خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئێران بەردەوامە

لەکاتێکداچاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندانی جەماوەری شارەکانی دیکەی ئێران بگرێتەوە، باڵەکانی ڕژیمی ئێران دەیانەوێت بەرهەمی ٤٠ ساڵ ستەم ونابەرابەری بخەنە ئەستۆی دەوڵەتەکەی حەسەن ڕۆحانی .

دوێنی لەشاری ئەسفەهان لە دوویەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتیان لەدژی گرانی وهەلاوسانی ئابووری لەنێوان خەڵک وهێزەکانی کۆماری ئیسلامی پێکدادان هاتە ئاراوە و پۆلیس هێرشی کردە سەرخۆپیشاندەران و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران دەستگیرکران.

ئەمڕۆ لە شارەکانی شیراز، ئەسفەهان، مەشهەد، کەرەج، ئەهواز، ڕەشت و ساری خۆپیشاندانی لەدژی گرانی و هەڵئاوسانی ئابوری دەستیپێکردەوە، خۆپیشاندەران دروشمی دژبە حکومەت و دژبە دیکتاتۆردەڵێنەوە.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، لە چوارڕێیانی زەند وشەقامی داریوشی شیراز شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پۆلیس وخۆپیشاندەراندا ڕوویداوە.

لە شاری ئەسفەهانیش، کە خۆپیشاندانەکان لەوێوە دەستیپێکرد، هێزەکانی پۆلیس و بەسیج بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیان دەستگیرکردووە.

خۆپیشاندەران دروشمی "مەلا ون بە لە ئێران"، "مەترسن، مەترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین" و"نەمان بۆ دیکتاتۆر" دەڵێنەوە.

لە شاری مەشهەد هاووڵاتیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشمی "درۆدەکەن ئەمریکایە، دوژمنمان وا لێرەدایە" خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە.

هەرچەند چاوەڕوان دەکرا، کە شەپۆلی خۆپیشاندانەکان ئەمڕۆ بگاتە تارانی پایتەخت و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بەڵام تا ئێستا گردبوونەوەی ناڕەزایی لەو شارانەدا ئەنجام نەدراوە، سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک شەقامەکانیان تەنیوە.

نوێنەرانی پەرلمانی ئێران بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە داوایان کردووە کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئێران لەپەرلماندا ئامادە ببێت.

ک-ش