خۆپیشاندانەکانی عێراق ۳۲۸ قوربانی لێکەوتووەتەوە

ماوەی دوو هەفتەیە، نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و گەندەڵیی دارایی و ئیداریی، هاووڵاتیانی عێراقی هێناوەتە سەر شەقامەکان و هیزە ئەمنیەکانیش بە هێزی چەک ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبێتەوە.

بەپێی دواین ئاماریش، تا ئێستا لەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیانەی عێراقدا، ۳۲۸ کەس کوژراو و بریندار بوون.

بۆچی خۆپیشاندان؟

بارودۆخی ژیان لە عێراق لە ئەوپەڕی سەختی خۆیدایە. هاوڵاتیان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای بەرهەمی زۆری نەوتیی و دەوڵەمەندیی عێراق، ئاوی سازگاری خواردنەوە و کارەبایان نیە. خزمەتگوزاریەکانی کەرتی پەروەردە و تەندروستیش لەوپەڕی کەمی و خراپی جۆریی خۆیاندان. هاوڵاتیان ئاماژە بە بێکاریی زۆر دەکەن. هاوڵاتیانی عێراق جەخت لەوەش دەکەنەوە کە لەبەرامبەر ئەو هەموو کێشانەدا، گەندەڵیەکی زۆری دارایی و ئیداریی هەیە و کەسیش نیە لێپرسینەوە لەگەڵ گەندەڵکاراندا بکات.

خۆپیشاندانەکانی عێراق چۆن دەستیان پێکرد؟

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، تووڕەیی هاوڵاتیانی عێراق تەقیەوە و بە هەزاران کەس لە خەڵکی شاری بەسرە، ڕژانە سەر شەقامەکان و بە سەدان هاوڵاتی تری ئەو شارەش، مەرزە سنوریەکانی بازرگانی نێوان ئێران و عێراقیان داخست. پاشان هاوڵاتیانی شارەکانی نەجەف، کەربەلا، موسەننا، بەغداد، زیقار و ئەنبار، ڕژانە سەر شەقامەکان و هەمان داواکاریی خۆپیشاندەرانی شاری بەسرەیان کرد بە داواکاریی خۆیان. بەرپرسانی باڵای عێراقیش هەوڵی دامرکاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی هاوڵاتیانیان دا، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون. پاشان بە هێزی چەک وەڵامی داواکاریەکانی هاوڵاتیانیان دایەوە. بە سەدان کەسیان لە خۆپیشاندەران دەستگیر کرد و لە کونجی زیندانەکانیان کردن. چەندین کەسیش لەو خۆپیشاندانانەدا کوژران و بریندار کران.

داواکارییەکانی خۆپیشاندەران

داواکاریەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق ئەمانەن:

یەکەم: دابینکردنی بڕی پێویستی ئاوی سازگاری خواردنەوە

دووەم: دابینکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا

سێیەم: ڕەخساندنی هەلی کار

چوارەم: باشکردنی بارودۆخی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە

پێنجەم: لێپرسینەوەی گەندەڵکاران

شەشەم: ئازادکردنی دەستبەجێی تەواوی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان و لێپرسینەوە لەگەڵ بکوژان و تەقەکەران لە خۆپیشاندەران

ئاماری قووربانیەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق

بە پێی دواین ئامار کە سەرلەبەیانی دوێنێ، بڵاوکراوەتەوە، ۸ خۆپیشاندەر بە دەستی هێزە ئەمنیەکان کوژراون. کە دوو خۆپیشاندەر لە بەسرە، سێ خۆپیشاندەر لە موسەننا، دوو خۆپیشاندەر لە نەجەف و خۆپیشاندەرێکیش لە کەربەلا کوژراون. هەروەها ۲۶۲ کەس لە هێزە ئەمنیەکان بە سووکی و بە بەردی خۆپیشاندەران بریندار بوون. لە بەرامبەریشدا ۵۸ خۆپیشاندەر بە گوللەی هێزە ئەمنیەکان بریندار بوون و برینی هەندێکیان سەختە. بەو شێوەیەش، بە پێی ئەو دواین ئامارە، ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی عێراق گەیشتە ۳۲۸ قووربانی.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بە پێی ماددەی ۳۸ی دەستووری سەرەکیی عێراق، هاوڵاتیان مافی خۆیانە خۆپیشاندان بکەن و ناڕەزایەتی دەرببڕن، هیزە ئەمنیەکانیش ئەرکیان پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆپیشاندەرانە.

خۆپیشاندەرانی ئەو شارانە هێرشیشیان کردە سەر بارەگای تەواوی حزبە سیاسیەکان بە بێ جیاوازیی، هەروەها هێرشیان کردە سەر چەند بارەگایەکی حکومیش و تەواوی ئەو بارەگایانەیان سووتاند.

سبەینێ مۆڵەتی خۆپیشاندەران بە دەسەڵات کۆتایی دێت

هەفتەی پێشوو، هاوڵاتیانی پارێزگای نەجەف و موسەننا، تا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، واتە هەتا سبەینێ، مۆڵەتیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق دابوو بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی بنێن بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان. هەڕەشەی ئەوەشیان کردبوو کە ئەگەر هەنگاوی جددی نەنرێت، دەست دەگرن بەسەر تەواوی مومتەلەکاتەکانی حکومەتدا.

لەبەرامبەریشدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بەڵێنی بە خۆپیشاندەران دابوو کە هەندێک لە داواکاریەکانیان لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ چارەسەر دەکەن و هەندێکیش لە داواکاریەکان کاتیان پێویستە و لە داهاتوویەکی دوورمەودادا هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن. چاودێرانی سیاسیی و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانیش جەختیان کردەوە کە ئەوان بەو بەڵێنانە فریو ناخۆن و هەتا هەنگاوی جددی لایەنی پەیوەندیدار و دەسەڵاتداران نەبینین بۆ چارەسەریی داواکاریەکانمان، دەست لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی هەڵناگرین.

بەو پێیەش چاوەڕێ دەکرێت کە سبەینێ، بڵێسەی خۆپیشاندانەکانی عێراق، پەرە بسێنێت و ئەگەری هەیە کە جەستەی دەسەڵاتی عێراق بسووتێنێت.

ک-ش