دوابەدوای فەرمانەکەی عەبادی ١٢ چەتەی داعش لە سێدارە دران

پاش ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی فەرمانیدا کە مەحکومکراوانی داعش یەکسەر لەسێدارە بدرێن، ١٢ کەس لە سێدارە دران.

 

لە لیدوانی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا ڕاگەیەندرابوو کە پاش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە عەبادی فەرمانی دابوو کە ئەو کەسانەی سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، سزاکانیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت، ١٢ تیرۆریست لەسێدارە دران. گوترا کە سزای ئەو کەسانە ئاشکرا کرا بوو، هەروەها سەرۆک کۆماری عێراقیش سزاکەیانی پەسەند کردبوو.

پاش دوو ڕۆژ لەوەی کە تەرمی ٨ کەس دۆزرانەوە کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندرابوون، ١٢ کەسی مەحکومکراوی داعش لە سێدارە دران. چەتەکانی داعش لە گرتە ڤیدیۆییەکدا ئەو ٨ کەسە ڕفێندراوەیان نیشاندابوو، هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەر زیندانیە ژنەکانیان ئازاد نەکەن، ئەوا ئەو ٨ کەسە دەکوژن.

عەبادیش وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر دۆزینەوەی تەرمی ئەو ٨ کەسەدا، فەرمانی دابوو کە ئەو داعشیانەی بە سزای سێدارە مەحکوم کراون، لە سێدارە بدرێن.

لە عێراق زیاتر لە ٣٠٠ چەتەی داعش هەن کە ١٠٠یان چەتەی بیانین و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

ک-ش