خۆپیشاندان و مانگرتن لە تاران بەردەوامە

خۆپیشاندان و مانگرتنی دوکانداران و کاسبکارانی بازاڕی گەورەی تاران، کە لەدژی داڕمانی نرخی تمەن-ی ئێرانیی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیی دەستیانپێکردووە، پێی نایە دووەمین ڕۆژییەوە.

ئەمڕۆ، دوکانداران و کاسبکارانی تاران-ی پایتەختی ئێران، لە دوویەمین ڕۆژی خۆپیشاندان و مانگرتنەکانیاندا، لە مەیدانی سەبزەمەیدانی تاران گردبوونەوە.

جگە لە دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ناسەقامگیربوونی گومرک و باج، دوو هۆکاری دیکەی ناڕەزایی دوکاندار و کاسبکارانی تارانە.

هێزەکانی پۆلیسی تاران، لە چەندین شوێن هێرشیانکردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵیانداوە بڵاوە بە خۆپیشاندانەکان بکەن.

شایانی باسە، سەرلەبەیانیی دوێنێ مانگرتنی دوکانداران و کاسباکارانی بازاڕی گەورەی تاران، لەدژی دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دەستیپێکرد و پاشان گەیشتە بازاڕەکانی دیکەی ئەو شارە، پاشنیوەڕۆکەشی خۆپیشاندانی گەورە لە چەند شەقامێکی سەرەکیی تاران ڕێکخرا.

خۆپیشاندەران جگە لە دەربڕینی ناڕەزاییان بەرامبەر دابەزینی  نرخی تمەن، چەندین دروشمی وەک "نەمان بۆ دیکتاتۆر" و "نەمان بۆ خامنەیی"یان دەوتەوە و تا درەنگانێکی شەو بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان.

ک-ش