دوای زانینی راستييەكان هاوڵاتییانی تاران دەستیان بە خۆپیشاندان کرد

لە دژی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە لەلایەن ئێرانەوە، بەدروشمی (مردن بۆ درۆزن) خۆپیشاندان لە شاری تاران بەڕێوە چوو. لە خۆپیشاندانەکەدا، داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی رژێمەکەی ئێران کرا.

بەپێی هەواڵێکی بی بی سی فارسی، گردبونەوەیەکی جەماوەری گەورە لە بەردەم زانکۆی ئەمیر کەبیر و پردی حافیز لە ناوەندی شاری تاران بەڕێوە چوو و هێزێکی زۆری ئەمنیش لەوناوە بڵاوەی پێکرا.

خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی ئێرانیان کرد.

ئەم خۆپیشاندا لەدوای ئەوەدێت، کە ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران دانی نا بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکەدا، کە سێ ڕۆژ لەمەوپێش خرایە خوارەوە و لە ئەنجامدا ١٧٦ کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە راستەوخۆ دوای رووداوەکە، بەرپرسانی رژێمی ئێران رایانگەیاندبوو، فڕۆکەکە بە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە بەشی ماتۆڕی فڕۆکەکەدا کەوتووەتە خوارەوەو ئامادەش نەبوون، سندووقە رەشەکە رادەستی حکومەتی ئۆکرانیا بکەن. بەڵام دوای ئەوەی هەر دوو وڵاتی کەنەدا و ئۆکرانیا بڕیاریاندا بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە، تیمی خۆیان بنێرن بۆ ئێران، بەرپرسانی رژێمی ئێران ناچار بوون راستی رووداوەکە ئاشکرا بکەن.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانیش لەم بارەیەوە وتی، هێزە سەربازییەکانیان بە هەڵە فڕۆکەکەیان خستووەتە خوارەوە، دڵنیاییشی دابووە حکومەتی ئۆکرانیا کە بەرپرسانی رووداوەکە سزا دەدەن.

ز.ش