڕاق دەکرێت. ئاشکراشی کرد هەر لایەنێک هەوڵی ئەوە بدات کە شەڕ بهێنێتە ناو عێڕاق، گەل بە دوژمنی دەزانێت.

ز.ش